
یاریگا –
هێربێرت هاینەر، سەرۆکی بایرن میونشن، جەخت لە پەیوەندییە باشەکانیان لەگەڵ ریال مەدرید دەکاتەوە، بەڵام جارێکی دیکە هۆشداری دەدات کە مایکڵ ئۆلیس بۆ فرۆشتن نییە و دەڵێت با فلۆرێنتینۆ پێرێز ئەزیەت نەکێشێت و خۆی بەو بابەتەوە ماندوو نەکات.
درامای گواستنەوەی مایکڵ ئۆلیس هێشتا زۆری ماوە کۆتایی بێت و یاریزانەکە بووەتە یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی جیهان و لە هەمان کاتدا یەکێکە لە خوازراوترین یاریزانەکانی بازاڕی گواستنەوە.
باڤارییەکان هەمیشە لەسەر ئەم بابەتە هەڵوێستێکی راشکاو و توندیان هەبووە، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی ئەوەی ئارەزووی ریال مەدرید کەم ببێتەوە.
یانەی شاهانە، کە پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ ئەڵمانییەکان هەیە، پێشتر ناچار بوو لە ناوەڕاستی ئەو هەموو دەنگۆیانەدا بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاوبکاتەوە و رەتیبکاتەوە کە هیچ جۆرە پەیوەندییەکیان بە یاریزانەکەوە کردبێت، ئەم پەیامە بۆ ئەوە بوو بایرن دڵنیابکەنەوە کە لە پشتیانەوە کار ناکەن، بەڵام لە هیچ کاتێکدا ئارەزووی خۆیان بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە رەتنەکردەوە.
نوێترین زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئۆلیس داوای کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ کارگێڕیی بایرن کردووە، کە بڕیارە دوای مۆندیال بکرێت، ئەستێرە فەرەنسییەکە بەتەواوی ئاگاداری ئەو هەرایەیە کە لە دەوروبەری دروستبووە و دەیەوێت دۆخەکەی یەکلایی بکاتەوە؛ یان بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بە بڕە پارەیەکی خەیاڵی، یانیش بە جێهێشتنی یانەکە.
لە نوێترین چاوپێکەوتندا لەگەڵ رۆژنامەی Abendzeitung هێربێرت هاینەر، سەرۆکی بایرن، جارێکی دیکە بە توندی وەڵامی دایەوە و گوتی؛
وەکوو پێشتر گوتم، ئەگەر فلۆرێنتینۆ پێرێز بیر لە پێشکەشکردنی ئۆفەرێک دەکاتەوە، با ئەزیەت نەکێشێت، چونکە نامانەوێت مایکڵ بفرۆشین. ئێمە وەکوو بایرن پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ ریال مەدرید هەیە و بۆیە پەیوەندییان پێوەکردم پێم بڵێن کە یەکەم؛ بە هیچ شێوەیەک پەیوەندییان لەگەڵ مایکڵ ئۆلیس نەکردووە، دووەم؛ نایانەوێت ئەم دەنگۆیانەی میدیاکان بەردەوام بن.
پلانەکانی بایرن بۆ داهاتووی ئۆلیس
رۆژنامەی سپۆرت لەو بارەیەوە دەڵێت، بەم شێوەیە، سەرۆکی یانە ئەڵمانییەکە جارێکی دیکە پەیامێکی روون دەنێرێت؛ بایرن بۆ یەک چرکەش بیر لە فرۆشتنی یەکێک لە گەورەترین ئەستێرەکانی تیپەکەی ناکاتەوە، لە بری بیرکردنەوە لە فرۆشتنی، پلانی بایرن ئەوەیە ئۆفەرێکی نوێ پێشکەش بە ئۆلیس بکات بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی لانیکەم تاوەکوو ساڵی 2031 درێژ بکاتەوە، ئەگەر ئەم پێشنیازە قبووڵ بکات، ئەستێرە فەرەنسییەکە دەبێتە یەکێک لە خاوەن بەرزترین مووچەکان لە تەواوی یانەکەدا.
لە بەرامبەردا، مەدرید بە چاوەڕوانییەوە ماوەتەوە و باش دەزانێت کە تەنیا هەڵوێستی یاریزانەکە دەتوانێت ئەم سیناریۆیەی ئێستا بگۆڕێت، بۆیە زۆر بە وردی چاودێریی ئەو کۆبوونەوەیە دەکات کە دوای مۆندیال دەکرێت.
بازاڕی گواستنەوەکان درێژە و مەدرید دەزانێت کە دەبێت پەیوەندییە باشەکانی لەگەڵ باڤارییەکان بپارێزێت، نەوەک لە کۆتاییدا پێویستی بە دانوستانکردن بێت.
⛔ 𝐄𝐥 𝐁𝐚𝐲𝐞𝐫𝐧 𝐯𝐮𝐞𝐥𝐯𝐞 𝐚 𝐜𝐞𝐫𝐫𝐚𝐫 𝐥𝐚 𝐩𝐮𝐞𝐫𝐭𝐚 𝐩𝐨𝐫 𝐎𝐥𝐢𝐬𝐞
🗣️El presidente del Bayern fue tajante sobre el interés del Real Madrid: “Florentino puede ahorrarse el esfuerzo”
Herbert Hainer, insiste en que el extremo francés no está en venta
✒️…
— Diario SPORT (@sport) June 29, 2026



