هەموو شتێک بزانە؛ فلۆریان ڤیرتز کەی دەگاتە لیڤەرپوول؟
کاتی واژۆکردنی گرێبەستەکەیە..

یاریگا –
ئەمڕۆ فلۆریان ڤیرتز، هێرشبەری ئەڵمانی گەشتی لیڤەرپوول دەکات و گرێبەستەکەی لەگەڵ رێدز واژۆ دەکات.
تۆڕی سکای سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، ئەم ئێوارەیە فلۆریان ڤیرتز گەشتی لیڤەرپوول دەکات، سبەی هەینی پشکنینی پزیشکی بۆ دەکرێت و پاشان واژۆ لەسەر پەڕاوەکانی گرێبەستەکەی دەکات.
یاریزانە ئەڵمانییەكە بۆ ماوەی پێنج ساڵ تاوەكو 2030 بە بەهای 100 ملیۆن پاوەند و 16 ملیۆن گۆڕانكاری پەیوەندی بە یانە ئینگلیزیەكەوە دەكات، فلۆریان ڤیرتز دەبێتە گرانبەهاترین فرۆشتن لە مێژووی بۆندسلیگا هەروەها گرانترین گرێبەستی مێژووی لیڤەرپوول و پرێمەرلیگیش دەبێت.

هەر بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، مووچەی هەفتانەی ڤیرتز لە لیڤەرپوول 195 هەزار پاوەند دەبێت، بە پاداشتەوە دەکرێت مووچەی هەفتانەی بگاتە 245 هەزار پاوەند.
هاوکات بەگوێرەی مەرجێکی گرێبەستەکە دایک و باوکی فلۆریان بڕی 8.6 ملیۆن پاوەند وەک پاداشت وەردەگرن.
سکای ئاماژەی بەوەش کردووە، ڤیرتز تەنیا لیڤەرپوولی دەویست، بەهۆی پارە ئەو بڕیارەی نەداوە، بەڵکو بەهۆی تاکتیکەکانی ئاڕنە سڵۆت بڕیاریداوە پەیوەندی بە رێدز بکات.
ڤیرتز لە ساڵی 2020 لە کۆڵنەوە پەیوەندی بە لیڤەرکوزن کرد، رۆڵێکی سەرەکی لە بردنەوەی نازناوی بۆندسلیگای وەرزی 2023-24 گێڕا و خەڵاتی باشترین یاریزانی خوولەکەی بەدەستهێنا.
وەرزی رابردوو ڤیرتز لەگەڵ بایەر لیڤەركوزن 45 یاریی كرد و توانی 16 گۆڵ بكات و 15 گۆڵیش درووست بكات.
بۆمبی مێرکاتۆ؛ هەینی یەکێک لە گرانبەهاترین یاریزانەکانی مێژوو دەگاتە ئینگلتەرا