یاریگا –
کیلیان ئێمباپێ، گەراجێکی پڕ لە ئۆتۆمبێلی لوکس و گرانبەهای هەیە، بەڵام جیاواز لە یاریزانانیتر ناتوانێت ئۆتۆمبێل لێبخوڕێت.
دوێنێ کیلیان ئێمباپێ وەک یاریزانی نوێی ریال مەدرید ناسێندرا. یانە مەدریدیەکە گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای بی ئێم دەبلیو وەک سپۆنسەر هەیە، بەڵام ئەستێرە نوێیەکەی ناتوانێت هیچ کام لە مۆدێلەکانی ئۆتۆمبێلە ئەڵمانیەکە لێبخوڕێت.
ئێمباپێ لە 20ی ئەم مانگە تەمەنی بوو بە 25 ساڵ و دەکرا 7 ساڵ لەمەوبەر مۆڵەتی شۆفێری هەبێت، چونکە لە فەرەنسا هاوشێوەی ئیسپانیا دەتوانیت لە تەمەنی 18 ساڵیدا مۆڵەتی شۆفێری وەربگریت، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، ئێمباپێ تا ئێستا مۆڵەتی شۆفێری وەرنەگرتووە. بێگومان ئەم راستییە رێگری نەکردووە لە کۆکردنەوەی چەندین ئۆتۆمبێلی گرانبەها لە گەراجەکەیدا.
شتێک کە لەناو ئەستێرەکانی تۆپی پی باوە، بینینی ئەوانە کە سواری ئۆتۆمبێلێکی گرانبەها دەبن کە لێی دەخوڕن بۆ مەشقکردن یان هەندێک یاری پێی دەڕۆن. زۆرێکیان ئۆتۆمبێلەکانیان نمایش دەکەن و لە ماڵەوە نمایشگایەکی گەورەیان هەیە. تەنانەت هەندێکیان بەهۆی خێرایی لێخوڕینەوە تووشی کێشە بوون.
سەبارەت بە هێرشبەرە نوێیەکەی ریال مەدرید، لانیکەم بۆ ئێستا نابینین خۆی شۆفیری بکات. لەدوای رۆیشتنی بۆ پاریس سانجێرمان، یانە پاریسییەکە شۆفێرێکی پێداوە تا بۆ هەر شوێنێک بیەوێت بیبات و تا ئەمڕۆش هەر بەردەوامە. شۆفێرە تایبەتیەکەشی چێژ لە ئۆتۆمبێلە لوکسەکانی ئەستێرەکەی جیهان وەردەگرێت.
کەواتە ئێمباپێ بووەتە حاڵەتێکی تایبەت لە جیهانی تۆپی پێدا، چونکە کەم یاریزان هەیە کە هێشتا مۆڵەتی شۆفێریان نەبێت.
لە چاوپێکەوتنێکی ئەم دواییەدا دانی بەوەدانا کە ” شۆفێری بۆ زۆر کەس چێژبەخشە، بەڵام بۆ من نا”. “ئۆتۆمبێل هەرگیز لە پێشینەی کارەکانم نەبووە”.
کۆمەڵە ئۆتۆمبێلی گرانبەهاکانی ئێمباپێ
هەروەک چەند میدیایەک پشتڕاستی دەکەنەوە، یەکێک لە مۆدێلە تایبەتەکان کە ئەم یاریزانە هەیەتی و پێویستە بیهێنێتە پایتەختی ئیسپانیا، فێراری 488 پیستایە.
ئۆتۆمبێلێکی سنووردارە تەنیا بە کڕیارە تایبەتەکان دەفرۆشرێت و نرخەکەی لە نیو ملیۆن دۆلارەوە بۆ سەرەوە دەست پێدەکات. ئەم مۆدێلە بە هێزی 720 ئەسپ دەتوانێت خێرایی 340 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا تێپەڕێنێت و لە ماوەی 2.85 چرکەدا لە 0 دەگاتە 100.
مارکا دووپاتی دەکاتەوە کە یەکێکی دیکە لە مۆدێلە تایبەتەکانی ناو گەراجی ئێمباپێ مۆدێلێکی تری مارکەی ئیتاڵییە، ئەمجارەیان فێراری 458. نرخی ئەم مۆدێلە نزیکەی 300 هەزار دۆلارە و ئەوەی تایبەتی دەکات ئەوەیە کە مایکل شوماخەر بەشداربووە لە دیزاینەکەیدا.
ئەستێرە فەڕەنسییەکە تەنیا خاوەنی ئۆتۆمبێلی کۆمپانیای فێراری نییە، بەڵکو بڕاندەکانی دیکەی وەک ڤۆڵکسواگن و مێرسیدس ڤی کلاس لە گەراجەکەیدا دەبینرێن.
بێگومان کیلیان هێشتا چێژی لە شۆفێری کردنی ئەم ئۆتۆمبیلە لوکسانە نەبینیوە. لەدوای ئەوەی خەونی گواستنەوەی بۆ ریال مەدرید هاتە دی، ئامانجی داهاتووی کیلیان دەکرێت بەدەستهێنانی مۆڵەتی شۆفێری بێت.