ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

چۆن ئانچێلۆتی ماڵئاواییکرد؛ گریانی پێرێز و قسەکردن لەگەڵ ئاڵۆنسۆ

تۆڕی ئاتلێتیک دیوی شاراوەی دوا رۆژی کارلۆ لە ریال مەدرید ئاشکرا دەکات

Yariga App

یاریگا و ئاتلێتیک –

لە رۆژی ماڵئاواییدا، هاوشێوەی ساتی بردنەوەی نازناوەکان، کارلۆ ئانچێلۆتی لە ناوەڕاستی سانتیاگۆ بێرنابیۆ وەستا و دەستیدایە مایکرۆفۆن، کەمێک وەستا و قسەی بۆ هاندەران کرد.

دوای ئەوەی لە دوو کاتی جیاوازدا بۆ ماوەی شەش ساڵ راهێنەرایەتی ریال مەدریدی کرد و 15 نازناوی بردەوە، کارلۆ بووە سەرکەوتووترین راهێنەر لە مێژووی یانە مەدریدییەکەدا.

کارلۆ بە دڵێکی پڕ لە سۆزەوە بەمشێوەیە قسەی بۆ هاندەران کرد؛

شتێکی زۆر ناوازەبوو، ئەم هەموو رووداوەم لەگەڵ ئێوە بەشکرد، چەندین چیرۆکی لەبیرنەکراومان هەیە، چونکە هیچ کەسێک سێ گۆڵەکەی کەریم بێنزێما لە بەرامبەر پاریس سانجێرمان لەیاد ناکات، کەس دوو گۆڵەکەی رۆدریگۆ بەرامبەر مانچێستەر سیتی لەیاد ناکات، کەس پاسەکەی لوکا مۆدریچ لە یارییەکەی مانچێستەر سیتی لەبیر ناکات، ئەی دوو گۆلەکەی خۆسێلو لە بەرامبەر بایرن میونشن!

لەکاتەی کارلۆ باسی گەڕانەوەی یارییە گەورەکانی ریال مەدریدی لە چامپیۆنزلیگ دەکرد، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەکە بە دڵێکی پڕەوە لە شوێنی دانیشتنی خۆی چاوی پڕ لە فرمێسک بوو و گوێی لە قسەکانی کارلۆ دەگرت.

وێنە گەورەکە زۆر شتی دیکەی روونکردەوە، چونکە هەستی راستەقینەی بۆ بوونی گۆڕانکاری بنچینەیی لە یانەکەدا دووپاتکردەوە، چونکە رووداوەکە هەرگیز ئاسایی نییە.

ریال مەدرید دوا یاریی ئەم وەرزەی لالیگا بە دوو گۆڵی کیلیان ئێمباپێ لە ریال سۆسیداد بردەوە. سەرنجی هاندەران هەرگیز لەسەر ئەنجامی یارییەکە نەبوو، بەڵکو هزریان لای ساتی ماڵئاواییکردن بوو لە لوکا مۆدریچ، لوکاس ڤازکێز و کارلیتۆ.

لە 12ی مایس/ئایار، یەکێتیی تۆپی پێی بەڕازیل رێککەوتنی لەگەڵ کارلۆ ئانچێلۆتی بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی بەڕازیل پشتڕاستکردەوە، لەوساتەوە ئەو گرژییانەی لە یانەکەدا هەبوون، وردە وردە لە بێرنابیۆ دوورکەوتنەوە، چونکە مەدرید وەرزێکی بێ نازناوی بەڕێکردبوو و هاندەران بیرۆکەکەیان پەسند نەدەکرد.

ریال مەدرید وەرزێکی قورسی بەڕێکرد، چەندین کێشەی وەکو پێکانی یاریزانان و بێبەشبوونی لە ئەستێرەکان گوزەرکرد، بەڵام ئەوەی لە هزری هاندەراندا دەمێنێتەوە، ریال مەدرید وەرزەکەی بەبێ نازناوەکانی؛ جامی شا، لالیگا و چامپیۆنزلیگ تەواو کرد.

بۆ گۆڕینی هاوکێشەکان، ریال مەدرید زوو لەگەڵ چابی ئاڵۆنسۆ رێککەوت و هەمووان چاوەڕێی دەستپێکێکی نوێ لە یانە شاهانەکە دەکەن، تەنانەت پێیان وایە ئەمە ساتی گۆڕینی ستایڵی یانەکەیە.

سێ رۆژ بەر لە دوا یاریی ریال مەدرید لە لالیگا بەرامبەر ریال سۆسیداد، مەدرید نامەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی رادەستی ستافی راهێنەرایەتیکرد، بەڵام پێشتر لەسەر هەموو وردەکارییەک رێککەوتبوون.

