لالیگا لە بەرژەوەندی بارسێلۆنا یاسایەکی نوێ دادەنێت

یاریگا –
لامین یامال دوای وەرزێک لە درەوشانەوەی لەگەڵ بارسێلۆنا، ناوی خۆی وەک یەکێک لە کاریگەرترین و لاوترین ئەستێرەی تۆپی پێ ئەم سەردەمە تۆمارکرد. سەڕەڕای ئەوەی لەسەرتاسەری ئەوڕوپا یانەکان ئارەزووی گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو ئەستێرە لاوەیاندا هەیە، یاسایەکی نوێی لالیگا دەتوانێت یارمەتی بارسێلۆنا بدات داهاتووی پڕشنگداری ئەستێرەکەی لە یانەکە مسۆگەر بکات.
لە کاتێکدا بارسێلۆنا لەگەڵ ئاڵنگاریەکانی دارایی کێشەی هەیە، هەندێک دڵەڕاوکێش لە یانەکەدا درووست بووە بەهۆی ئەوەی ئەگەری رۆیشتنی یامال لە دوای تەواوبوونی گرێبەستەکەی هەیە، بەڵام لەوانەیە ئەو ترسانە بەهۆی یاسایەکی نوێ کە لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەری تۆپی پێی ئیسپانیاوە خراوەتەڕوو، کەم ببنەوە.
بە گوێڕەی هەواڵێک سپۆڕت، لالیگا یاسایەکی نوێی پەسەند کردووە کە رێگە بە یانەکان دەدات گرێبەستی یاریزانانی خوار تەمەنی 24 ساڵ نوێ بکەنەوە، تەنانەت ئەگەر مووچەکەیان زیاتر بێت لە داهاتی یانەکە. لە کاتێکدا بارسێلۆنا پێشتر بەهۆی ئەم کێشە داراییانەوە کێشەی زۆری هەبووە لە تۆمارکردنی یاریزانانی وەک دانی ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆر، بەڵام ئەم یاسایە لە دۆسیەی یامالدا جیاوازە.
بەگوێرەی روونکردنەوەکەی لالیگا، دەکرێت گرێبەستی یاریزانە لاوەکان درێژبکرێتەوە بەبێ ئەوەی کاریگەری لەسەر بڕینی مووچەی ئەو وەرزە هەبێت. واتە تەنانەت ئەگەر یانەکە ئاڵنگاری داهاتی هەبێت، وەک دۆخی ئێستای بارسێلۆنا کە چاوەڕێی رەزامەندی لالیگا دەکات بۆ فرۆشتنی کورسییە ڤی ئای پییەکانی کامپ نۆ.
یاسا نوێیەکە باس لەوە دەکات بۆ ئەوەی یاریزانێک سوود لەم یاسایە وەربگرێت، پێویستە تەمەنی لە خوار 24 ساڵەوە بێت و لانیکەم سێ وەرزی لەسەریەک بە تەواوی گرێبەستی فەرمی لەگەڵ هەمان یانە هەبووبێت؛ دۆخێک کە بە تەواوی بۆ لامین یامال دەگونجێت.
بێگومان جەخت لەوە کراوەتەوە کە یاسایی دارایی خاوێن دەبێت لە ماوەی وەرزەکەدا قەرەبوو بکرێتەوە یان لە مووچەکەی بۆ وەرزی دواتر ببڕدرێت. بۆیە بارسێلۆنا کاتێکی زیاتری دەبێت بۆ ئەوەی گرێبەستە نوێیەکەی لامین یامال بە فەرمی تۆمار بکات؛ گرێبەستێک دوای ئەوەی ئەستێرە لاوەکە تەمەنی دەبێتە 18 ساڵ تا ساڵی 2030 درێژ دەکرێتەوە.