راپۆرتی تایبەتکۆپا ئەمریکاگرنگترین

نامەیەک لە ئادریانۆوە: لەدوای کۆچی دوایی باوکم چێژ لە بەفیڕۆدانی ژیانم دەبینم

ئادریانۆ بۆیەکەمجار وردەکارییەکانی رووخانی ژیانی دەدرکێنێت

Yariga App

یاریگا –

ئادریانۆ ئەستێرەی پێشووی بەڕازیلی لە نامەیەکی کە لە ماڵپەڕی تریبەن پلەیەرس بڵاوبووەتەوە، وردەکارییەکانی رووخانی ژیانی کەسی خۆی و رۆتینی ئێستای لایفستایلی دەدرکێنێت، پەردە لەسەر چەند نهێنییەکی لادەبات.

ئادریانۆ لە نامەکەیدا کە بە ناونیشانی ‘نامەیەک بۆ فاڤێلا’ بڵاویکردووەتەوە، دانی بەوەداناوە ئاڵوودەی خواردنەوە کحولییەکان بووە و باسی بێ هیوابوونی خۆی لە ژیان کردووە، لەدوای کۆچی دوایی باوکی.

هێرشبەرەکەی پێشووی ئینتەر میلان کە یەکێک بوو لە باشترین هێرشبەرەکانی مێژووی تۆپی پێی بەڕازیل، لە نامە درێژەکەیدا لەبارەی حاڵی ئێستای نووسیویەتی :’هەندێک کەس هەوڵ دەدەن زانیاری ناڕاست لەبارەی منەوە بڵاو بکەنەوە، من ماددە هۆشبەرەکان بەکار ناهێنم، من هیچ تاوانێکم نەکردووە، من حەز بە چوون بۆ ئاهەنگەکان ناکەم، هەمیشە دەچمە ماڵەکەم لە هەمان شوێن، ئەگەر ویستتان دەتوانن لە گەڕەکی نانا کیۆشک بمدۆزنەوە، من هەموو دوو رۆژ جارێک خواردنەوە کحولییەکان دەخۆمەوە، من رۆژانە دەخۆمەوە، رۆژ لەدوای رۆژ هەست بە خراپتربوونی ژیانم دەکەم’.

لەبارەی بێ هیوابوونی لە ژیان نووسیویەتی :’کاتێک بەتەنیام هەمیشە بیر لەوە دەکەمەوە کە گەورەترین یاریزانی بەهرەمەندی لەدەستچووم، بەڵام لەدوای کۆچی دوایی باوکم چێژ لە بەفیڕۆدانی ژیانم دەبینم، من چێژ لەو ناسناوە دەبینم، چێژ لەوە دەبینم تەواوی ژیانم بەفیڕۆ بدەم، من ئاڵوودەی بەفیڕۆدانی ژیانی خۆمم’.

هێرشبەرەکەی پێشووی پارما و فلامینگۆ لەبارەی دەستکردنی بە خواردنەوەی کحولییەکان نووسیویەتی :’من جارێکیان هەندێک بیرەم لەناو پەرداخێک کردبوو دەمویست بخۆمەوە، کاتێک باوکم بینی زۆر تووڕە بوو، هات بەسەر مندا هاواریکرد، بەڵام دایکم هات و هەوڵیدا ئارامی بکاتەوە’.

ئادریانۆ لەبارەی کۆچی دوایی باوکی دەڵێت :’کۆچی دوایی باوکم ژیانی منی بۆ هەتاهەتایە گۆڕی، کێشەکە ئەوەیە هێشتا من ناتوانم تێیبپەڕێنم، باوکم لە یەکێک لە ئاهەنگەکانی کروزێرۆ گوللەیەک بەر سەری کەوت، گوللەیەکی کوێری بەرکەوت، باوکم هیچ پەیوەندی بەو رووداوە نەبوو’.

لەبارەی ژیانی لەدوای کۆچی دوایی باوکی، پیاوە 42 ساڵانەکە دەڵێت :’دوای کۆچی دوایی باوکم ژیانم گۆڕا، تووشی خەمۆکییەکی قووڵ بووم، ماسیمۆ مۆراتی سەرۆکی ئەوکاتی ئینتەر میلان پێشنیازی کرد بچمە سویسڕا لەوێ دووبارە کار لەسەر رێکخستنەوەی ژیانم، بکرێت، ئەوکات هیچ تێندەگەیشتم چی دەڵێن’.

هێرشبەرە بەڕازیلییەکە دەشڵێت :’ئەوکات زۆر بەم قسەیە تووڕە بووم، دەمگوت ئێوە دەتانەوێت من بچمە نەخۆشخانەیەکی شێتان؟ من هیچ کێشەیەکم نییە’.

ئادریانۆ ساڵی 2016 بەیەکجاریی وازی لە یاریکردن هێنا، لە ساڵانی 2004-2009 لە ریزی ئینتەر میلانی ئیتاڵی یاریی کردووە کە سەردەمی زێڕینی کاروانی وەرزشی بوو، چوار نازناوی سێریا ئەی بۆ نێرادزۆری بەدەستهێنا، لەگەڵ هەڵبژاردەی بەڕازیل نازناوی کۆپا ئەمریکای 2004ـی بەدەستهێنا، لەگەڵ سێلیساو لە 48 یاری 27 گۆڵی کرد.

بابەتی زیاتر

Back to top button