ئینگلتەرابازاڕی گواستنه‌وه‌راپۆرتی تایبەتگرنگترین

نۆ راهێنەری دیار پاڵێوراوی سەرەکین

بژاردەکانی بلوز زۆرن

Yariga App

یاریگا –

لە قەیرانی بێ راهێنەری، جارێکی دیکە چێڵسی بەدوای راهێنەرێکی شیاو دەگەڕێت، ئەمەش دوای ئەوەی بە رێککەوتنێکی دوولایەنانە گرێبەستی ماوریسیۆ پۆچێتینۆی هەڵوەشاندەوە.

چێڵسی لەژێر سەرپەرشتی پۆچی لە نیوەی یەکەمی پرێمەرلیگ ئاستێکی خراپی پێشکەشکرد، بەڵام تیپەکە لە نیوەی دووەم گەڕایەوە سەر رێچکەیەکی درووست و پلەی شەشەمیان بەدەستهێنا.

هەروەها لە جامی کاراباو پلەی دووەمیان بەدەستهێنا و لە جامی یەکێتی ئینگڵتەڕاش گەیشتنە قۆناخی پێشکۆتایی.

تۆڕی وەرزشی یاریگا، لەم بابەتە تایبەتە تیشک دەخاتە سەر دیارترین ئەو راهێنەرانەی بۆ شوێنی ماوریسیۆ پاڵێوراون.

روبن ئامۆریم

روبن ئامۆریم

ئامۆریمی پۆرتوگالی نزیکبوو ببێت بە راهێنەری لیڤەرپوول و شوێنی یۆرگن کڵۆپ بگرێتەوە.

راهێنەرە تەمەن 39 ساڵانییەکە لە 2021ـەوە سەرنجەکانی بۆخۆی راکێشاوە، چوونکە دوای 21 ساڵ سپۆرتینگی بە نازناوی خولی پۆرتوگال شادکردەوە و لەم وەرزەش بۆ دووەمجار لە سەردەمی خۆی نازناوەکەی بەدەستهێنا.

هاوکات ماوەیەکی زۆرە چێڵسی چاودێری روبن دەکات و خوازیارە گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بکات.

هانس فلیک

هانس فلیک

راهێنەرە ئەڵمانییەکە خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ کارەکەی ئامادەکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی لە سێپتێمبەری رابردوو لە پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دوورخرایەوە.

فیلیک لە نۆڤێمبەری 2019 تا هاوینی 2021 راهێنەری بایرن میونشن بوو، لەکۆی 86 یاری 70 بردنەوەی بەدەستهێنا.

لەگەڵ باڤارییەکان سێ نازناوی بۆندسلیگا، سێ نازناوی جامی ئەڵمانیا و نازناوێکی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا.

ڤینسێنت کۆمپانی

ڤینسێنت کۆمپانی

بەگوێرەی رۆژنامەکانی بەریتانیا، چێڵسی ئارەزووی گواستنەوەی کۆمپانی هەیە.

راهێنەرە لاوەکە وەرزی رابردوو بێرنلی گەڕاندەوە پرێمەرلیگ، بەڵام ئەم وەرزە دابزینەوە بۆ چامپۆنشیپ، بەڵام پێناچێت زیان بە ناوبانگی گەیشتبێت.

بایرن میونشنیش چاوی بڕیووەتە تواناکانی.

کیران مەکێنا

کیران مەکێنا

راهێنەرە تەمەن 38 ساڵانییەکە لەم وەرزە ئیسپویچ تاونی گەیاندە پرێمەرلیگ، بەمەش خۆی خستە ژێر راداری چێڵسی.

کیران لە 2019 تا 2021 لە مانچێستەر یونایتد وەک یاریدەرەی راهێنەر کاری کردووە، لە 2016 تا 2018 راهێنەری تیپی ژێر 18 ساڵانی شەیتانە سوورەکان بووە.

جۆزێ مۆرینیۆ

جۆزێ مۆرینیۆ

جۆزێی تەمەن 61 ساڵان جارێکی دیکە ناوی بە بلوز بەستراوەتەوە، زۆرێک لە هاندەران پێشوازی لە گەڕانەوەی دەکەن، بەڵام کەمتر پێشبینی گەڕانەوەی راهێنەرە پۆرتوگالییەکە بۆ لەندەن دەکرێت.

