نابێت نەرم بێت؛ دێلا فوێنتێ پێش یاریی کۆتایی ئاگاداری بە ناوبژیوان دەدات
"ئەگەر لە مۆدێلەکەمان دوور بکەوینەوە تووشی ئاستەنگی دەبینەوە"

یاریگا –
لویس دێلا فوێنتێی راهێنەری تیمی ئیسپانیا جەختی کردەوە کە پێویستە سلاڤکۆ ڤینچیچی ناوبژیوانی سلۆڤینی، یاساکانی یارییەکە بە تەواوی و بە توندی لە یاریی کۆتایی مۆندیالی رۆژی یەکشەممەدا بەرامبەر ئەرجەنتین جێبەجێ بکات.
پێش یاریی کۆتایی مۆندیالی 2026 لەنێوان ئەرجەنتین و ئیسپانیا، کە بڕیارە رۆژی یەکشەممە کاتژمێر 10:00ـی شەو بە کاتی هەولێر، لە یاریگای نیویۆرک/نیوجێرسی بەڕێوە بچێت، دێلا فوێنتێ دەربارەی یارییەکە بۆ رۆژنامەی سپۆرت، قسەی کرد و پێداگریی کرد کە سلاڤکۆ ڤینچیچی ناوبژیوان نابێت نەرم بێت و رێگە بدات یاساکان بشێوێنرێن. هاوكات جەختی لەسەر گرنگیی دڵسۆزبوونی ئیسپانیا بۆ شێوازی یاریی خۆی کردەوە و ئاگاداریی دا کە ئەگەر نا، تیمەکە تووشی ئاستەنگ دەبێتەوە.
تەنیا چەند کاتژمێرێک پێش یاریی کۆتایی مۆندیال، چۆن ئەزموونی دەکەیت؟
بە ئارامی، پەرۆشییەکی زۆر و پاڵنەرێکی گەورەوە. ئەم یارییە هەموو ئەو پێکهاتانەی تێدایە کە یارییەکی خاوەن ئەم گرنگییە گەورەیە پێویستی پێیەتی. من لەسەر ئاستی تاکەکەسی ئارامم، چێژ لەم ساتە وەردەگرم، چێژ لە کەشی نێو گرووپەکە وەردەگرم، کە نایابە و هاوكات چێژ لە رەفتاری یاریزانەکان وەردەگرم. ئەوان پەرۆشن بۆ ئەوەی ئەو رۆژە بگات.
بە هەمان شێوازی ئەو یارییانەی کۆتایی کە لەسەر ئاستی لاوان راهێنەرایەتیت دەکردن هەستی پێ دەکەیت، یان ئەمە بە تەواوی جیاوازە؟
نەخێر، ئەمە زۆر گەورەترە. لە ناخی خۆتدا دەزانیت کە ئەمە گرنگی و بەرپرسیارێتییەکی زۆر زیاتری هەیە. سەرنجی میدیاکان بێشومارە، بەڵام لە ناخەوە و لە رووی دەروونییەوە من بە هەمان بەرپرسیارێتی، پیشەگەری و وردبینییەوە لەگەڵ هەر یارییەک مامەڵە دەکەم. لەسەر ئاستی تاکەکەسی، هەمان ئەو پەرۆشییەم هەیە کە لە یارییەکانی پێشووی کۆتاییدا هەمبوو. جیاوازییەکە ئەوەیە کە لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا، فێردەبیت پێزانینی زیاترت بۆ هەر ساتێک هەبێت، ئەزموون بە راستی جیاوازی دروست دەکات.
ئێمە لامینمان بینی کە کەمێک بە شەلینەوە دەڕۆیشت، پێکانی هەیە؟
نەخێر، ئەو لە یاریی رابردوودا لە کاتی رووداوی لێدانی سزادا بەرکەوتنێکی هەبوو. وەکوو خۆپارێزییەک و لەبەر ئەوەی ناڕەحەتییەکی کەمی هەبوو کە رێگری لێ کرد دوێنێ بە شێوەیەکی ئاسایی مەشق بکات، پێمان باش بوو کە بەتەنیا راهێنان بکات. ئەمڕۆ لەگەڵ گرووپەکەدا مەشق دەکات.
