ئاسیاعێراقکوردستانگرنگترین

تایبه‌ت به‌ یاریگا؛ چوار یانه‌ی گەورە ئۆفه‌ریان پێشكه‌شی هاڕوون ئه‌حمه‌د كردووه‌

چوار ئۆفەری گەورە لەسەر مێزی کاپتنەکەی دهۆکە

Yariga App

یاریگا –

لەگەڵ نزیکبوونەوەی مێرکاتۆی هاوینە، بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق گەرموگوڕییەکی بێوێنە بەخۆیەوە دەبینێت.

بەپێی ئەو زانیارییە تایبەتانەی دەست تۆڕی وەرزشی یاریگا کەوتوون، هارون ئەحمەد، ئەستێرە و کاپتنی یانەی دهۆک، بووەتە ئامانجی سەرەکی چەندین یانەی گەورەی ناوخۆیی و دەرەکی.

ململانێی سێ زەبەلاحەکەی عێراق

هارون ئەحمەد دوای پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز  ئێستا کەوتووەتە ژێر چاودێری وردی جەمسەرە بەهێزەکانی تۆپی پێی عێراق و سێ ئۆفەری فەرمی و گەورەی لەلایەن یانە دیارەکانەوە پێگەیشتووە.

یانەی شورتە بە پەرۆشەوە هەوڵی گواستنەوەی دەدات بۆ ئەوەی بۆ وەرزی داهاتوو پێکهاتەکەی تۆکمەتر بکات، هاوکات یانەی زەوراش دەیەوێت بە سوودوەرگرتن لە تواناکانی ئەم یاریزانە، هێڵی ناوەندی نەوارسەکان بۆ ململانێی ناسناوەکانی داهاتوو بەهێزتر بکات.

لەلایەکی تریشەوە، یانەی گەرمە کە وەک هێزێکی نوێ و خاوەن پڕۆژەیەکی گەورە و بودجەیەکی خەیاڵی دەرکەوتووە، دەیەوێت هارون ئەحمەد بکاتە یەکێک لە نیشانە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی پڕۆژە وەرزشییەکەی و کێبڕکێی یانە گەورەکانی پێ بکات.

ئۆفەرێک لە کوەیتەوە

تۆڕی وه‌رزشی یاریگا زانیاری ئه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وتووه‌، كه‌ تەنیا یانە ناوخۆییەکان نین کە چاویان لەسەر هارونە، بەڵکو یانەی قادسیەی کوێتی کە یەکێکە لە ناودارترین یانەکانی کەنداو، ئۆفەرێکی فەرمی پێشکەش بەو یاریزانە کردووە، به‌ڵام یاریزانه‌كه‌ هێشتا وه‌ڵامی نه‌داوه‌ته‌وه‌.

بڕیاری کۆتایی لای هارونە

یاریگا زانیاری ئه‌وه‌شی ده‌ستكه‌وتووه‌ كه‌ هارون ئەحمەد تاوەکو ئێستا هیچ کام لەو ئۆفەرانەی رەتنەکردووەتەوە و بە وردی تاوتوێی لایەنی دارایی و هونەریی هەموو گرێبەستەکان دەکات.

هەمان سەرچاوە جەختی لەوەش کردەوە کە مانەوە لە یانەی دهۆک هێشتا یەکێکە لە بژاردەكانی یاریزانه‌كه‌، چونکە خۆشه‌ویسته‌یه‌كی زۆری بۆ یانەکە و هاندەرانی دهۆک هەیە و نایەوێت بەبێ لێکۆڵینەوەی قووڵ بڕیار بدات.

بابەتی زیاتر

Back to top button