ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترینمۆندیال

بەربەست و ئالنگارییەکانی بەردەم مۆندیالی یانەکان چین؟

پلانەکانی فیفا چی دەبن؟

Yariga App

یاریگا –

کەمتر لە ساڵێک بۆ شێوازی نوێی مۆندیالی یانەکان ماوە، کەچی تا ئێستا یاریگاکان و خەڵاتە داراییەکانی پاڵەوانێتییەکە رانەگەیاندراوە و ریال مەدریدیش کە زۆرترین  نازناوی لە مێژووی پاڵەوانێتییەکە هەیە، سەرەتا رایگەیاند بایکۆتی پاڵەوانێتییەکە دەکات، بەڵام دواتر لە بەیاننامەیەکیدا بەشداریکردنی خۆی دووپاتکردەوە.

مۆندیالی یانەکان کە لەوەتەی ساڵی 2000 بەفەرمی لەژێر سەرپەرشتی فیفا بەڕێوە دەچێت، تاوەکو ساڵی 2023 ساڵانە بە بەشداریی پاڵەوانی کیشوەرەکان بەڕێوە دەچوو، بەڵام فیفا بڕیاریداوە سیستەمی پاڵەوانێتییەکە بگۆڕێت و ساڵی داهاتوو بە بەشداریی 32 یانە لە ماوەی 15ـی یۆنیۆ/حوزەیران تاوەکو 13ـی یۆلیۆ/تەممووز لە ئەمریکا بەڕێوە بچێت.

FIFA

ئەو یانانە کێن بەشداریی مۆندیالی یانەکان دەکەن؟

پێشتر فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان سیستەمی نوێی مۆندیالی یانەکانی ئاشکراکردووە و لەکۆی 32 یانە تا ئێستا ناسنامەی 29 یانە ئاشکرابووە و هێشتا ناسنامەی سێ یانە ماون، کە دوو یانە لە کیشوەری ئەمریکای لاتینی لە جامی لیبەرتادۆریس دواتر یەکلایی دەبێتەوە و پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولی ئەمریکاش وەکو نوێنەری وڵاتی میواندار بەشداریی دەکات.

12 یانە لە ئەوروپا: چێڵسی ئینگلیزی، ریال مەدریدی ئیسپانی، مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، بایرن میونشنی ئەڵمانی، پاریس سانجێرمانی فڕەنسی، ئینتەر میلانی ئیتاڵی، پۆرتۆی پۆرتوگاڵی، بێنفیکای پۆرتوگاڵی، بۆڕووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی، یۆڤێنتوسی ئیتاڵی، ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی، سالزبێرگی نەمسایی.

4 یانە لە ئاسیا: عەینی ئیماراتی، ئولسان هیوندای کۆری، هیلالی سعوودی، ئوراوا رێدزی ژاپۆنی.

4 یانە لە ئەفریقا: ئەهلی میسڕی، ویدادی مەغریبی، مامیلۆدی ساندۆنزی ئەفریقای باشوور، تەرەجی ریازی توونسی.

6 یانە لە ئەمریکای باشوور: ریڤەرپلێتی ئارجێنتینی، فلومێنسی بڕازیلی، فلامینگۆی بڕازیلی، پالمێراسی بڕازیلی،

 4 یانە لە کۆنکاکاف: مۆنتێری مەکسیکی، سیاتل ساوندەرزی ئەمریکی، کلەب لیۆنی مەکسیکی، پاچوکای مەکسیکی.

یانەیەک لە ئۆقیانووس: ئوکلاند سیتی نیوزیلەندی.

بەربەستەکانی سیستەمە نوێیەکەی مۆندیالی یانەکان چین؟

ماڵپەڕی ئەتلەتیکی ئەمریکی رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا یاریگاکان و خەڵاتە داراییەکانی مۆندیالی یانەکان روون نییە، گەرچی بڕیار دراوە هاوینی 2025 لە ئەمریکا بەڕێوە بچێت، بەڵام تا ئێستا سپۆنسەر و هاوبەشەکانی پاڵەوانێتییەکە دیار نین.