بە گشتی چۆنی دەبینیت؟ ئێمە خوێندمانەوە کە تۆ چاوەڕوانی زیاترت لێ دەکرد
بێگومان چاوەڕوانی زیاترم هەیە لەو و لە هەموو کەسێک. ئەمە بە هیچ شێوەیەک رەخنە نییە، من بە ئاستی لامین دڵخۆشم، رێک بەو شێوازەی بە ئاستی هەموو کەسانی دیکە دڵخۆشم. یەکێک لە بنەماکانی ئەم تیمە ئەوەیە کە دەیەوێت هەموو رۆژێک باشتر بێت. لامین بەهرەیەکی نایاب و توانایەکی بێسنووری هەیە، ئەو یەکەم کەسە کە دەیەوێت هەموو رۆژێک باشتر بێت، چونکە کوالێتی، بەهرە و بەرپرسیارێتییەکەی بەرامبەر ئەو خەڵکەی بەدواداچوونی بۆ دەکەن، داوای ئەوە دەکات.
وێنەی لامین لەپاڵ مێسیدا لە مەیدانی تایمز سکوێر دەردەکەوێت…
پێویستە لەبیرمان بێت ئەو تەنیا 19 ساڵە، مێسی 20 ساڵ لەو گەورەترە. مێسیش کاتێک لاو بوو بەم دۆخانەدا تێپەڕی، بەڵام ئێستا بە شێوازێکی دیکە ئەزموونیان دەکات. لامین بۆ تەمەنی خۆی پێگەیشتووە، بەڵام هێشتا پێویستی بە رێنمایی هەیە. ئێمە یارمەتی دەدەین نەوەکوو تەنیا وەکوو یاریزانێک، بەڵکوو وەکوو مرۆڤێکیش.
چۆن سەیری بەراوردکاریی میدیاکان لەنێوان لامین و مێسیدا دەکەیت؟
هەردووکیان یاریزانی نایاب و نائاسایین، بەڵام بۆ ئێستا هیچ بەراوردکارییەک نییە. مێسی ژیانێکی وەرزشیی وای دروست کردووە کە هیچ کەسێک لە مێژووی تۆپی پێدا نەیکردووە، لە کاتێکدا لامین تازە دەستی پێ کردووە. دەبێت کاتی پێ بدەین، بەئارام بین و تێبگەین کە ئەو هێشتا لە قۆناخی گەشەکردندایە. ئەو نایابە و هەموو ژمارە پێوانەیییەکانی بۆ تەمەنی خۆی دەشکێنێت، بەڵام ئێمە باسی مێسی دەکەین. ئەوە ئاستێکی دیکەیە.
چ شتێک دەربارەی مێسی زۆر نیگەرانت دەکات؟
ئەوەی کە یەکێک لە ئاستە بەرز و گەورەکانی خۆی پێشکەش بکات، وەکوو چۆن زۆرجار دەیکات، بەڵام لامینیش دەتوانێت یارییەکی گەورە بکات. من سەرنج دەخەمە سەر ئەو شتانەی کە دەتوانم کۆنترۆڵیان بکەم، کە ئەویش ئاستی یاریزانانی خۆمانە. ئەگەر ناچار بم هەڵبژێرم، ئەوە هەڵدەبژێرم کە تیمەکەم باشترین رۆژی خۆی هەبێت.
