یارییەکەی پۆرتوگال و کۆلۆمبیا ژمارەی پێوانەیی دەشکێنێت؛ مارتینێز ناچار بوو خۆی بلیت بکڕێت
بەهای بلیتەکانی یاریی پۆرتوگال و کۆلۆمبیا 6 هەزار دۆلاری تێپەڕاند

یاریگا –
یارییەکەی نێوان هەڵبژاردەی پۆرتوگال و کۆلۆمبیا لە قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیالی 2026 لە شاری مەیامی، بووەتە پڕخواستترین یاریی پاڵەوانێتییەکە.
ئەم خواستە لەسەر بلیتەکان هێندە زۆر بووە، کە تەنانەت رۆبێرتۆ مارتینێزی راهێنەری پۆرتوگال ناچار بووە هەر لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردووەوە بە پارەی خۆی بلیتی یارییەکە بۆ خێزانەکەی بکڕێت بۆ ئەوەی لە ئامادەبوونیان دڵنیابێت.
خواستێکی مێژوویی و نرخی خەیاڵیی بلیتەکان
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، تەنیا لە 24 کاتژمێری یەکەمی کردنەوەی دەرگای تیروپشکی بلیتەکان لە مانگی کانوونی یەکەمدا، زیاتر لە پێنج ملیۆن داواکاری بۆ ئامادەبوون لەم یارییە پێشکەش کراوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕە ئەمریکییەکە کەوتووە، کە لە کۆی 72 یاریی قۆناخی کۆمەڵەکان، ئەم رووبەڕووبوونەوەیە زۆرترین خواستی لەسەر بووە، تەنانەت نرخی هەندێک بلیت لە بازاڕە لاوەکییەکان گەیشتووەتە زیاتر لە شەش هەزار دۆلار.
دوو هۆکاری سەرەکی لە پشت ئەم خواستە زۆرەوەن؛ یەکەمیان زۆریی ژمارەی رەوەندی کۆلۆمبییە لە ویلایەتی فلۆریدا کە زۆرترین رێژەیان لەسەر ئاستی ئەمریکا هەیە، دووەمیشیان ئامادەبوونی ئەستێرەی جیهانی کریستیانۆ رۆناڵدۆیە کە چاوەڕوان دەکرێت ئەمە کۆتا مۆندیالی بێت لە کاروانی وەرزشییدا.
Tickets for Portugal’s game against Colombia in Miami have been so in-demand that even head coach Roberto Martinez had to place an order early in order for his family to be sure of attendance.
The Group K match was subject to five million ticket requests in the first 24 hours of… pic.twitter.com/UnJmmcqDLa
— The Athletic | Football (@TheAthleticFC) June 26, 2026
ململانێی پێشەنگی و چارەنووسی قۆناخی داهاتوو
لەسەر ئاستی کۆمەڵەکە، ئێستا کۆلۆمبیا بە دوو سەرکەوتن پێشەنگی گرتووە، بەڵام پۆرتوگال دەتوانێت بە بردنەوەیەک لەم یارییەدا پێشەنگییان لێ وەربگرێتەوە. چارەنووسی هەردوو تیپەکەش زۆر جیاواز دەبێت بەگوێرەی ئەنجامەکە؛ ئەو تیپەی پلەی یەکەم بەدەست دەهێنێت، رووبەڕووی یەکێک لە هەڵبژاردە پلە سێیەکانی کۆمەڵەکانی (D، E، I، J، یان L) دەبێتەوە، لە کاتێکدا ئەو هەڵبژاردەیەی بە پلەی دووەم سەردەکەوێت، رووبەڕووبوونەوەی خاوەنی پلەی دووەمی کۆمەڵەی (L) دەبێتەوە، کە رەنگە یەکێک بێت لە هەڵبژاردەکانی کرواتیا، گانا، یان ئینگلتەرا بێت.
پەیامە سۆزدارییەکەی مارتینێز بۆ تۆپی پێ
رۆبێرتۆ مارتینێز لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەم خواستە زۆرەی سەر یارییەکە ئاشکرای کرد کە هەر لە مانگی تشرینی دووەمەوە بلیتی یارییەکەی بۆ خێزانەکەی کڕیوە، چونکە بەباشی دەیزانی بەدەستهێنانی بلیت لە کاتی یارییەکەدا زۆر قورس دەبێت. راهێنەرە ئیسپانییەکەی پۆرتوگال ئەم دۆخەی بە سەرسوڕهێنەر وەسف کرد و وتی کە تۆپی پێ هێشتا دەتوانێت یەکڕیزی و سۆز بهێنێتە ئاراوە و ببێتە ئیلهامبەخش بۆ منداڵان لەم کاتە سەختەی جیهاندا. لە کۆتایی قسەکانیدا، مارتینێز جەختی لەوە کردەوە کە ئەو بەهایانەی مرۆڤایەتی دەیەوێت بیانبینێت، لە نێو یاریگای تۆپی پێدا بوونیان هەیە و هیوای خواست کە لەم یارییەدا تۆپی پێ و ئەو کەسانەی سەیری دەکەن ببنە براوەی راستەقینە.



