دوایین پەرەسەندن؛ ڤینیسیۆس ئۆفەری سعوودیەکانی بەدڵە و پێرێز بیر لە هالاند دەکاتەوە
وردەکاری چیرۆکی نێوان سعوودیەکان و ڤینیسیۆس جونیۆر ئاشکرا دەبێت

یاریگا –
دوێنێ چوارشەممە میدیاکانی ئیسپانیا بڵاویانکردەوە، لە گفتوگۆکانی نێوان ڤینیسیۆس جونیۆر و ریال مەدرید پێشکەوتوون و لە کۆتایی ئەم وەرزە مێرێنگی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی ڤینی رادەگەیەنێت.
بەڵام رۆژنامەنووسی تۆڕی ئاتلێتیک ماریۆ کۆرتێگانا زانیاری وردی لە کەسە نزیکەکانی ڤینیسیۆس پێگەیشتووە و زانیوییەتی، کە ئەو دەنگۆیانە ناڕاستن و ریال مەدرید لە نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەستێرە بەڕازیلییەکە نزیکنەبووەتەوە، چونکە یاریزانەکە داوای مووچەیەکی زۆری کردووە و یانەکەش بەو داوایە رازی نییە.
دەستپێکی هەوڵەکانی سعوودییەکان
سعوودییەکان لە ساڵی 2023 وە هەوڵەکانیان بۆ گواستنەوەی ڤینی دەستپێکردووە، بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕە ئەمریکییە لە مانگی ئازاری 2024 لە شاری پراگی پایتەختی کۆماری چیک کۆبوونەوەیەک لەنێوان نوێنەرانی سعوودیەکان و ڤینی بەڕێوەچووە، یاریزانەکە بۆ ماوەی چەند خولەکێک لە رێگەی پەیوەندییەکی ڤیدیۆیی بەشداریی کۆبوونەوەکەی کردووە و هەر لەوکاتەدا گەورەترین ئۆفەری مێژوویان پێشکەشی کردووە.
هەر لە هاوینی هەمان ساڵ جارێکی دیکە سعوودیەکان لەگەڵ کەمپی ڤینی کۆبوونەتەوە، لەشاری لەندەنیش کۆبوونەویەکیان کردووە، هەو لەو هاوینە بۆیەکەمجار لەگەڵ ریال مەدرید گفتوگۆی ئۆفەرەکەیان کردووە، بەڵام یانەکە راستەوخۆ ئۆفەرەکەی رەتکردووەتەوە.
هۆکاری رازی نەبوونی ڤینیسیۆس
بەڵام ڤینی دەرگای بەڕووی سعوودیەکان دانەخست تەنیا هەستیکرد کاتەکە گونجاو نییە، چونکە لەوکاتەدا بەربژێرێکی سەرەکی بوو بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆر، لەوبڕوایەدابوو روو لە سعوودیە بکات بەشێکی زۆری دەنگەکان لەدەستدەدات و هیوای بەدەستهێنانی خەڵاتەکەی نامێنێت، لە لەکۆتاییدا رۆدری ئیسپانی خەڵاتەکەی بەدەستهێنا.
هۆکارێکی دیکەش ئەوەبوو یاریزانەکە زۆر دڵخۆشبوو بەوەی تازە دووەم چامپیۆنزلیگ و لالیگای لەگەڵ ریال مەدردی بەدەستهێنابوو، لەلایەکی دیکە کیلیان ئێمباپێ پەیوەندی بە یانەکە دەکرد و دەیویست چێژی یاریکردن لەگەڵ ئەستێرە فەڕەنسییەکە ئەزموون بکات.
ئۆفەرە سەرنجڕاکێشەکە
ئاتلێتیک لە سەرچاوەیەکی نزیکی یاریزانەکە زانیوییەتی، ڤینی لە سەرەتای ئەم وەرزە لە ڤاڵدێبێباس باسی ئۆفەرەکەی سعوودیەی کردووە و بە ئۆفەرێکی سەرنجڕاکێش وەسفی کردووە، بۆیە کەسە نزیکەکانی بڕوایان وایە ئەگەرێکی زۆر گەورە هەیە جونیۆر پەیوەندی بە خولی رۆشن بکات.
ریال مەدرید لە سەرەتادا نکۆڵی لەوەدەکرد سعوودیەکان بۆ گواستنەوەی ڤینی لەسەرهێڵبن، بەڵام دواتر دانی بە راستییەکاندا نا و ئاشکرایکرد ئۆفەریان پێگەیشتووە بەڵام ئامادەنین دەستبەرداری ڤینی ببن.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاتلێتیک، لە دێسێمبەری ساڵی رابردوو جارێکی دیکە سعوودیەکان لەرێگەی تەلەفۆن قسەیان لەگەڵ ڤینی کردووە، ئاگاداریان کردووەتەوە لە مێرکاتۆی زستانە هەوڵی گواستنەوەی نادەن بەڵام لە مێرکاتۆی هاوینەی 2025 هەوڵەکانیان بۆ گواستنەوەی چڕدەکەنەوە و ئامانجیشیانە ڤینی بۆ یانەی ئەهلی سعوودی بگوازنەوە.
