وادەی گواستنەوەی کارێراس بۆ ریال مەدرید ئاشکرا دەکرێت
رۆژنامەی ئاس زانیاری نوێ لەسەر گواستنەوەی کارێراس و هۆکاری قازانجی مان یونایتد ئاشکرا دەکات

یاریگا –
دوای تەواوکردنی گواستنەوەی دین هاوسن، ئێستا سەرنجی تەواوی ریال مەدرید لەسەر ئالڤارۆ کارێراس، بەرگریکاری باڵی چەپی بێنفیکایە.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، تەواوکردنی وردەکارییەکانی گواستنەوەی کارێراس نزیکە و خەریکە گفتوگۆی نێوان ریال مەدرید و بێنفیکا لەسەر گواستنەوەکە دەگاتە خاڵی کۆتایی.
بەهای گواستنەوەی کارێراس لە نێوان 40 بۆ 50 ملیۆن یۆرۆیە و بەشێکی پارەکە دەدرێتە مانچێستەر یونایتد، چونکە بەگوێرەی گرێبەستی نێوان بێنفیکا و مان یونایتد، یانە ئینگلیزییەکە بڕگەی کڕینەوەی کارێراسی جێگیر کردووە و لە ئەگەری فرۆشتنی بە هەر یانەیەکی دیکە، بڕێک پارەی پێدەدرێت.
بێنفیکا یەکلاییکردووەتەوە، ئامادەنییە بە کەمتر لە 40 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری کارێراس ببێت، پێشتر یانە پۆرتوگالییەکە بەرگریکارەکەی تەنیا بە شەش ملیۆن یۆرۆ گواستووەتەوە.
لە ئەگەری سەرگرتنی گواستنەوەکە، مانچێستەر یونایتد بڕی 18 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت.
رۆژنامەکە دووپاتیدەکاتەوە، چابی ئاڵۆنسۆ رەزامەندی لەسەر گواستنەوەی کارێراس داوە و پێی وایە لەگەڵ هاوسن گۆڕانکاری گەورە لە هێڵی بەرگری دروستدەکەن.
رێکەوتنی نێوان ریال مەدرید و بێنفیکا لەبارەی کارێراس زۆر نزیکە و لەوانەیە دوای یاریی کۆتایی جامی پۆرتوگال (یەکشەممە)، گواستنەوەکە رابگەیێندرێت، هەرچەندە بێنفیکا دەیەوێت بۆ مۆندیالی یانەکان پارێزگاری لە تواناکانی بکات.
⚽ El Madrid estrecha el cerco en torno al lateral del Benfica, que costará entre 40 y 50 millones, de los que 18 serán para el United. https://t.co/5dZ5uohG0x
— AS Fútbol (@AS_Futbol) May 20, 2025
کارێراس دەبێتە سێیەم گواستنەوەی ریال مەدرید لە دوای تەواوبوونی وەرزە بێ نازناوەکە، دوای هەریەکە لە ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵد لە لیڤەرپوول و دین هاوسن لە بۆرنمس.
گرێبەستی ئێستای کارێراس لە هاوینی ساڵی 2027 لە بێنفیکا بەسەردەچێت و هاوینی رابردوو گرێبەستەکەی نوێکردووەتەوە.