چیرۆکە سەرنجڕاکێشەکە؛ لە چامپیۆنزلیگی 1998 چۆن ستوونی گۆڵی یاریی ریال مەدرید و بۆڕووسیا دۆرتموند شکێنرا؟
یاریگا –
لە یارییەکی چامپیۆنزلیگی 1998 کاتێک ریال مەدرید و بۆڕووسیا دۆرتموند رووبەڕووبوونەوە، لە رووداوێکی سەرنجڕاکێش و دەگمەندا ستوونەکانی گۆڵی یاریگاکە شکێنرا و بووە هۆی وەستانی یارییەکە.
26 ساڵ لەمەوبەر (رۆژی 1ـی ئەپرێل/نیسانی 1998) کاتێک ریال مەدرید لە یاریی چوونی قۆناخی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداریی بۆڕووسیا دۆرتموندی کرد، بەهۆی قەرەباڵخی و گرژی و ئاڵۆزی نێوان هاندەران، ستوونەکانی گۆڵی یاریگاکە شکا و بووە هۆی وەستانی یارییەکە.
بەهۆی ئەوەی ساڵانێکی زۆر بوو ریال مەدرید لە بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ دابڕابوو، هاندەرانی ریال مەدرید بەگڕوتینەوە روویان لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ کرد و ئەلتراس سوور کە یەکێکن لە دەستەی هاندەرە سەرسەختەکانی مەدریدییەکان، لە پشتەوەی گۆڵێکی یاریگاکە کۆببوونەوە و جۆش و خرۆشێکی زۆریان دروستکردبوو، بووە هۆی ئەوەی پێش دەستپێکی یارییەکە ستوونەکانی گۆڵەکە بشکێت.
چۆن کێشەی ستوونەکانی گۆڵەکەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ چارەسەر کرا؟
کارگوزاران و کارمەندانی سانتیاگۆ بێرنابیۆ هەوڵیان دەدا ستوونەکانی گۆڵەکە چاک بکەنەوە، بەڵام بەهۆی جۆش و خرۆشی هاندەرانی پشتەوەی گۆڵەکە بە تەواوەتی ستوونەکانی گۆڵەکە شکابوون و کەلکی نەمابوو، گەرچی بەگوێرەی رێنماییەکانی یوێفا دەبووایە گۆڵی یەدەک لەناو یاریگا هەبێت، بەڵام هیچ گۆڵێکی دیکە لەناو یاریگا بەردەست نەبوو.
لەوکاتەی یاریزاننای بۆڕووسیا دۆرتموند داوایان دەکرد ماریۆ ڤان دی ئێندی ناوبژیوانی هۆڵەندی فیکەی کۆتایی یارییەکە و هەژمارکردنی ئەنجامی یارییەکە بە 3-0 لە بەرژەوەندی دۆرتموند تۆمار بکات، ئۆگستین هێرێرن یەکێک لە کارمەندانی یاریگای سانتیاگۆ بیرنابیۆ بەپەلە هەوڵیدا چارەسەرێک بدۆزێتەوە و یانەکەی لەو دۆخە نەخوازراوە رزگار بکات و خۆی گەیاندە ڤالدێبێباس کە دوو کیلکۆمەتر لە یاریگاکە دووربوو، بۆ ئەوەی گۆڵێکی یەدەک بگوازێتەوە سانتیاگۆ.
ئۆگستین هێرێرن بە هاوکاریی گۆمێز کە لە دەوروبەری ڤالدێبێباس خەریکی خواردن بوو، گۆڵێکی یەدەک بە بارهەڵگرێکی گۆمێز دەگوازنەوە سانتیاگۆ بێرنابیۆ و دوای 75 خولەک دواکەوتن، یارییەکە دەستپێدەکات و ریال مەدرید بە دوو گۆڵی خاوێن ئەو یارییەی بردەوە، کە کاریمبۆ و مۆریێنتس گۆڵەکانی لۆس بلانکۆسیان کرد.
ریال مەدرید لە یاریی گەڕانەوە بەبێ گۆڵ لەگەڵ دۆرتموند یەکسان بوو، خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ و لەوێش بە گۆڵێکی میاتۆڤیچ لە یوڤێنتۆسیان بردەوە.