ئینگلتەراراپۆرتی تایبەتگرنگترین

کۆتا زنجیرە؛ بۆچی ئارنۆڵد لیڤەرپوولی جێهێشت؟ چۆن یانەکەی ئاگادارکردووەتەوە؟

نهێنی و وردەکاری گواستنەوەی ئارنۆڵد و چۆنیەتی رێککەوتنی لەگەڵ مەدرید ئاشکرا دەکرێت

Yariga App

یاریگا و ئاتلێتیک –

لە کۆتاییدا، ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵد، ئەستێرەی لیڤەرپوول بڕیاری وازهێنانی لە پاڵەوانی ئینگلتەرا ئاشکراکرد. ئارنۆڵد دەمێکە بڕیاری خۆیداوە و ویستی رووبەڕوو بڕیارەکەی بە ئارنە سڵۆت، راهێنەری لیڤەرپوول بگەیەنێت.

لە کۆتاییەکانی مارس/ئاداری رابردوودا، کاتێک پشووی فیفا بوو و ئارنۆڵد بەهۆی پێکان بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا نەکرابوو، ئارنۆڵد و سڵۆت لە نووسینگەی راهێنەرە هۆڵەندییەکە کۆبوونەوە.

وردەکاری کۆبوونەوەکە بەمشێوەیەبوو؛ ئارنۆڵد بە سڵۆت گوت؛ بڕیاری جێهێشتنی لیڤەرپوولی لە کۆتایی ئەم وەرزە داوە و دەیەوێت قۆناخ و ئاڵنگارییەکی نوێ لە کاروانی وەرزشیدا دەستپێبکات.

هەرچەندە سڵۆت بە نیگەرانییەوە بابەتەکەی قبووڵکرد، بەڵام بە ئارنۆڵدی گوت؛ رێز لە بڕیارەکەت دەگرم و تۆ بەشێکی گەورەی ئەم تیپەی، با پێکەوە بەباشی کۆتایی پێبهێنین.

هەرچەندە سەرەتا بیروبۆچوونەکان بە شێوەیەکبوون، ئیتر دوای چاکبوونەوەشی لە پێکانەکەی، بەشداری هیچ یارییەکی ئەم وەرزە نەکات، بەڵام دوای نزیکبوونەوەی لیڤەرپوول لە بردنەوەی نازناوی پرێمەرلیگ، ئارنۆڵد پەیامی بۆ دەستەی کارگێڕی و راهێنەر نارد و پابەندی پیشەیی خۆی بە پێشکەشکردنی هەموو توانایەکی بە یانەکە دووپاتکردەوە.

دوای کۆبوونەوەکەی سڵۆت، نوێنەری ئارنۆڵد لەگەڵ ریچارد هیوز، بەڕێوەبەری وەرزشی یانەکە کۆبووەوە و بڕیاری ترێنتی بە نوێ نەکردنەوەی گرێبەستەکەی لە ئانفیڵد پێراگەیاند.

پێشتر گفتوگۆی چڕ لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستی ئارنۆڵد کرابوو، دوای تەواوبوونی گفتوگۆکان، کاتێکی تەواو بە ئارنۆڵد درا تاوەکو دوا بڕیاری خۆی بدات، بەڵام ئارنۆڵد بڕیاری خۆیدابوو و دەیویست بڕیارەکە بە نهێنی بمێنێتەوە، تاوەکو نازناوەکە یەکلاییدەکەنەوە، بۆ ئەوەی سەرنج تیمەکە و هاندەران نەشێوێنێت.

ئارنۆڵد لە تەمەنی شەش ساڵیدا لەگەڵ لیڤەرپوول کاروانی خەونەکانی دەستپێکرد و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 350 یاریی بۆ رێدز کردووە. خاوەنی دوو پرێمەرلیگ، جامی یەکێتیی ئینگتەرا، دوو جامی کاراباو، جامی سوپەری ئەوروپا، مۆندیالی یانەکانە.

تۆڕی ئاتلێتیک لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کەیسی ئارنۆڵد، کۆمەڵێک نهێنی ئاشکراکردووە.

کەی لیڤەرپوول درکی بە رۆیشتنی ئارنۆڵد کرد؟

پێشتر ئارنۆڵد سێجار گرێبەستی لە ساڵەکانی 2017، 2019 و 2021 لە لیڤەرپوول نوێکردەوە و بەردەوام پاداشت و مووچەی بەرزکراوەتەوە.

پێشبینی دەکرا لە سەرەتای وەرزی 2023-24 لیڤەرپوول بە فەرمی گفتوگۆکانی نوێکردنەوەی گرێبەست لەگەڵ ئارنۆڵد دەستپێبکات، بەڵام بە هۆکارێکی نادیار، هیچ گفتوگۆییەک نەکرا.