تۆڕی ئاتلێتیک بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی نێو یانە شاهانەکە روونیکردووەتەوە، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا و دوای یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی لە یانەکە، ئانچێلۆتی زۆر ئارام و بێدەنگ بوو، هیچ تێبینییەک لەسەر هەڵسوکەوتی نەبوو.

شتێکی روونبوو، ئانچێلۆتی دەیەویست بە باشترین و جوانترین شێوە لە ریال مەدرید جیاببێتەوە، هەینی رابردوو بە هەستێکی پڕ لە سۆز، لەگەڵ دەستەی راهێنەران کۆبووەوە و لە یارییەکەی دوێنێ، بەشێک لە ئەندامانی یانەکە گریان!.

لە چەند رۆژی رابردوودا، ئانچێلۆتی و تیمەکەی چەندین کۆبوونەوەیان لەبارەی پلانەکانی داهاتوو لە بەڕازیل کرد، پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ یەکشەممە لەگەڵ ستافەکەی بچنە بەڕازیل و کارەکانیان دەستپێبکەن.

گومانێکی زۆر لەسەر بەردەوامبوونی داڤیدێ ئانچێلۆتی و فرانچێسکۆ ماوری لە ستافەکەی ئانچێلۆتی هەبوو، چونکە دەرفەتی راهێنەرایەتیکردنی رەینجەرزی سکۆتلاندییان بۆ هاتبووە پێش، بەڵام پێدەچێت هەردووکیان لەگەڵ کارلیتۆ بەردەوام بن.

بەر لەدەستپێکردنی یارییەکە، ریال مەدرید بانەری گەورەی لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ نمایش دەکرد و لەسەریان نووسرابوو ”سوپاس ئەفسانە، سوپاس کارلیتۆ”.

کاریگەری کەشی یارییەکە و مامەڵەی پڕسۆزی ریال مەدرید تەواو بە کارلۆ و کوڕەکەی دیاربوو، زۆربەی کاتەکان هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی هەستاکنیاندەدا تاوەکو لە بەردەم کامێراکان فرمێسک نەڕێژن.

لە خوولەکی 12 و 67 چرکەدا، هاندەران بە دەنگێکی بەرز هاواریان کرد؛

کارلیتۆ، کارلیتۆ کارلۆۆ ئانچێلۆتی، لۆلۆلۆلۆلۆلۆ.

کارلۆ دەستبەجێ هەڵسایەوە سەر پێ و دەستی و وەکو رێزێک دەستی بۆ هاندەران بەرزکردەوە.

لە خوولەکی 87دا، مۆدریچ یاریگای لە نێو کەشێکی ناوازە و چەپڵەڕێزان جێهێشت، تەنانەت یارییەکە بۆ چەند ساتێک وەستا و ئەوکاتە ئانچێلۆتی زیاتر کەوتە ژێر کاریگەری سۆزی هاندەران.

دوای فیکەی کۆتایی یارییەکە، ریال مەدرید فیلمێکی کورتی لەبارەی کاروانی ئانچێلۆتی لە مەدرید نمایشکرد و گۆرانی بەناوبانگی جۆڤانۆتی، هونەرمەندی گەورەی ئیتاڵی لە باکگراوند پلەی کرابوو.

ساتی ماڵئاوایی لوکا مۆدریچ و کارلۆ ئانچێلۆتی لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ – 24ی مایس 2025

ئانچێلۆتی لەسەر چیمەنی یاریگاکە بەمشێوەیە قسەی بۆ هاندەران کرد؛

بەلای منەوە گریان کێشە نییە، زۆر بە دڵخۆشییەوە ئێرە جێدەهێڵم.

دوای تەواوبوونی یارییەکە، کارلۆ بەشداری پرێس کۆنفڕانسی یارییەکەی نەکرد و پێشبینی دەکرێت، لالیگا یانە مەدریدییەکە سزابدات.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری یانەکە، ئانچێلۆتی قسەی لەگەڵ چابی ئاڵۆنسۆ، راهێنەری داهاتووی ریال مەدرید کردووە و چەندین وردەکاری ئەم وەرزەی لەگەڵ ئاڵۆنسۆ باسکردووە.

پێشبینی دەکرێت سبەی دووشەممە، ئاڵۆنسۆ بگاتە ڤالدێبێباس و دوای واژۆکردنی گرێبەستەکەی، بە میدیاکان بناسرێت و دەستبەجێ ئامادەکارییەکانی مۆندیالی یانەکان دەستپێبکات.

دوای ناساندنی ئاڵۆنسۆ، ریال مەدرید دین هاوسن دەناسێنێت و هەوڵەکانی بۆ تەواوکردنی گواستنەوەی ئالڤارۆ کارێراس، بەرگریکاری باڵی چەپی بێنفیکاش چڕدەکاتەوە، هەروەها کەیسی بەشداریکردنی ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵد لە مۆندیالی یانەکان یەکلاییدەکرێتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button