ئامانجی نوێی مانچێستەر یونایتد دەستنیشان دەکرێت
ئامۆریم دەیەوێت تیمێک لەسەر شێوازی خۆی پێکبهێنێت
یاریگا –
مانچێستەر یونایتد خەریکی هەڵسەنگاندنە بۆ گواستنەوەی جیۆڤانی کوێندا.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، تاوەکو ئێستا مانچێستەر یونایتد هیچ ئۆفەرێکی فەرمی پێشکەشی سپۆڕتینگ لیسبۆن بۆ گواستنەوەی کوێندا نەکردووە، بەڵام لەسەر داوای روبن ئامۆریم، بەڕێوەبەری وەرزشی شەیتانە سوورەکان، خەریکی هەڵسەنگاندنە.
کوێندا، یاریزانی نێودەوڵەتی پۆرتوگالە و تەمەنی 17 ساڵە، پێشبینی دەکرێت بەهای گواستنەوەی بگاتە 40 ملیۆن یۆرۆ. جگە لە مانچێستەر یونایتد، چەندین یانەی دیکەش چاودێری یاریزانەکە دەکەن، بەڵام هیچ گفتوگۆییەکی فەرمی رووینەداوە.
پێشتر ئامۆریم لە یانە پۆرتوگالییەکە کاری لەگەڵ کوێندا کردووە و تەواو شارەزای تواناکانییەتی.
کەمتر لە 48 کاتژمێر بۆ داخرانی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان ماوە و پێناچێت لەم دوو رۆژەدا مان یونایتد کوێندا بگوازێتەوە، بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕە ئەمریکییەکە بێت، لە هاوینی داهاتوودا، کوێندا دەبێتە ئامانجی یەکەمی مان یونایتد و تاوەکو کرانەوەی مێرکاتۆی هاوینەی، هیچ ئۆفەرێکی فەرمی پێشکەش ناکرێت.
سەرنجی ئێستای مان یونایتد لەسەر گواستنەوەی پاتریک دۆرگوە، کە پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ بگاتە مانچێستەر و گرێبەستەکەی واژۆبکات.
راداری یاریگا؛ ئەمڕۆ مانچێستەر یونایتد بەرگریکارێکی نێودەوڵەتی دەگوازێتەوە
کوێندا 34 یاریی لەم وەرزەدا لەگەڵ سپۆڕتینگ کردووە، خاوەنی دوو گۆڵ و شەش ئەسیستە.
سبەی یەکشەممە، مانچێستەر یونایتد لە پرێمەرلیگ رووبەڕووی کریستال پاڵاس دەبێتەوە. تیمەکەی ئامۆریم لە پلەی 12ی پرێمەرلیگدا دێت و 12 خاڵ لە خاوەن پلەی چوارەمەوە دوورە.