فلۆریان ڤیرتز تا سەری مانگ یانەی داهاتووی خۆی یەکلا دەکاتەوە

یاریگا –
بایرن میونشن لەم هاوینە رکابەرێکی دیکەی بۆ پەیدا بووە و لیڤەرپوولیش بە جددی بۆ گواستنەوەی فلۆریان فیرتز هاتووەتە سەر هێڵ، باڤارییەکان و سوورپۆشەکان ململانێ لەسەر گواستنەوەی یاریزانە لاوەکەی بایەر لیڤەرکوزن دەکەن.
رۆژنامەی کیکەرـی ئەڵمانی ئاشکرایکردووە، فلۆریان ڤیرتز لە ماوەی 10 رۆژی داهاتوو واتە تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە بڕیاری کۆتایی خۆی دەدات و یانەی داهاتووی دەستنیشان دەکات، کە مانچێستەر سیتی لە کێبڕکێیەکە کشاوەتەوە و لیڤەرپوول و بایرن میونشنیش بە جددی لەسەر هێڵن.
رۆژنامە ئەڵمانییەکە ئاشکرایکردووە، بەرپرسانی بایرن میونشن لەوە دڵنیان ریال مەدرید هەوڵی گواستنەوەی ڤیرتز نادات، بەڵام دەترسن لیڤەرپوول ئەو یاریزانە 22 ساڵانەیان لە چنگ بڕفێنێت، کە ماوەیەکی زۆرە بایرن میونشن وەکو یانەی وەرزی داهاتووی ڤیرتز ناو دەبرێت، بەڵام رێدز خەریکە هەموو شتێک لە باڤارییەکان تێک دەدات.
بایەر لیڤەرکوزن لە بەرامبەر دەستبەرداربوونی لە ڤیرتز داوای 150 ملیۆن یۆرۆ دەکاتکە ئێستا ئەو یاریزانە ئەڵمانییە لە بۆرسەی یاریزانان بەهایەکەی 140 ملیۆن یۆرۆیە و تاوەکو هاوینی 2027 گرێبەستی لەگەڵ یانەکەی ماوە، کە ساڵی 2022 گرێبەستەکەی لەگەڵ لیڤەرکوزن نوێکردەوە.
ڤیرتز لەم وەرزە لەگەڵ بایەر لیڤەرکوزن لە 45 یاری 16 گۆڵ و 15 ئەسیستی کردووە، لەوەتەی ساڵی 2021 بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا کراوە و لە 21 یاریی نێودەوڵەتی خاوەنی 6 گۆڵە بە درێسی مانشافت.