
یاریگا –
سەرۆکی یانەی دهۆک بەیاننامەیەکی لەبارەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی یاریی کلاسیکۆی کوردستان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بڵاوکردووەتەوە، کە گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان هاندەران و پیاوانی پۆلیس روویدا.
عەبدوڵا جەلال سەرۆکی یانەی دهۆک لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک بەیاننامەکەی یانەی دهۆکی بڵاوکردووەتەوە کە بەیاننامەکە لە هەشت خاڵ پێک دێت و لە گرنگترین بەشیدا، سەرۆکی یانەی دهۆک رایگەیاندووە سکاڵای یاسایی لەسەر پیاوانی پۆلیسی ناو یاریگا تۆمار دەکەن و داواش لە هاندەرانی یانەکەیان دەکات چیدیکە کورسی نەشکێنن.
یانەی دهۆک داوای لە هاندەرانی یانەکەی کردووە رێگری لەو چەند هاندەرە بکەن کە ناوبانگی دهۆکییەکان بە شکاندنی کورسییەکانی ناو یاریگا دەشێوێنن، دووپاتیشیکردووەتەوە لە لایەنی پەیوەندیدار لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو هێزە ئەمنیانە دەکرێت کە لە یاریگای فڕانسۆ هەریری پەلاماری یاریزانەکانی دهۆکیان داوە.
عەبدوڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک: دەبێت هەڵوەستە لەسەر دیاردەی شکاندنی کورسییەکانی یاریگا بکەین، پێکەوە رێگری لەم دیاردە ناشرینە بکەین و نەهێڵین چەند کەسێک ناوبانگی جوامێری دهۆکییەکان بشێوێنن.
سەرۆکی یانەی دهۆک راشیگەیاندووە، سکاڵای یاسایی لەسەر سالم عامر ناوبژیوانی یاریی کلاسیکۆی کوردستان تۆمار دەکەن و بە هۆکاری تێکدانی یارییەکەی داناوە و دووپاتیکردووەتەوە پێشتر لە مانگی فێبرایەریش لە بەیاننامەیەکیاندا ئەو ناوبژیوانەیان بە ستەمکردن لە یانەی دهۆک تۆمەتبارکردبوو، داوای رێکاری یاساییان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق کردبوو.
سەرۆکی یانەی دهۆک داوا لە هاندەرانی یانەکەی دەکات دان بەخۆیاندا بگرن و دۆڕان و بردنەوە قبوڵ بکەن و گیانی وەرزشی بپارێزن، لە هەمان کاتیشدا دووپاتی دەکاتەوە هێشتا جامی عێراقیان ماوە و ئەوان لە قۆناخی چارەکی کۆتاییدان.
عەبدوڵا جەلال بەڵێن بە هاندەرانی یانەکەشی دەدات بۆ وەرزی داهاتوو گرێبەستی نوێ بکەن و یاریزانی نوێ بگوازنەوە ریزەکانیان و دڵنیاییشی داوەتە هاندەران کە دەزانن کەموکوڕی و هەڵەکانیان لەکوێیە و چۆن دوای کۆتایی وەرز چارەسەریان دەکەن.