یاریگا –
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری ئیسپانی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی باس لە شكستە قورسەكەیان بەرامبەر تۆتنهام دەكات.
شەوی رابردوو مانچێستەر سیتی لە یاریگای ئیتیحادی تایبەت بە خۆی میوانداری تۆتنهامی كرد و یارییەكەش بە ئەنجامی چوار گۆڵی بێ وەڵام لە بەرژەوەندی یانەی میوان كۆتایی هات، لە میانی یارییەكانی هەفتەی دوازدەی پرێمەرلیگ.
لە دوای یارییەكە پێپ گواردیۆلا گوتی:
بە باشی دەستمان بە یارییەكە كرد، بەڵام نەمانتوانی گۆڵ بكەین، دواتر گۆڵمان لێكرا و شتەكان قورستر بوون.
لە ماوەی هەشت ساڵدا هەرگیز لەم جۆرە دۆخەمان نەژیاوم، ئێستاش دەبێت ئەو دۆخە بژین، دەبێت بە بردنەوەی یارییەکانی داهاتوو، بەتایبەتی یاریی داهاتوو، بیشکێنین و لەم دۆخە بێینە دەرەوە.
هەندێک جار دەبێت بژیت، هەندێک جار هۆکارەکان نادۆزیتەوە، هەوڵ دەدەین بیاندۆزینەوە بەڵام هەندێک جار وا روودەدات، وە دەبێت ئەوە قبوڵ بکەین، ژیان هەمیشە لە تۆپی پێی مۆدێرن ئەوە نییە کە تۆ دەتەوێت، بەڵام ئێمە هەڵدەستینەوە و ئێمە دەیکەین.
دەبێت بەرەو پێشەوە بچین، دەبێت ئەوە بشكێنین، رۆژی سێشەممە بەرامبەر فاینۆرد دەبێت هەوڵی شكاندنی دۆڕانە یەک لەسەر یەكەكان بدەین، كاتێک بە ئەنجامی 4-0 دەدۆڕێیت پێوویست ناكات زۆر شت بڵێیت، پیرۆزبایی لە تۆتنهام دەكەم.
لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی لیڤەرپوول و زیادبوونی جیاوازی نێوانیان
بەڵێ، لیڤەرپوول دەتوانێت پرێمەرلیگ بباتەوە، بەڵام ئێمە نابێ لە ئێستاوە بیر لە کۆتایی وەرز بکەینەوە، بەڵکو دەبێ سەرنجمان لەسەر یاریی داهاتوو بێت. وەرزی رابردوو بووینە پاڵەوان، چونکە شایەن بووین. ئێستاش دەبێ هەنگاو بە هەنگاو بچینە پێش و لە سەرووی هەمووشییەوە، بگەینە چامپیۆنزلیگ.
مانچێستەر سیتی بە كۆكردنەوەی 23 خاڵ لە ریزبەندی دووەمی پرێمەرلیگ دێت.