دروستکردنی سیستمێکی دژە مێسی زۆر سەختە؟
پێویستە ئێمە خاڵە بەهێزەکانی خۆمان بەکار بهێنین، تیمێکی خاوەن دیسپلینی تاکتیکین و پێکهاتەیەکی بەرگریی زۆر هاوسەنگمان هەیە، بەو شێوازەش کار دەکەین چ مێسی یاری بکات یان نا. بێگومان، لە هەندێک شوێنی یاریگادا ئەو پێویستی بە سەرنجی تایبەت هەیە، بەڵام شتە گرنگەکە ئەوەیە سەرنج بخەینە سەر تۆپی پێی خۆمان. ئێمە دەتوانین خۆمان بگونجێنین، بەڵام ناتوانین ناسنامەی خۆمان لەبەر خاتری هیچ کەسێک واز لێ بهێنین.
تۆ جارێک خولیان ئالڤارێزت وەکوو یەکێک لە باشترینەکانی جیهان وەسف کرد. کات راستیی تۆی سەلماند.
ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئارەزووە تاکەکەسییەکان و چۆنییەتی گونجانی هەندێک یاریزان لەگەڵ بیرۆکەکانی راهێنەرێکدا. چەندین یاریزانی نایاب هەن، بەڵام هەموویان لەگەڵ هەموو شێوازێکدا ناگونجێن. دوای گوتنی ئەمەش، پێم وایە خولیان یاریزانێکی نایابە.
ئایا هێشتنەوەی پێدری لەسەر کورسیی یەدەک قورسترین بڕیار بوو کە ناچار بوویت بیدەیت؟
بە هیچ شێوەیەک، من بڕیاری زۆر لەوە سەختترم داوە. ئەمە تیمێکە و تیمبوون واتە بەکارهێنانی هەر 26 یاریزانەکە. میدیاکان گرنگییەکی گەورە بەوە دەدەن کێ بە سەرەکی دەست پێ دەکات، بەڵام ئەو یاریزانانەی لەسەر کورسیی یەدەکەوە دێنە ناوەوە زۆرجار یەکلاکەرەوە بوون، نەوەکوو تەنیا لەم دواییانەدا لەگەڵ میکێل مێرینۆ، بەڵکوو لە درێژایی گەشتەکەماندا. یارییەکە بەردەوام دەبێت تاوەکوو ناوبژیوان فیکەی کۆتایی لێدەدات.
ئایا پێدری و دانی ئۆڵمۆ دەتوانن پێکەوە یاریی بکەن؟
بەڵێ، ئەوان چەندین جار پێکەوە یارییان کردووە. شانازییەکە ئەوەیە کە فابیان، رۆدری، زوبیمێندیمان هەیە… من هەموویان زۆر باش دەناسم. بەرپرسیارێتیی من تەنیا ئەوەیە دادپەروەر بم و ئەو هەڵبژاردنانە بکەم کە بۆ تیمەکە باشترینن. ئێمە بەختەوەرین کە یاریزانی وەکوو گاڤی و بایناشیان هەیە. خەڵک بە خێرایی لەبیر دەکەن کە چەندە بەهرەمان هەیە.
بردنەوەی مۆندیال چ واتایەک دەبەخشێت؟
سەرەتا، واتای دڵخۆشی دەبەخشێت چونکە رێگە بە تەواوی وڵاتێک دەدات چێژ لە سەرکەوتنێکی هاوبەش وەربگرن. ئەمە رووحییەتی ساڵی 2010 دەگەڕێنێتەوە و وڵاتەکە لە دەوری ئامانجێکی هاوبەش یەک دەخات. هاوكات دەبێتە هۆی رەزامەندی بۆ کارێکی باش کە ئەنجام دراوە. گەیشتن بە یاریی کۆتایی مۆندیال کارێکی یەکجار سەختە. سەرکەوتن لە هەر قۆناخێکی کرانەدەرەوە هێشتا سەختترە. تەنیا هەبوونی دەرفەتی کێبڕکێکردن لەسەر نازناوەکە سەرکەوتنە. بردنەوە یان دۆڕان بەندە بە هەزاران هۆکارەوە، هەندێک جار دەکرێت زۆر لە رکابەرەکەت باشتر بیت و هێشتا بیدۆڕێنیت.