لە مانگی یەکی ئەمساڵیش ریال مەدرید و بارسێلۆنا بۆ جامی سوپەری ئیسپانیا لە سعوودیە بوون، هەر ئەوکات عومەر بوغەربل بەڕێوبەری جێبەجێکاری خولی رۆشن باسی لە ئەگەری گواستنەوەی ڤینی بۆ خولەکە کرد.
یانەکانمان هەموو شتێک دکەن لەپێناو گواستنەوەی بەهرەداری لەوشێوەیە، با چاوەڕوانبین و بزانین چی روودەدات.
خودی یاریزانەکە هەمیشە دووپاتیکردووەتەوە لە ریال مەدرید ئاسوودەیە و دەیەوێت مێژوویەکی گەورەی لەگەڵ بنوسێتەوە، تاوەکو ئێستا بە ئاشکرا باسی لە جێهێشتنی مەدرید نەکردووە.
ئۆفەرە نوێیەکە
لە مانگی یەکی ئەمساڵ بەر لە یاریی بەرامبەر سالزبورگ، ریال مەدرید لە ڤاڵدێبێباس جارێکی دیکە لەگەڵ نوێنەرانی ڤینی بە بەشداریی باوکی یاریزانەکە کۆبووەوە، ئۆفەرێکی بە مووچەی ساڵانەی 17 بۆ 20 ملیۆن یۆرۆ بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکە پێشکەشکرد.
لە ئۆفەرە نوێیەکە مووچەی جێگیری ڤینیسیۆس هاوتای مووچەی کیلیان ئێمباپێیە، بەڵام کیلیان بڕە پارەیەکی زیاتری لە پاداشتەکان دەستدەکەوێت چونکە بە گرێبەستێکی ئازاد پەیوەندی بە یانەکە کردووە. بەڵام ڤینی ئۆفەرەکەی رەتکردووەتەوە.
ئەوەی بۆ کریستیانۆ نەکرا من دەمەوێت
پاشان ریال مەدرید بە جونیۆری گوتووە مادام بەو ئۆفەرە رازی نیت، پێمان بڵێ چ ئۆفەرێکت دەوێت؟ ڤینیش داوای پاکێجێکی گەورەی کردووە کە لە مێژووی یانەکە تەنیا کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەو پاکێجە نزیکبووەتەوە، ئەستێرە بەڕازیلییەکە داوایکردووە مووچەی ساڵانەی بە پاداشتە داراییەکانەوە بکرێت بە 30 ملیۆن یۆرۆ، کە بەدرێژایی مێژووی یانەکە ئەو مووچەیە بەهیچ یاریزانێک نەدراوە.
هەر لە مانگی شووباتی ئەمساڵ لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پلەی ئۆفی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر مانچێستەر سیتی، ڤینی ئاشکرایکرد لەگەڵ ریال مەدرید گفتوگۆی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی کردووە و هیوادارا بەمزووانە بۆ نوێکردنەوەی لەگەڵ یانەکەی بگاتە رێککەوتنی کۆتایی و دەیەوێت تاوەکو ماوەیەکی زۆر بمێنێتەوە.
ڤینی ئاماژەی بەوەکرد کە هەفتەی دواتر لەگەڵ یانەکەی دانوستانی کۆتایی دەکات، بەڵام دواتر ئاشکرابوو لەو کۆبوونەوەیە نەگەشتوون بە هیچ رێککەوتنێک و ریال مەدرید ئامادەنەبووە ئەو مووچە زۆرە بۆ ڤینی دابین بکات.
پلانی جێگرەوە
ئەوەی جێگای سەرنجە ئاتلێتیک زانیوویەتی، فلۆرێنتینۆ پێرێز بڕیاریداوە ئەگەر ڤینیسیۆس ریال مەدرید جێبهێڵێت ئەوا راستەوخۆ گرێبەست لەگەڵ ئێرلینگ هالاندی نەرویجی واژۆ دەکات.
ئێستا کەسە نزیکەکانی ڤینی رەتیدەکەنەوە ڤینی لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی نزیکبووبێتەوە، بەڵام ئاشکرایانکردووە تۆپەکە لە گۆڕەپانی ریال مەدریدە ئەگەر ئۆفەرێکی گونجاو پێشکەش بکەن ئەوا ڤینی بەمانەوە رازی دەبێت.
لە 16ـی نیسان و لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ئارسیناڵ خانەوادە و نوێنەرانی ڤینی لە بێرنابیۆ ئامادەبوون، بەڵام هیچ هەواڵێک لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی نەبوو.
ئێستا سعوودیەکان بێدەنگن و هیوایان کەمبووەتەوە، ڤینیش لەبارەی داهاتووی ئارامبووەتەوە و نۆرەی ریال مەدریدە هەنگاوی خۆی بنێت و گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە.
⚡️ Real Madrid say that Vinicius’ renewal is at an advanced stage
➕ But the player’s camp strongly denies it. They want a package (salary, bonuses and renewal bonus) of around €30M
➕ Interest from Saudi quiet at this point@TheAthleticFC https://t.co/rOGOLWFWxW
— Mario Cortegana (@MarioCortegana) April 24, 2025