ئەمریکا دەستبەرداری پۆچێتینۆ نابێت؛ ئۆفەرێکی خەیاڵی چاوەڕێی راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە دەکات
شەڕی پارێزگاریکردن لە راهێنەرەکە لە دوای مۆندیال دەستپێدەکات

یاریگا –
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەمریکا بپێشنیازی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی خستووەتە بەردەم ماوریسیۆ پۆچێتینۆ، بۆ ئەوەی تاوەکوو ساڵی 2030 لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە.
سەرەڕای ئەوەی گرێبەستەکەی ئێستای لە دوای کۆتاییهاتنی مۆندیالی 2026 کۆتایی دێت، بەڵام بڕیاری کۆتایی لەسەر مانەوە یان رۆیشتنی راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە بۆ دوای تەواوبوونی پاڵەوانێتییەکە دواخراوە .
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، گفتوگۆکانی نێوان فیدراسیۆنی ئەمریکا و پۆچێتینۆ چەند مانگێکە بەردەوامە و ئۆفەرەکە پێش دەستپێکردنی مۆندیال پێشکەش کراوە، چونکە فیدراسیۆنەکە بەڕوونی خواستی خۆی بۆ بەردەوامبوون لەگەڵ راهێنەرەکە پێسانداوە.
The United States Soccer Federation has presented head coach Mauricio Pochettino with a proposal to extend for a second World Cup cycle, running until 2030, but any decisions will be deferred until after the 2026 tournament.
The proposal was made to Pochettino for his… pic.twitter.com/W8GtNWYDxB
— The Athletic (@TheAthletic) June 26, 2026
هەردوو لایەن پێیان باش بووە بڕیاری کۆتایی بۆ دوای مۆندیال هەڵبگرن، چونکە ئەنجامەکان رۆڵی سەرەکییان دەبێت. تاوەکوو ئێستاش هەڵبژاردەی ئەمریکا ئاستێکی بەرزی پێشکەش کردووە؛ دوای بردنەوەی لە پاراگوای و ئوسترالیا، سەرکەوتنی بۆ قۆناخی 32 مسۆگەر کرد، کە وایکرد شکستەکەی شەوی پێنجشەممە بەرامبەر تورکیا هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر چارەنووسیان نەبێت.
ئەگەر پۆچێتینۆ بڕیاری مانەوە بدات، چوار ساڵی داهاتوو چەندین پاڵەوانێتیی گەورەی لەخۆگرتووە، لەوانە یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی 2028 لە لۆس ئانجلس و چاوەڕوانیش دەکرێت کۆپا ئەمریکای 2028 لە ئەمریکا بەڕێوەبچێت. هەروەها، کردنەوەی ناوەندی نوێی راهێنانی نیشتمانی لە ئەتلانتا بە تێچووی 250 ملیۆن دۆلار، لەگەڵ دەسەڵاتدانی زیاتر بە راهێنەرەکە بۆ سەرپەرشتیکردنی تیپەکانی لاوان و بەشداریکردن لە پەروەردەی راهێنەران، دەکرێت ببنە هۆکاری سەرەکی بۆ رازیکردنی.
تۆڕە ئەمریکییەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، سەرەڕای خواستی ئەمریکا، گەڕانەوە بۆ تۆپی پێی یانەکان هێشتا لای پۆچێتێنیۆ بژاردەیەکی کراوەیە. رۆیشتنی لەناکاوی مات کرۆکەر، بەڕێوەبەری وەرزشیی پێشووی فیدراسیۆنەکە بۆ سعودیە کە رۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە هێنانی پۆچێتینۆ، گومانی دروستکردووە کە رەنگە راهێنەرەکەش هەمان رێگە بگرێتەبەر.
بۆ هێشتنەوەی ئەم راهێنەرە و رکابەریکردنی یانە گەورەکانی ئەوروپا، فیدراسیۆنی ئەمریکا پشتی بە کۆمەکی دارایی سەرمایەدارانی وەکوو کێن گریفین و سکۆت گودوین بەستووە. لە کاتی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیدا، کۆی گشتیی مووچە و پاداشتەکانی دەگاتە ئاستی بەرزترین راهێنەرە نێودەوڵەتییەکان لە جیهاندا. ئێستا مووچەی بنەڕەتییەکەی نزیکەی 4 ملیۆن دۆلارە، بەڵام بەهۆی پاداشتەکانەوە دەگاتە 5 بۆ 6 ملیۆن دۆلار.



