ئاسیاعێراقگرنگترینمۆندیالمۆندیالی 2026

پریڤیوی یاریی عێراق V کۆریای باشوور؛ دوا هەواڵ و پێكهاتەی پێشبینیكراو

پێکهاتەی پێشبینیکراو، دوا هەواڵ، ئەوەی پێویستە لەسەر یارییەکە بیزانیت

Yariga App

یاریگا –

ئەمشەو کاتژمێر 09:15 لە قۆناخی سێیەمی پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 عێراق لە یاریگای نێودەوڵەتی بەسرە میوانداریی کۆریای باشوور دەکات، کە هەردوو هەڵبژاردە لە کۆمەڵەی سێیەم هیوای گەیشتنیان بە مۆندیال هەیە.

پێش ئەم یارییە کۆریای باشوور بە کۆکردنەوەی 16 خاڵ پێشەنگی کۆمەڵەی دووەمی گرتووە و عێراقیش بە 12 خاڵ سێیەمە و ئوردن بە 13 خاڵ دووەمی کۆمەڵەکەیە.

ئەیمەن حوسێن بێبەش دەبێت و شەش یاریزانیش مەترسی بێبەشبوونیان لەسەرە

ئەیمەن حوسێن بەهۆی کارتی رەنگاوڕەنگەوە لە یارییەکەی ئەمشەو بەرامبەر کۆریای باشوور ئامادە نابێت، شەش یاریزانی عێراقیش لەم یارییە کارت وەربگرن هەفتەی داهاتوو ناتوانن لە یاریی بەرامبەر ئوردن ئامادەبن، بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیاکانی عێراق پێشبینی دەکرێت عەلی حەمادی هێرشبەری ستۆک سیتی لەم یارییە شوێنی ئەیمەن حوسێن بگرێتەوە.

هەریەکە لە عەلی فائیز، حوسێن عەلی، موهەنەد عەلی، ئەمیر عەماری، ئاکام هاشم و یوسف ئەمین لە یاریی کۆریای باشوور کارتی زەرد وەربگرن لە یاریی داهاتوو بەرامبەر ئوردن بێبەش دەبن.

راهێنەری عێراق: 180 خولەک لە مۆندیال دوورین

گراهام ئارنۆڵد راهێنەری ئوسترالی هەڵبژاردەی عێراق لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە گوتی :’ئێمە تەنیا 180 خولەک لە گەیشتن بە مۆندیال دوورین، بۆیە پێویستە هەرچی لە تواناماندا هەیە بیکەین بۆ ئەوەی ئەو دوو یارییەمان ببەینەوە’.

گراهام ئارنۆڵد گوتیشی :’ئێمە دەمێکە سەیری یارییەکانی کۆریای باشوور دەکەینەوە و خوێندنەوەمان بۆ هەڵبژاردەکە کردووە، بەڕاستی هەڵبژاردەیەکی بەهێزە، بەڵام ئێمە بۆ بردنەوە یاریی دەکەین’.

لەلایەکی دیکە، جەلال حەسەن گۆڵپارێز و کاپتنی عێراق لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی کۆریای باشوور گوتی :’ئێمە پشتمان بە هاندەرانمان ئەستوورە و لەو یارییە 12 یاریزانی عێراق بەرامبەر 11 یاریزانی کۆری یاریی دەکەن، چونکە هاندەرانمان یاریزانی ژمارە 12ـی ئێمەن’.

ئەمڕۆ لە بەسرە پشووە و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش ئامادەی یارییەکە دەبێت

پارێزگاری بەسرە بەهۆی یارییەکەی عێراق بڕیاریداوە ئەمڕۆ لە بەسرە پشووی فەرمی بێت، چونکە دەیان هەزار هاندەر لە شارەکانی عێراقەوە بۆ ئەم یارییە روویان لە بەسرە کردووە.

میدیاکانی عێراق رایانگەیاندووە، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق پێش یارییەکە چاوی بە یاریزانانی عێراق دەکەوێت و قسەیان لەگەڵ دەکات، بۆ ئەوەی بە ورەبەرزییەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی یارییەکەی کۆریای باشوور ئامادەبن.

عێراق چۆن دەگاتە مۆندیالی 2026؟

مۆندیالی 2026 بۆیەکەمجار بە بەشداریی 48 هەڵبژاردە لە ئەمریکا و مەکسیک و کەنەدا بەڕێوە دەچێت، بۆیە ژمارەی کورسییەکانی هەر کیشوەرێک زیادی کردووە، پێشتر کیشوەری ئاسیا چوار بلیت و نیوی هەبوو، بەڵام بۆ مۆندیالی داهاتوو هەڵبژاردەکانی ئاسیا هەشت بلیت و نیویان دەبێت، واتە چانسی هەڵبژاردەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیال دوو هێندە زیادی کردووە.

لە سێ کۆمەڵەکەی قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026، پلەی یەکەم و دووەمی هەر کۆمەڵەیەک راستەوخۆ دەگەنە مۆندیال، بەڵام ئەگەر عێراق ئەو دوو پلەیەشی لە کۆمەڵەکەی بەدەست نەهێنا، هێشتا هیوابڕاو نابێت و دوو چانسی دیکەی دەمێنێت.

لە کۆمەڵەی دووەمی قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026، عێراق بە کۆکردنەوەی 12 خاڵ لەدواوەی ئوردنی دووەم (13 خاڵ) دێت، کۆریای باشووریش بە 16 خاڵ پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی گرتووە، عێراق لە کۆمەڵەکەی دوو یاریی بەرامبەر کۆریای باشوور و ئوردن ماوە، هەردوو یارییەکەی بباتەوە راستەوخۆ دەگاتە مۆندیال.

عێراق لە بەسرە میوانداریی کۆریای باشوور دەکات، دواتر رۆژی سێشەممەی داهاتوو دەبێتە میوانی ئوردن، ئەگەر شێرەکانی رافیدەین ئەو دوو یارییە ببەنەوە راستەوخۆ بەبێ ئاوڕدانەوە لە ئەنجامی یارییەکانی دیکە بلیتێکی مۆندیال بەدەست دەهێنن.

ئەیمار شێر کێیە؟ ئەو کوڕە کوردەی ئیبراهیمۆڤیچ پێی سەرسامە و بۆیەکەمجار بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کرا

عێراق لە مێژوودا تەنیا جارێک گەیشتووەتە مۆندیال

عێراق لە مێژوودا تەنیا جارێک گەیشتووەتە مۆندیال ئەویش لە مۆندیالی 1986 بوو، ئەحمەد رازی و هاوڕێیەکانی توانیان لە پاڵاوتنەکان بلیتێکی مۆندیالەکەی مەکسیک بەدەست بهێنن و بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بەشداریی مۆندیالیان کرد.

عێراق لەو مۆندیالە لەکۆی سێ یاری نەیتوانی هیچ یەکسان و بردنەوەیەک بەدەست بهێنێت و هەر سێ یارییەکەی بەرامبەر مەکسیک و پاراگوای و بەلجیکا دۆڕاند و چوار گۆڵی لێکرا و تەنیا گۆڵێکی کرد، ئەو گۆڵە مێژووییەش لەلایەن ئەحمەد رازی لە خولەکی 59 لە یاریی بەرامبەر بەلجیکا تۆمارکرا.

بابەتی زیاتر

Back to top button