سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی بەڕازیل کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و هێرشدەکاتە سەر هەموولایەک
یەکێتیی تۆپی پێی بەڕازیل: بەرامبەر پۆلیس، ناوبژیوان و تۆپهێنەرە یاریمان کردووە

یاریگا –
دۆڕانی هەڵبژاردەی بەڕازیل بە هەڵبژاردەی بۆلیڤیا، کاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا هێناوە.
هەرچەندە بەڕازیل پێشتر گەیشتنی بە مۆندیالی 2026 یەکلاییکردبووەوە، بەڵام دۆڕانی یارییەکەی بۆلیڤیا، شەقامی وەرزشی تووڕە کردووە. جیا لە دۆڕاندنی یارییەکە، بەڕازیل ئاستێکی خراپی لە یارییەکەدا پێشکەشکرد.
سەمیر زوود، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی بەڕازیل، رەخنەی توندی لە شوێنی بەڕێوەچوونی یارییەکە گرت، چونکە لە شوێنێکی بەرز بەڕێوەچوو و لە ناوبژیوانیش تووڕەبوون.
سەمیر زوود لەدوای یارییەکە قسەی بۆ TNT Sport کرد؛
بەڕاستی ئەمڕۆ بێسەروبەرییەکی زۆر هەبوو، ئێمە پێشبینی ئەم جۆرە یارییە لە کیشوەری ئەمریکای باشوور ناکەین. دەمانەوێت تۆپی پێ لێرە فراوان بکەین، بەڵام بەمجۆرە هەڵسوکەوت و شێوازە، بە تایبەت لەم شوێنە بەرزە، زۆر ئەستەمە تۆپی پێ بکرێت.
بەڕازیل بەرامبەر 14 یاریزان یارییدەکرد، هیوادارم یەکێتیی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور، رێکاری گونجاو لە دژی پێشێلکارییەکان بنێت، ناکرێت ئەمجۆرە شتانە رووبدەن، بەڕاستی شتی زۆر بێمانان.
ئەوەی ئەمڕۆ روویدا، رووداوێکی ناخۆش و نیگەرانکەرە بۆ تۆپی پێ، چونکە یارییەکی زۆر خراپمان بینی. تەنانەت 4000 هەزار لە ئاستی رووی دەریا بەرزبووین و بەرامبەر ناوبژیوان و پۆلیس و هێنەرەوەی تۆپ یاریمان کرد.
رێژەی بردنەوەی بەڕازیل لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 بریتییە لە 52%، ئەمەش خراپترین ریکۆردی مێژووی بەڕازیلە.
سامبا تاوەکو ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی داهاتوو هیچ یارییەک ناکاتەوە. بڕیارە مانگی داهاتوو دوو یاریی دۆستانە بەرامبەر کۆریای باشوور و ژاپۆن بکات.