یاریگا –
هانزی فلیک، راهێنەری بارسێلۆنا دان بە قورسی دۆخی دانی ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆر دەنێت.
تاوەکو ئێستا بارسێلۆنا نەیتوانیوە ناوی ئۆلمۆ و ڤیکتۆر لە لالیگا بۆ نیوەی دووەمی ئەم وەرزە تۆماربکات، ئەمەش پرسیاری گەورەی لەسەر چارەنووسی هەردوو یاریزانەکە دروستکردووە.
فلیک، لە پرێس کۆنفڕانسی بەر لە یاریی قۆناخی پێشکۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو دەڵێت
ئەمەیە دۆخەکە، وەکو راهێنەر دەبێ قسە لەگەڵ هەموو یاریزانان بکەم. وەکو پێشتر باسم کرد، شتەکە بۆ من ئاسان نییە. لەدەستدانی یاریزانی وەکو ئەم دوو یاریزانە قورسە بۆ ئێمە و ئەوان.
هەردوو یاریزانەکە زۆر گرنگن و خۆیان سەلماندووە. هەموومان دانی ئۆلمۆ دەناسین، ئەو یاریزانێکی زۆر نایابە و زۆر بیری دەکەین، بەڵام دەبێ خۆمان بگونجێنین.
بەدڵنیاییەوە ئەم بابەتە کاریگەری لەسەر ئێمە دروستکردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا، ئەندامانی تیمەکە لەیەکتر نزیکدەکاتەوە.
بۆچی بارسێلۆنا ناتوانێت ناوی ئۆلمۆ لە لالیگا تۆمار بکات؟
بەگوێرەی یاساکانی لالیگا هەر یانەیەک بەگوێرەی باڵانسی نێوان خەرجییەکان و داهاتەکانی دەتوانێت مووچەی یاریزانەکانی بدات، واتە نابێت یانەکان خەرجییەکی زۆر بکەن بەبێ ئەوەی هێندە داهاتیان هەبێت، ئەمەش بۆ پاراستنی یانەکانە لە مایەپووچبوون.
مانگی فێبرایەری 2024 بەگوێرەی راگەیاندراوێکی کۆمەڵەی لالیگا، بەرزترین رێژەی مووچەی رێگەپێدراوی بارسێلۆنا 204 ملیۆن یۆرۆ بوو لەکاتێکدا ئەوکات مووچەی یاریزانانی یانەکە دەگەیشتە 500 ملیۆن یۆرۆ، بارسێلۆنا بۆ ئەوەی ئەو ئاستی مووچەی رێگەپێدراوی یاریزانەکانی بگەیەنێتە ئاستی مووچەی راستەقینەی یاریزانەکانی، دەستی بە زیادکردنی داهاتەکانی کرد، دەستی بە فرۆشتنی ئەو یاریزانانە کرد کە مووچەیان زۆرە و دەستی بە گەڕان بەدوای گرێبەستی سپۆنسەریکردن و بەکرێدانی موڵکەکانی یانەکەی کرد، لە مانگی سێپتێمبەری 2024 ئاستی مووچەی رێگەپێدراوی یاریزانەکانی گەیاندە 426 ملیۆن یۆرۆ، لەکاتێکدا هێشتا ئاستی مووچەی راستەقینەی یاریزانەکانی بلاوگرانا 500 ملیۆن یۆرۆ بوو.