راپۆرتی تایبەتگرنگترینیۆرۆی 2024

ئیسپانیا بۆ راگرتنی ئێمباپێ پەنا بۆ چەند ئامێرێکی ئاژانسی ناسا دەبات

ئەو سێ ئامێرەی یاریزانانی ئیسپانیا لە یۆرۆی 2024 بەکاری دەهێنن

Yariga App

یاریگا –

هەڵبژاردەی ئیسپانیا لەپێناوی راگرتنی ئێمباپێ پەنای بۆ بەکارهێنانی چەند ئامێرێکی ئاژانسی ناسا بردووە. لەوانەیە بڕوا نەکەن، بەڵام هەڵبژاردەی ئیسپانیا چەند ئامێرێکی لەگەڵ خۆی بردووەتە ئەڵمانیا، بۆ ئەوەی لەو هۆتێلەی تیایدا دەمێننەوە، یاریزانەکان وا هەست بکەن لە بۆشایی ئاسماندان.

یاریزانانی ئیسپانیا لە یاریی بەرامبەر ئەڵمانیا 120 خولەک یارییان کرد و زیاتر لە 146 کیلۆمەتر رایان کرد، بەشێکی زۆری یاریزانەکانی لاڕۆخا هەست بە ماندووێتی دەکەن، بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا پێش دەستپێکی یۆرۆی 2024 ئامادەکاریی ئەم دۆخە کردووە.

تۆڕی وەرزشی ریلیڤۆی ئسیپانی ئاشکرایکردووە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا ئامێری ژووری پاڵەپەستۆی بەرزی لەگەڵ خۆی بردووەتە ئەڵمانیا و لەو هۆتێلە دانراوە کە یاریزانانی لارۆخا تیایدا دەمێننەوە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا ئەم ئامێرەی بە 25 هەزار یۆرۆ کڕیوە و کلاودیۆ ڤاسکێز سەرۆکی دەستەی پزیشکی هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەڵێت ئەم ئامێرە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی شەکەتی و ماندووێتی یاریزانەکان، کاتێک یاریزانێک دەچێتە ناو ئەم ئامێرە لە هەوکردنی ماسوڵکەکان رزگاری دەبێت و رێژەی ئۆکسجینی جەستەی بەرز دەبێتەوە و سووڕی خوێنی یاریزانەکان خێراتر دەکات، یاریزانانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا دوای زۆربەی راهێنان و یارییەکان دەچنە ناو ئەم ئامێرە، بۆ ئەوەی بحەسێنەوە.

جگە لەم ئامێرە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا ئامێرێکی دیکەشی لە کەمپەکەی داناوە، ئەم ئامێرە کە نرخەکەی 90 هەزار یۆرۆیە، وەکو بەفرگرێک وایە یاریزانەکان دەچنە ناوی و بۆ ماوەی پێنج خولەک لە پلەی گەرمی 160 پلە ژێر سفر تیایدا دەمێننەوە، ئەم ئامێرەش یارمەتی یاریزانەکان دەدات ئازارەکانیان نەمێنێت و سووری خوێنی جەستەیان خێراتر بێت و لە پێکانەکانیان چاک ببنەوە.

هەڵبژاردەی ئیسپانیا جگە لەم دوو ئامێرە، ئامێرێکی دیکەشی هەیە، ئەو ئامێرەش بۆ کەمکردنەوەی پێکان و ئازار و شەکەتی یاریزانەکان بەکار دەهێنرێت، جگە لە ئامێری ژووری پاڵەپەستۆ و ئامێری فێنککەرەوە، دەستەی پزیشکی هەڵبژاردەکە لێزەریش بەکار دەهێنن کە ئەم ئامێرە دژە هەوکردنە و دەبێتە هۆی نەهێشتنی ئێش و ئازار و برینەکان و وا لە یاریزانەکە دەکات هەست بە حەسانەوە پشوو بکات.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا بەهۆی زەحمەتی گواستنەوەی ئەم سێ ئامێرە، لە یۆرۆی 2024 لەسەر داوای خۆی شوێنی کەمپەکەی خۆی نەگۆڕیوە و لە سەرەتای پاڵەوانێتییەکە تاوەکو ئێستا هەر لە هەرێمی فرێیبۆرگ دەمێننەوە، لەوێ جێگایەکی تایبەت بۆ ئەم سێ ئامێرە دانراوە کە وەکو ژووری ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ناسای لێهاتووە.
با بزانین ئیسپانییەکان دەتوانن بە سوودوەرگرتن لەم ئامێرانە کیلیان ئێمباپێ رابگرن و دەگەنە یاریی کۆتایی یان نا.

سبەی سێشەممە ئیسپانیا و فڕەنسا لە یەکەمین یاریی قۆناخی پێش کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا لە یاریگای ئالیانز ئارینا لە میونشن کاتژمێر 22:00 بەیەک دەگەن.

بابەتی زیاتر

Back to top button