ماڵپەڕی ئەتلەتیک راشیگەیاندووە، کۆمپانیای ئەپل نزیکە مافی پەخشی یارییەکانی مۆندیالی یانەکان بەرامبەر ملیارێک دۆلار بکڕێتەوە، کە ئەو بڕە چارەکێکی ئەو ژمارەیە کە فیفا وەکو قۆناخی سەرەتایی پلانی بۆ دانابوو.

ماڵپەڕە ئەمریکییەکە ئاشکرایکردووە، زۆربەی کەناڵ و دەزگا میدیا جیهانییەکان بۆ کڕینەوەی مافی پەخشی مۆندیالی یانەکان تامەزرۆ نین و بڕوایان وانییە پاڵەوانێتییەکە ببێتە جێگای سەرنجی هەواداران، تۆڕی فۆکس سپۆرتی ئەمریکی رەتیکردووەتەوە بۆ کڕینەوەی مافی پەخشی یارییەکانی مۆندیالی یانەکان بچێتە نێو کێبڕکێوە، لەکاتێکدا مافی پەخشی یارییەکانی مۆندیالی لە ئەمریکا کڕیوەتەوە.

فیفا دەیەوێت داهاتی مافی پەخشی یارییەکانی مۆندیال بگەیەنێتە سێ ملیار دۆلار، بەڵام بەگوێرەی سەرچاوەکانی ماڵپەڕی ئەتلەتیک، ئەگەر ئەو ئامانجە نەپێکێت ئەوا هەوڵ دەدات لە دۆزینەوەی سپۆنسەرەکان داهاتی پاڵەوانێتییەکە زیاد بکات.

بەهۆی بەشداریی نەکردنی بارسێلۆنا و ئەیسی میلان و چەند یانەیەکی پرێمەرلیگ لە پاڵەوانێتییەکە، بەبازاڕکردنی مۆندیالی یانەکانی قورس کردووە، لەکاتێکدا فیفا دەیەوێت 10 سپۆنسەر بە 100 ملیۆن دۆلار بۆ هەر سپۆنسەرێک رازی بکات.

کۆمەڵەی یاریزانە پیشەگەرەکان بە هەموو شێوەیەک دژایەتی مۆندیالی یانەکان دەکەن و بڕوایان وایە بە گۆڕینی شێوازی پاڵەوانێتییەکە فشارێکی زۆر لەسەر یاریزانەکان دروست دەبێت.

ریال مەدرید بەشداریی مۆندیالی یانەکان دەکات؟

داهاتی پاڵەوانێتییەکە گەورەترین ئالنگاری دەبێت لە بەردەم پاڵەوانێتییەکە، ریال مەدرید کە لە مێژووی پاڵەوانێتییەکە لەکۆی 20 وەشان پێنج جار جامی جیهانی یانەکانی بەدەستهێناوە، بەشداریکردنی لە پاڵەوانێتییەکە دووپات دەکاتەوە، لەکاتێکدا پێشتر کارلۆ ئانچێلۆتی رەتیکردبووەوە بەشداریی بکەن.

ئەگەر ریال مەدرید بەشداریی مۆندیالی یانەکان بکات، ناچار دەبێت وەرزی داهاتوو 72 یاری بکات، ئەمەش تاقەتپڕوکێن دەبێت و تپیەکە زۆر ماندوو دەکات، کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری ریال مەدرید گوتبووی :’داهاتی یەک یاریی ریال مەدرید 20 ملیۆن یۆرۆیە، کەچی فیفا دەیەوێت لە تەواوی پاڵەوانێتییەکە ئەو بڕە پارەیە بە یانەکەمان بدات، هاوشێوەی یانەکانی دیکە رەتی دەکەینەوە بەشداریی پاڵەوانێتییەکە بکەین’.

ئانچێلۆتی گوتبووشی :’با فیفا ئەم بابەتە لەبیر بکات، یاریزان و یانەکان بەمشێوەیە بەشداریی مۆندیالی یانەکان ناکەن’.

بابەتی زیاتر

Back to top button