ئینگلتەراراپۆرتی تایبەتگرنگترین

وێنە | ئەو سەرتاشە کوردەی 8 ساڵە فۆدین و کوڕەکەی لای ئەو نەبێت ناچنە لای هیچ سەرتاشێکی دیکە

سەرتاشە کوردەکە چیرۆکی پەیوەندیی نێوان خۆی و فۆدین بۆ یاریگا دەگێڕێتەوە

Yariga App

یاریگا –

سەرتاشێکی کورد لەوەتەی ساڵی 2017 فیل فۆدین هێرشبەری لاوی مانچێستەر سیتی و کوڕەکەی هەفتانە سەردانی دەکەن، دەڵێت ‘چەند جارێک بانگهێشتی کردووم بۆ یاریگای ئیتیحاد و لای من نەبێت لای هیچ سەرتاشێکی دیکە سەری ناتاشێت’.

هاوکار مەحموود حاجی خەڵکی چوارقوڕنەیە و بە پاشا فەید ناسراوە، لەوەتەی ساڵی 2014 لە بەریتانیا دەژی، لەوەتەی ساڵی 2017 وەکو سەرتاشێک لە شاری مانچێستەر کار دەکات، لە لێدوانێکی بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا دەڵێت :’هەشت ساڵە فۆدین لای من نەبێت بۆ قژتاشین ناچێتە لای هیچ سەرتاشێکی دیکە، تەنیا ئەو کاتانە نەبێت کە گەشت دەکەم و لە بەریتانیا نیم، ئەگینا فۆدین هەفتانە خۆی و کوڕەکەی لای من قژیان دەتاشن’.

وێنەی سەرتاشە کوردەکە لەگەڵ فیل فۆدین
وێنەی سەرتاشە کوردەکە لەگەڵ فیل فۆدین

سەرتاشە کوردەکە لەبارەی پەیوەندی نێوان خۆی و فیل فۆدین، بە تۆڕی وەرزشی یاریگاـی راگەیاند:’لەوەتەی ساڵی 2017 من سەرتاشی تایبەتی فۆدینم، هەفتانە خۆی و کوڕەکەی سەردانم دەکەن و پەیوەندییەکی هاوڕێیەتی بەهێزم لەگەڵی هەیە، هەندێکجار فۆدین خۆی دێتە سەرتاشخانەکەم و هەندێکجاریش من بۆ سەرتاشین دەچمە یاریگای راهێنانەکانی مان سیتی، جگە لە فۆدین هەریەکە لە کایل وۆکەر و ئیدەرسن لە مان سیتی بۆ سەرتاشین دێنە لای من’.

سەرتاشە کوردەکە دەشڵێت :’من و فۆدین زۆر هاوڕێین، تەنانەت زۆر جار لە ماڵەکەی میوانداریم دەکات و بەیەکەوە شەوانە سەیری یاریی تۆپی پێ یان یاریی هونەرییە جەنگییەکان دەکەین، چەند جارێک بانگهێشتی کردووم بۆ یاریگای ئیتیحاد لەوێ بەیەکەوە سەیری یاریی مانچێستەر سیتیمان کردووە، جگە لە فۆدین هاوڕێیەتیم لەگەڵ وۆکەریش هەیە’.

پاشا لەبارەی ئەو ئەستێرانەی پرێمەرلیگ کە سەردانی سەرتاشخانەکەی دەکەن، دەڵێت :’جگە لە فیل فۆدین، هەریەکە لە جاک هاریسن و دۆکۆری عەبدوڵا یاریزانانی ئێڤەرتن کڕیاری تایبەتی خۆمن و بانگهێشتیان کردووم بۆ یارییەکانی ئێڤەرتن بۆ یاریگای گۆدیسن پارک’.

هەروەها دەشڵێت :’من خۆم ستایلەکانی قژی فۆدین هەڵدەبژێرم، هەرگیز ناڕەزایەتی بەرامبەر ستایلەکانی قژی دەرنەبڕیوە و ستایلەکانی قژی زۆر بەدڵە، چەند وشەیەکی کوردیم فێر کردووە، دەزانێت بە کوردی بڵێت چۆنی، باشی، سوپاس’.

بابەتی زیاتر

Back to top button