مۆرینیۆ لە ناوەڕاستی ئەم وەرزە لە پۆستی راهێنەرایەتی رۆما دوورخرایەوە، بەهۆی رابردووە زێڕینەکەی لەگەڵ چێڵسی، بەخێرایی دەنگۆی گەڕانەوەی بۆ یانەکە پەیدابوو. ئەگەر بگەڕێتەوە دەبێت بە سێیەم جار راهێنەرایەتی یانەکە بکات.

جۆزێ سێ نازناوی پرێمەریگ، سێ نازناوی جامی خولی ئینگڵتەڕا، نازناوێکی جامی یەکێتی ئینگڵتەڕا و نازناوێکی جامی قەڵخانی بۆ چێڵسی بەدەستهێناوە.

جولیان ناگلیسمان

جولیان ناگلیسمان

راهێنەرە تەمەن 38 ساڵانییەکە لە سێپتێمبەری رابردوو ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئەڵمانیای لە ئەستۆ گرت، بەڵام گرێبەستەکەی تا تەمموزی ئەمساڵە و دوای یارییەکانی جامی یۆرۆ لە جێهێشتنی مانشافت ئازاد دەبێت.

ناگلیسمان لە هاوینی 2021 تا بەهاری 2023 راهێنەری بایرن میونشن بوو، نازناوێکی بۆندسلیگا و دوو نازناوی جامی سوپەری بۆ یانەکە بەدەستهێنا.

جولیان هاوینی رابردوو پاڵێوراوی سەرەکی بوو تا ببێت بە راهێنەری بلوز، بەڵام دۆخەکە بە ئاراستەیەکی دیکەدا رۆشت.

میشێل سانچێز

میشێل سانچێز

راهێنەرەکەی جیرۆنا بژاردەیەکی چاوەڕواننەکراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەم وەرزە یانەکەی گەیاندە چامپیۆنزلیگ، زۆرینەی چاوەکانی خستووەتە سەر خۆی.

راهێنەرە تەمەن 48 ساڵانییەکە لە 2021 تا ئێستا سەرپەرشتی جیرۆنای ئیسپانی دەکات، بارسێلۆناش وەک شوێنگرەوەی چاڤی هێرناندێز تەماشای دەکات.

تۆماس توخێل

تۆماس توخێل

راهێنەرێکی دیکەی گەورە، کە بەدوای کاردا دەگەڕێت.

توخێل ئەفسانەیەکی دیکەی چێڵسییە، چوونکە لە 2021 نازناوی چامپیۆنزلیگی بۆ بلوز بەدەستهێنا، بەڵام لە سێپتێمبەری 2022 لەلایەن خاوەنە نوێییەکانی بلوز لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.

توخێل ماڵئاوایی لە بایرن میونشن کردووە، ئارەزووی گەڕانەوە بۆ پرێمەرلیگ دەکات، بەڵام مەرجیش نییە یانەی داهاتوویی لەو خولە چێڵسی بێت.

رۆبێرتۆ دی زێربی

رۆبێرتۆ دی زێربی

کەسێکی دیکە دوای جێهێشتنی بڕایتن بووەتە ئامانجی چێڵسی، بێگومان ئەمە نوێ نییە!

راهێنەرە تەمەن 44 ساڵانییەکە بێ یانەیە، ئەمەش دوای ئەوەی لە کۆتا گەڕی ئەم وەرزە بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو جێهێشتنی یانەکەی راگەیاند.

راهێنەرە ئیتاڵییەکە وەرزی رابردوو پلەی شەشەمی پرێمەرلیگی بەدەستهێنا، بۆ یەکەمجار یانەکەی گەیاندە پاڵەوانێتییەکی ئەوروپی.

ئێستا ناوی نۆ پاڵێوراوی سەرەکی لەسەر مێزەکەی تۆد بۆیلییە، ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە، کە ئایە سەرۆکە ئەمریکییەکە دڵی بەکامیان دەکرێتەوە و وە کامیان ئامادەن واژۆی بۆ بکەن.

چێڵسی لەماوەی 11 ساڵی رابردوو 10 راهێنەری جیاوازی لە پۆستەکەی دوورخستووەتەوە.

تۆد بۆیلی، سەرۆکی چێڵسی

 

بابەتی زیاتر

Back to top button