چەندین گۆڕانکاری گەورە لە پەیکەربەندی لیڤەرپوول روویاندا، لەوانە رۆیشتنی جولیان وارد لە پۆستی بەڕێوەبەری وەرزشی، هەرچەندە تەنیا یەک ساڵ بوو لە شوێنی مایکڵ ئێدواردس دەستبەکارببوو، لیڤەرپوول ناچاربوو بە کاتی یۆرگ شماتکە، بکاتە بەڕێوەبەری وەرزشی و ئەمەش کاریگەری لەسەر رێڕەوی نوێکردنەوەی گرێبەستەکان دروستکرد.

لە نۆڤێمبەر/تشرینی دووەمی ساڵی 2023 هەموو هاوکێشەکان گۆڕان، کاتێک یورگن کڵۆپ بە جۆن هێنری، سەرۆکی کۆمپانیای سپۆرتس فێنوەی گروپ و مایکڵ گۆردن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لیڤەرپوولی راگەیاند؛ ئیتر تاقەتم بڕا و لە کۆتایی وەرز واز دەهێنم.

کڵۆپ دوو مانگ دوای ئاگادارکردنەوەی یانەکەی لە بڕیارەکەی، ئینجا هەڵوێستی فەرمی خۆی لە میدیاکان ئاشکراکرد، ئینجا دوودڵی لە نێو یاریزانان پەیدابوو، چونکە نەیاندەزانی کێ شوێنی دەگرێتەوە و چارەنووسیان لە یانەکەدا چیدەبێت.

لەگەڵ یەکلاییکردنەوەی کەیسی راهێنەر و نوێکردنەوەی پەیکەربەندی یانەکە، لە مانگی ئەپریل/نیسانی ساڵی 2024، لیڤەرپوول بڕیاری دەستپێکردنی گفتوگۆکانی نوێکردنەوەی گرێبەستی لەگەڵ ئارنۆڵد دا، سەرەتا ئەستێرەی ئینگلیزییەکە لە دۆخی لیڤەرپوول و هۆکاری دواکەوتنی دەستپێکردنی گفتوگۆکان تێگەیشت، بەڵام لە دەستپێکی وەرزی 2024-25 بیرۆکەی جێهێشتنی لیڤەرپوولی لەلا دروستبوو، لێرەوە هەموو هاوکێشەکە گۆڕا.

پێشتر ریال مەدرید چاودێری ئارنۆڵدی کردبوو، بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنەکان، بە فەرمی پرسیاری دۆخی یاریزانەکەی لە لیڤەرپوول کرد، بەڵام یانە سوورپۆشەکە زۆر حەزی بە مانەوەی ئارنۆڵد دەکرد.

مەترسییەکانی لیڤەرپوول کاتێک زیادبوون، دوای ئەوەی ئارنۆڵد ئۆفەرە یەک لەدوای یەکەکانی یانەکەی رەتدەکردەوە، تەنانەت ترێنتیان کردە خاوەن بەرزترین مووچەی باڵی راست لەسەر ئاستی پرێمەرلیگ و جیهان، بەڵام ئارنۆڵد ئەوکاتە بڕیاری خۆیدابوو.

ریال مەدرید لە 30ی یەنایەر/کانوونی دووەمی ئەمساڵ، ئۆفەرێکی فەرمی بۆ گواستنەوەی ئارنۆڵد خستەڕوو، بەڵام دەستبەجێ لیڤەرپوول ئۆفەرەکەی رەتکردەوە.

رۆژنامەی ئاس ئەوکاتە روونیکردبووەوە، ریال مەدرید ئامادەبوو بڕی 20 ملیۆن پاوەند بۆ گواستنەوەی خەرجبکات، بەڵام لیڤەرپوول ئۆفەرەکەی رەتکردەوە، چونکە لیڤەرپوول ئەوکاتە لەسەر چوار بەرە رکابەری دەکرد و پێویستییەکی زۆریان بە ترێنت بوو.

فشارەکانی سەر ئارنۆڵد رۆژ دوای رۆژ زیاد دەبوون و هاندەران بە رێککەوتنی ژێر بە ژێریان لەگەڵ ریال مەدرید تۆمەتبارکردبوو، ئەنجامی فشارەکانی لە یارییەکەی بەرامبەر مانچێستەر یونایتد بەڕوونی دەرکەوتن، کاتێک بەهۆی هەڵەکانی ترێنتەوە مان یونایتد دوو گۆڵی کرد و یارییەکە 2-2 تەواوبوو.

کەی ریال مەدرید زانی هەموو شتێکی یەکلاییکردووەتەوە؟

ریال مەدرید دەمێکبوو چاودێری ئارنۆڵدی دەکرد، بەڵام لە نۆڤێمبەر/تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، لە بەدەستهێنانی واژۆی ئارنۆڵد دڵنیابوونەوە.

