یاریگا –
ناچۆ لەدوای دوای جێهێشتنی ریال مەدرید و چوونی بۆ خولی سعودیە سەبارەت بە بانگهێشتنەکردنی بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا سەری سوڕ ماوە.
بە پێچەوانەی دەنگۆکان، ناچۆ فێرناندێز بۆ پشوو نەچووەتە سعودیە. یانەی قادیسیە بڕە پارەیەکی زۆری خەرج کرد تاوەکوو کاپتنی پێشووی ریال مەدرید لە هاوینی ئەمساڵدا رابکێشێت، ناچۆش هەر لە یەکەم رۆژەوە لە بارودۆخی خۆی لە یانە سعوودیەکە رازییە.
راستەوخۆ دوای دەستپێکردنی ئەم وەرزە، ناچۆ بووە یەکێک لە باشترین بەرگریکارەکانی هێڵی ناوەڕاستی خولی سعودیە و لەو کاتەوە بە کاریزمای خۆی هەموو چاوەکانی بەرەو قادیسیە راکێشاوە. تیپێک کە ئەمساڵ سەرکەوت بۆ خولی رۆشەنی سعودیە و تاڕادەیەکی زۆر لەم وڵاتەدا نادیارە.
بەڵام بەهۆی ئەم گواستنەوەیەوە کێشەیەک بۆ ناچۆ درووست بووە کە پەیوەندی بە بانگهێشتنەکردنی بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا هەیە. تا ئێستا لە دوای یۆرۆی 2024ەوە لەلایەن لویس دیلافونتیەوە بانگهێشت نەکراوەتەوە.
کاپتنی پێشووی ریال بەم بابەتە سەری سوڕماوە. لەلێدوانێکیدا بۆ کادینا سێر گوتی:
لەنێو هەموو ئەو یاریزانەی جامی نەتەوەکانی ئەوروپایان بردەوە، تاکە کەس بووم کە بەهۆی بڕیارێکی تەکنیکییەوە بانگهێشنەکراوم ئەوەش کەمێک سەرسامی کردم. لەوەتەی یۆرۆمان بردەوە لەگەڵ دێلا فۆینتێ قسەم نەکردووە.
پێم وایە کەمێک سەیرە کە رۆیشتن لە ریال مەدریدەوە بۆ خولی سعودیە شتێکی وای لێکەوتەوە. یاریزانانی تریش هەن تیپەکانیان گۆڕیوە و تا ئێستاش بانگهێشت دەکرێن. دەبێت پرسیار لە راهێنەرەکە بکەیت چونکە من هیچ کێشەیەکم لەگەڵیدا نەبووە، زۆر بە پەرۆش بووم بۆ گەڕانەوە بۆ هەڵبژاردە.
ناچۆ لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا توانی نازناوی یۆرۆی 2024 بەدەست بهێنێت و نازناوێکیتر بۆ کاروانی وەرزشی خۆی زیاد بکات.