خەڵک زۆر باس لە شێوازی جەستەییی ئەرجەنتین دەکەن، تۆ نیگەرانیت؟
زۆربەی شتەکان بەندە بە ئاستی ناوبژیوانەوە، پێویستە سلاڤکۆ ڤینچیچی ناوبژیوان نەرم نەبێت و رێگە نەدات لە یاساکانی یارییەکە تێپەڕ بدرێت، نابێت بهێڵێت ئەو سنوورانەی یاساییبوونی تۆپی پێ ببەزێنرێن. من متمانەی تەواوم بە ناوبژیوانان هەیە، بەڵام هاوكات متمانەی تەواوم هەیە کە ئێمە بە تەواوی دەزانین پێویستە چ جۆرە یارییەک بکەین. ئێمە بە یاریکردنی تۆپی پێ ئاسوودەین، بە دڵسۆزبوونی خۆمان بۆ شێوازەکەمان و بە دوورکەوتنەوە لە پاڵنەرەکانی تووڕەکردن، کە ئەمە بەو واتایە نییە ئەرجەنتین پاڵنەرمان بداتێ تووڕەبین. ئەوان تۆپی پێی خۆیان یاری دەکەن و ئێمەش دەبێت بە تەواوی سەرنج بخەینە سەر هی خۆمان، لەسەر بەهێزکردن و باشترکردنی شێوازەکەمان. ئەگەر لەو ناسنامەیە نزیک بمێنینەوە کە ئێمەی گەیاندە ئێرە، دەرفەتی زۆر زیاترمان بۆ بردنەوە دەبێت، ئەگەر لە مۆدێلەکەمان دوور بکەوینەوە، تووشی ئاستەنگی دەبینەوە.
چۆن ئەزموونی ئەو رەخنانەت کرد دوای یەکسانبوونەکە بەرامبەر کەیپ ڤێرد، بەرامبەر بەو ستایشانەی ئێستا وەری دەگریت؟
ئێمە رێک وەکوو خۆمان ماوینەتەوە، هەمیشە پرۆسەکە، شوێنی خۆمان و ئەو رێگەیەی دەبوو بیبڕین دەزانی. یاریزانەکان خۆیان دەگونجاند و ریتمی خۆیان لە پاڵەوانییەتییەکی تەواو نوێدا دەدۆزییەوە. شتێکی سەرنجڕاکێشە، هەردوو تیمی گەیشتوو بە یاریی کۆتایی تەنیا ئەو تیمانەن کە نەیانتوانی لە کەیپ ڤێرد ببەنەوە. ئەمە پێت دەڵێت کە ئەوان تیمێکی هێندە لاواز نەبوون. ئەوانەی پیشەگەر نین لەوانەیە ئەمە بەلایانەوە سەیر بێت، بەڵام بۆ پیشەگەرەکان سەیر نەبوو.
تۆ گرێبەستەکەت تاوەکوو ساڵی 2028 بەردەوامە. ئەگەر بیبەیتەوە، خۆت وەکوو راهێنەری ئیسپانیا لە مۆندیالی 2030 دەبینیت؟
(بە پێکەنینەوە) من لە شێوازی بیرکردنەوەمدا زۆر کورتخایەنم، ئێستا بیر لە مەشقەکەی ئەمڕۆ دەکەمەوە، پاشان مەشقی سبەی و دواتر یاریی کۆتایی. دوای ئەوەش بیر لە رۆژی دووشەممە دەکەمەوە، سەیری ساڵانی داهاتوو ناکەم. بەڵام ئەگەر پرسیارم لێ بکەیت ئایا حەز دەکەم لە مۆندیالی 2030 راهێنەرایەتیی ئیسپانیا بکەم، بێگومان حەز دەکەم، کێ حەز ناکات؟ دوای گوتنی ئەمەش، سەرەتا دەبێت سەرنج بخەینە سەر ئەم مۆندیالە و ئەو پاڵەوانییەتییانەی کە پێش ئەو دێن.



