
یاریگا –
دهۆک بۆ یارییەکەی قاسم لە بەسڕەیە و دەڵێن بۆ قۆناخی دووەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئامادەین.
هەینی ( 14ـی شوباتی 2025 ) لە گەڕی 20ـی یەکەم یاریی قۆناخی دووەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، دهۆک لە بەسڕە کاتژمێر 5ـی ئێوارە و لە نێو یاریگای فەیحا رووبەرووی قاسم دەبێتەوە، بە هۆی نۆژەنکردنەوەی یاریگای کوت، قاسم یاریگای فەیحای لە بەسڕە دەستنیشانکردووە بۆ ئەوەی یارییەکانی خۆی تێدا بکات.
لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، قاسم و دهۆک تا ئێستا پێنج یاریی فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردووە، دهۆک چوار یاریی سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و لە یەک یارییش بەرامبەر بوونە و قاسم تا ئێستا بەرامبەر دهۆک بێ سەرکەوتنە، سەرجەم یاریزانەکانی دهۆک جگە لە مارتین ئاسیسی بەرگریکار ئامادەن بۆ یارییەکە.
قۆناخی یەکەم قاسم ئاستێکی بەرزی پێشکەش کردووە و توانیویەتی لە یانەکانی قوەجەوییە و هەولێر و زەوڕا بباتەوە و لەگەڵ شوڕتەش یەکسان بێت، بەڵام یاریی رابردوو بە ئەنجامی 6 _ 2 بەرامبەر زاخۆ شکستی هێنا، قاسم 28 خاڵی هەیە لە ریزبەندی حەفتەمە و دهۆکیش بە 34 خاڵ لە ریزبەندی چوارەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت.