ڤیدیۆ؛ یاریزانێکی بەناوبانگی ئەرجەنتینی بووەتە گۆرانیبێژی سەر شەقامەکان

یاریگا –
جۆناس گۆتێرێز ئەستێرەی پێشووی ئەرجەنتینی دوای وازهێنانی لە یاریکردن بووەتە گۆرانیبێژی سەر شەقامەکان، گیتارێکی بەدەست گرتووە و لە سەنتەری شاری نیوکاسڵ گۆرانی دەڵێت.
جۆناس گۆتێرێز ئەستێرەی پێشووی یانەی نیوکاسڵ یونایتدی ئینگلیزی لە هەژماری خۆی لە ئینستاگرام ڤیدیۆیەکی خۆی بڵاوکردووەتەوە، لە سەنتەری شاری نیوکاسڵ گیتار دەژەنێت و گۆرانی دەڵێت، گۆتێرێز لەبارەی ڤیدیۆیەکەی شاری نیوکاسڵی بە شاری خۆی و خۆشەویستی خۆی وەسف کردووە، ژەنینی گیتاریشی لەسەر شەقامەکان بە خەونی خۆی داناوە.
Jonas Gutierrez out here doing side quests #NUFC pic.twitter.com/xVIbeEZXMp
— Murph (@NUFCMurph) April 29, 2025
جۆناس گۆتێرێز (41 ساڵان) ساڵی 2021 بەیەکجاریی وازی لە یاریکردن هێنا، کە بۆ ماوەی حەفت ساڵ (2008-2015) لە ریزی ماگپایس یاریی کردووە و پێشتر لە ریزی یانەکانی ریال مایۆرکا و دیپۆرتیڤۆ لاکەڕۆنیای ئیسپانی و ئیندیپێندێتی ئەرجەنتینی یاریی کردووە.
گۆتێرێز دوای ئەوەی تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوو، ئەو نەخۆشییەی تێپەڕاند و ساڵی 2015 گەڕایەوە یارییەکانی نیوکاسڵ یونایتد، کە لەو ساڵە یانەکەی لە دابەزین بۆ چامپیۆنشیپ رزگارکرد و بە گۆڵێکی زێڕین نیوکاسڵی لە پرێمەرلیگ هێشتەوە.