ریال مەدرید خووی بە گواستنەوەی خۆڕایی گرتووە، لە چەند ساڵی رابردوودا، کیلیان ئێمباپێ، دەیڤد ئالابا و ئانتۆنیۆ رودیگەری بەخۆڕایی گواستووەتەوە و خەریکە لەگەڵ ئارنۆڵدیش سەرکەوتوو دەبێت.

دوای پێکانەکەی دانی کارڤاخال لە یارییەکەی بەرامبەر ڤیاڕیال، دەستەی کارگێڕی ریال مەدرید دەستبەجێ بڕیاری خۆیدا و ئارنۆڵدی کردە ئامانجی سەرەکی یانەکە، بۆیە لە مێرکاتۆی زستانە هەوڵی گواستنەوەیاندا، بەڵام لیڤەرپوول رازینەبوو.

لەگەڵ سووربوونی لیڤەرپوول بۆ هێشتنەوەی ئارنۆڵد تاوەکو کۆتایی وەرز، سەرنجی مەدرید تەواو یەکلاییبووەوە و خۆیان بۆ گواستنەوەی خۆڕایی ئەستێرەکە ئامادەکرد و بە فەرمی داوایان لە ئارنۆڵد کرد، گرێبەستەکەی لە مێرسیساید نوێ نەکاتەوە.

لە ناوەڕاستی مارس/ئاداری رابردوو، کارلۆ ئانچێلۆتی و دەستەی کارگێڕی ریال مەدرید لە گواستنەوەی فەرمی ئارنۆڵد ئاگادارکرانەوە و ئەمەش کەشێکی ئەرێنی لەنێو ناوەندی مەشقەکانی ڤالدێبێباس دروستکرد.

پێشتر هەریەکە لە ستیڤ مەکمانامان و مایکڵ ئوۆن لیڤەرپوولییان بەرەو ریال مەدرید جێهێشت، بەڵام دۆخی ئەوان زۆر لە ئارنۆڵد جیاوازترە، چونکە لیڤەرپوول ئێستا رکابەری لەسەر هەموو نازناوێک دەکات، بەراورد بە سەردەمی پێشوو.

بۆچی بڕیاری جێهێشتنی لیڤەرپوولیدا؟

ئارنۆڵد هەست دەکات هەموو شتێکی لەگەڵ لیڤەرپوول 26 ساڵەی تەمەنی بەدەستهێناوە، دەیەوێت ژینگەیەکی نوێ تاقیبکاتەوە و چاوی لە بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆرە.

ترێنت پێی وایە دەستپێکردنی بەشێکی نوێی کاروانی وەرزشی، دەرفەتی بردنەوەی باڵۆن دۆری بۆ زیاد دەکات و پێی وایە؛ پڕۆسەی خۆگونجاندنی لە ریال مەدرید، کاتێکی زۆری ناوێت، چونکە جود بێڵینگهام، دۆستی نزیکی ترێنت، هەموو ئاسانکارییەکی بۆ دەکات.

پارە هەرگیز لەلای ئارنۆڵد کێشەیەکی بێ چارەسەر نەبووە، سادەتر؛ پارە بەلای ئارنۆڵدەوە گرنگ نەبووە، ئەگەرنا لیڤەرپوول یەکێک لە گرانترین ئۆفەرەکانی مێژووی خۆی پێشکەشی ئەستێرە لاوەکە کردبوو.

لیڤەرپوول ئامادەبوو، پێنج ملیۆن پاوەند بخاتە سەر مووچەی ساڵانەی ئێستا، بەڵام ئارنۆڵد پارەی بەلاوە گرنگ نەبوو، سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی هیوز و دەستەی کارگێڕی سوورپۆشەکان.

ئارنۆڵد کە خاوەنی 64 ئەسیستە لە پرێمەرلیگ، بە سۆزێکی زۆرەوە بەشداری لە ئاهەنگەکانی بردنەوەی نازناوی پرێمەرلیگ کرد و هەر لەو ئێوارەیەدا دوا دیداری لەگەڵ جۆن دەبڵیو هێنری، سەرۆکی کۆمپانیای سپۆرتس فێنوەی کرد و خاوەنی لیڤەرپوول پێی گوت؛

تۆ یاریزانێکی سەرسووڕهێنەریت، ناتوانم بەگوێرەی پێویست ستایشت بکەم، چونکە زۆرت بەم یانەیە بەخشیوە. بینینی رۆیشتنی تۆ لەم یانەیە نیگەرانم دەکات، بەڵام هیوای باشترینت بۆ دەخوازم.

سوپاس بۆ هەموو شتێک، جێگەی شانازیت.

بابەتی زیاتر

Back to top button