هەموو رۆژێک ئازاری هەیە؛ ئێمیلیانۆ مارتینێز پێش یاریی کۆتایی پێکانی دەستی ئاشکرا دەکات
"ئێمە رکابەرەکان هەڵنابژێرین"

یاریگا –
ئیملیانۆ “دیبو” مارتینێزی گۆڵپارێزی ئەرجەنتین پێش یاریی کۆتایی مۆندیالی 2026 بەرامبەر ئیسپانیا ئاشکرای کرد کە دەستی هێشتا “هەموو رۆژێک” ئازاری هەیە دوای ئەوەی پێش پاڵەوانییەتییەکە تووشی شکان لە پەنجەی ئەڵقەی دەستی راستی بوو. بەڵام ئەو دانی پێدا نا کە چیتر بیر لە پێکانەکە ناکاتەوە و تەنیا چێژ لە کێبڕکێیەکە وەردەگرێت، هەندێک جار بە تەنیا دەگریێت کاتێک بیر لە هەموو ئەو شتانە دەکاتەوە کە ئەم تیمەی ئەرجەنتین بەدەستی هێناوە لە کاتی بەدواکەوتنی نازناوی یەک لەدوای یەک لە مۆندیالدا.
مارتینێز گوتی:
دەستم هێشتا هەموو رۆژێک ئازاری هەیە، دەمزانی کە ئازارێکی زۆری دەبێت. لە نەشتەرگەری دوور کەوتمەوە هەرچەندە هەموو پسپۆڕێک کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئینگلتەرا راوێژم پێ کردن پێیان گوتم کە پێویستم بە نەشتەرگەری هەیە. لە ماوەی قۆناخی گرووپەکاندا نەمدەتوانی مەشق بکەم بەڵام لە قۆناخی 16ـەوە بیرم لێ نەکردەوە و هەستم بە باشتربوونێکی زۆر کردووە.
کاتێک پرسیاری لێکرا دەربارەی لێدوانێکی بەربڵاو کە ساڵانێک لەمەوبەر دابووی کاتێک گوتبووی ئەگەر ئەرجەنتین دووەم مۆندیالی یەک لەدوای یەک بباتەوە واز لە یاریکردن دەهێنێت، ئەم بیرۆکەیەی رەت کردەوە و گوتی:
بەڵێ، لەگەڵ نیکۆ لە شوێنی مەشقی یەکێتیی تۆپی پێی ئەرجەنتین ئەوەم گوت، بەڵام سەرەتا دەبێت بیبەینەوە، ئەمە تاکە شتێکە کە سەرنجم لەسەرییەتی. ئەم تیمە بۆ ساڵانێکە بەردەوامە لە باشتربوون، هەندێک جار بە تەنیا دەگریێم تەنیا بە بیرکردنەوە لە هەموو ئەو شتانەی بەدەستمان هێناون. ئەوەی دەمێنێتەوە ساتەکانی دڵخۆشی و چێژوەرگرتنن لێیان.
گۆڵپارێزەکە هەروەها باسی لەوە کرد کە چۆن ئەزموونی ئەم پاڵەوانییەتییەی کردووە و گوتی:
من چێژ لەم مۆندیالە زۆر زیاتر لەوەی پێشوو وەردەگرم، دوای یارییەکەی سعوودییە زۆر ئازام چەشت، ئەوان بە زەحمەت هەلیان دروست کرد کەچی گۆڵیان لێکردم، تەنیا لە لێدانەکانی سزادا بە راستی یەکلاکەرەوە بووم. پێم وایە ئێستا بە قاچەکانم باشتر یاری دەکەم، کاتێک رۆژی یەکشەممە دەچمە نێو یاریگا خۆم دەبینن کە پێدەکەنم.
سەبارەت بە ئەقڵیەتی خۆی مارتینێز گوتی:
دەکرێت گۆلێک یان دوو گۆڵم لێبکرێت و لە هێرشی دوای ئەوەدا هێشتا هەمان دیبۆ بم، فشار کاریگەریم لێ ناکات. تەنیا دەستکێشەکانم لەدەست دەکەم و متمانەم بە خۆم هەیە، گرنگ نییە یارییەکە چییە من هێشتا هەمان منداڵەکەی گەڕەکی خاردینم لە مار دێل پلاتا.
بە روانین لە یارییەکەی بەرامبەر ئیسپانیا، ئەو ستایشی پاڵەوانەکانی ئەورووپای کرد و گوتی:
ئەوان تیمێکی گەورەن، چەندین یاریزانی ئەوان لە پرێمەرلیگەوە دەناسم، خاوەن راهێنەرێکی نایابن. بابەتەکە تەنیا لامین نییە ئەوان پێکهاتەیەکی نایابیان هەیە و لەبەر ئەوەشە لە یاریی کۆتاییدان. ئەوان چەکی خۆیان هەیە و ئێمەش هی خۆمانمان هەیە. هیوادارم یارییەک بێت کە هاندەران بۆ ماوەیەکی درێژ بە بیریان بێتەوە.

لێدوانەکانی دیکەی دیبو مارتینێز پێش یاریی کۆتایی مۆندیال
پێم وایە یارییەکەی بەرامبەر ئینگلتەرا دووەم خۆشترین یاریی بوو کە تاوەکوو ئێستا لەگەڵ ئەرجەنتین کردبێتم. بردنەوەی دووبارە و هێنانەوەی ئەستێرەی چوارەم بۆ ماڵەوە… لە ئێستاوە دەتوانم خەیاڵی ئەوە بکەم کە ئاهەنگەکان چۆن دەبن.
خەڵک باس لەو رکابەرانە دەکەن کە رووبەڕوویان دەبینەوە بەڵام ئێمە ئەوان هەڵنابژێرین، هەموو یارییەک سەختە. یاریی کۆتایی رۆژی یەکشەممە کاتژمێر 3ـی پاشنیوەڕۆ لەژێر گەرمادا دەکرێت و دەبێت خۆمان بگونجێنین.
هەست بە ئارامییەکی زۆر دەکەم، کاری گۆڵپارێز لە چوارچێوەی گۆڵپاراستن تێدەپەڕێت، دەبێت لە هێڵەکەت بێیتە دەرەوە و متمانە و دڵنیایی بە هاوتیمەکانت ببەخشیت. کاتێک ئەوان دەبینن من ئارامم دەتوانن سەرنج بخەنە سەر هێرشبردن. ئێمە گۆڵێکی زۆرمان لەم مۆندیالەدا کردووە و تاوەکوو ئێستا یەک گۆڵ کەمتر لەوەی پاڵەوانییەتی پێشوو لێمانکراوە.
راهێنەر نامەیەکی بۆ ناردم کە تێیدا گوتبووی ‘گرنگ نییە لە چ دۆخێکدایت من تۆم لە تیمەکەمدا دەوێت’. بۆ من ئەمە واتای زۆر زیاترە لە گرتنی 10 لێدانی سزا یان بوونە سەردێڕی رۆژنامەکان. تەنانەت ئەگەر ساتی منیش لە یاریی کۆتاییدا نەیەت و ئێمە بیبیەینەوە ئەمە هەر هەمان گرنگی دەبێت.



