ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

مانچێستەر سیتی لەسەر گواستنەوەی رۆدریگۆ سوورە

پێپ گواردیۆلا بە رۆدریگۆ سەرسامە

Yariga App

یاریگا –

مانچێستەر سیتی هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی رۆدریگۆی بەرازیلی و ئەستێرەی ریال مەدرید چڕکردووەتەوە.

دوای پەیوەندیکردنی کیلیان ئێمباپێ بە ریال مەدرید، دەنگۆی رۆیشتنی رۆدریگۆ لە ریال مەدرید لە مێرکاتۆی هاوینە گەرمە و ناوی یاریزانەکە بە چەند یانەکەی جیاواز بەستراوەتەوە.

رۆژنامەنووسی تۆری سکای سپۆرت، رودی گالێتی بڵاویکردووەتەوە، تاکە یانە، کە تا ئێستا گرنگییەکی تەواوی بە رۆدریگۆ داوە یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزییە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی گالێتی، پێپ گواردیۆلای راهێنەری یانە ئینگلیزییەکە زۆر بە رۆدریگۆ سەرسامە، ئامانجییەتی لەم هاوینە بۆ بەهێزکردنی پێکهاتەکەی بیگوازێتەوە.

پاڵەوانی چوار وەرزی رابردووی پرێمەرلیگ بودجەیەکی تایبەتی بۆ گواستنەوەی لوکاس پاکێتای بەرازیلی تەرخانکردووە، بەڵام وادیارە ئامانجی خۆیان بەرەو ئەستێرەکەی مێرێنگی گۆڕیووە.

جیا لە مان سیتی چەند یانەیەکی دیکەش چاوەیان بڕیووەتە یاریزانەکە، پێشتر چێڵسی پەیوەندی بە کەسە نزیکەکانی رۆدریگۆ کردووە تا لە ئەگەرەکانی گواستنەوەی بکۆڵێتەوە. بەڵام بەهۆی بەشداری نەکردنی یانەکە لە چامپیۆنزلیگ، ئەستەمە بتوانن رۆدریگۆ رازی بکەن

پاریس سانجێرمانیش دەیەوێت شوێنی ئێمباپێ بەو یاریزانە پڕبکاتەوە، بەڵام لەلایەکی دیکە یانەکە نایەوێت هیچ دانوستانێک لەگەڵ ریال مەدرید بکات، بەهۆی بابەتی کیلیان نێوانیان بەتەواوی تێکچووە. لەوبڕوایەدان باشترە لە بری رۆدریگۆ پەنا بۆ گواستنەوەی رافایێل لاوی پۆرتوگالی ببەن.

رۆدریگۆ بەرامبەر مانچێستەر سیتی

هەر بۆیە تا رادەیەک رێگەکە بۆ مانچێستەر سیتی خۆشدەبێت، بەڵام تاکە بەربەست ئەوەیە ریال مەدرید ئامادە نییە گوی بۆ هیچکام لەو ئۆفەرانە بگرێت کە بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە پێشکەشی دەکرێت.

رۆدریگۆ لەدوای یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ خواستی خۆی بۆ مانەوە لە ریال مەدرید دووپاتکردەوە، بۆیە لەم کاتەی ئێستا بەدوور دەزاندرێت یانەکەی جێبهێڵیت.

گۆس لە هاوینی 2019 بە بڕی 45 ملیۆن یۆرۆ لە سانتۆسی بەرازیلییەوە پەیوەندی بە ریال مەدرید کرد، لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا بەشداری 216 یاری کردووە، 54 گۆڵی کردووە و 41 گۆڵیشی درووستکردووە.

دوو نازناوی چامپیۆنزلیگ، سێ نازناوی لالیگا، یەک نازناوی جامی جیهانی یانەکان، یەک نازناوی جامی سوپەری ئەوروپا، یەک نازناوی جامی شای ئیسپانیا و سێ نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیای لەگەڵ یانەکە بەدەستهێناوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button