تیۆ هێرناندێز میلان جێدەهێڵێت و دوو یانەی گەورە چاودێری دەکەن
نرخی گواستنەوەی دەگاتە 50 ملیۆن یۆرۆ
یاریگا –
ئەیسی میلان ئامادەیە دەستبەرداری تیۆ هێرناندێز، کاپتنی یانەکەی ببێت.
داهاتووی هێرناندێز لە سێریا ئەی بووەتە جێی گومان، ئەمەش بەهۆی گرنگیپێدانی لەلایەن چەندین یانەی گەورەی ئەوروپییەوە.
پێگەی کاڵچیۆ مێرکاتۆ بڵاویکردووەتەوە، تیۆ وەکو جاران لە میلان دڵخۆش نییە، ئەمەش بەهۆی ناجێگیری ئەنجامی یانەکە. میلان داوای بڕی 50 ملیۆن یۆرۆ بۆ دەستبەرداربوون لە ئەستێرە فەڕەنسییەکە دەکات.
یانەکانی ریال مەدرید و مانچێستەر یونایتد، دوو یانەی سەرەکین کە گرنگیان بە هێرناندێز داوە، بەڵام هیچ هەنگاوێکی فەرمی نەنراوە.
ریال مەدرید وێڵە بەدوای گواستنەوەی بەرگریکارێکی باڵی چەپ، هەریەکە لە هێرناندێز و ئاڵفۆنسۆ دەیڤز، لە راداری یانە شاهانەکەدان.
لەلایەکی دیکەوە، روبن ئامۆریم زۆر بە تواناکانی هێرناندێز سەرسامە. بەگوێرەی زانیارییەکانی پێگە ئیتاڵییەکە بێت، ئامۆریم پێی وایە تیۆ دەتوانێت زۆر بەباشی خۆی لەگەڵ شێوازی یارییکردنی 3-4-3 بگونجێنێت.
گرێبەستی هێرناندێز لە هاوینی ساڵی 2026 بەسەردەچێت و گفتوگۆکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی وەستاون. مانوێل گارسیا کیلۆن، بەڕێوەبەری کارەکانی تیۆ روونیکردووەتەوە، بەمدواییە پەیوەندییەکانی لەگەڵ میلان زۆر کەمبووەتەوە، ئەمەش وەکو ئاماژەیەکە بۆ نزیکبوونەوەی چوونە دەرەوەی لە قەڵای سان سیرۆ.
سبەی چوارشەممە، میلان لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر رێد ستار یاریی دەکات. هەرچەندە دوو یاریی سەرەتای لە چامپیۆنزلیگ دۆڕاند، بەڵام دواتر سێ یاریی لەسەریەک بردەوە و ئێستا لە پێگەیەکی باشدایە.