
یاریگا –
لە نوێترین کۆنفرانسی رۆژنامەوانی فلۆرێنتینۆ پێرێز کە لە سەروبەندی هەڵکشانی کێشە نێوخۆییەکانی ریال مەدرید و دوای دۆڕانی کلاسیکۆ دێت کە یانەکەی بەبێ نازناو ئەم وەرزەیان بەڕێکرد، سەرۆکە ئیسپانیەکە لەسەر چەندین تەوەری جیاواز قسەی کرد و هەندێکیان بوونە سەردێڕی میدیا جیهانییەکان.
گرنترین لێدوانەکانی:
کەیسەکەی نێگرێرا و دزینی نازناوەکان لە ریال مەدرید:
حەوت نازناوی چامپیۆنزلیگ و حەتی خولی ئیسپانیم بردووەتەوە. دەکرا 14 نازناوی خول بووایە، بەڵام حەوت دانەم لێدزرا. دۆسێیەک لەو بارەیەوە پێشکەش دەکەم کە کەیسی نێگرێرا لە ریشەوە دەخاتەڕوو. دۆسێیەک کە دەیسەلمێنێ هێشتا خەڵکانێک هەن تێوەگلاو لە کەیسی نێگرێرا و کەچی بەردەوامن لە ناوبژیوانیکردن.
شەڕەکەی ڤاڵڤێردی و چوامێنی:
ئەوەی لە شەڕەکە خراپتربوو، ئەوەبوو کە دزە بە کێشەکە کرا و بردرایە دەرەوە. ئەوە دوژمنە؟ لێگەڕێن بۆ خۆم، متمانەتان پێم هەبێ خۆم ئاگام لێیان دەبێت.
دەنگۆی وازهێنان لە سەرۆکایەتی:
هەڵمەتێک لە دژم هەیە کە گوایە واز لە پۆستەکەم دەهێنم. هەواڵی هەڵبەستراوی وا بڵاودەکەنەوە کە گوایە شێرپەنجەم هەیە. تەلەفۆنەکەم هەڵدەگرم و هەواڵەکان دەخوێنمەوە و پێدەکەنم، لەنێویاندا بەوەی ئەمڕۆی ABC کە بڵاویکردەوە گوایە بە کەسە نزیکەکانی خۆمم وتووە ماندووم و وازدەهێنم. بەپێچەوانەوە، هێشتا شەو و رۆژ وەک ئاژەڵێک کاردەکەم. هەرکەسێکیش ئەو هەواڵانە بڵاودەکاتەوە با ئاڵنگاریەک بکات و خۆی لە هەڵبژاردنێکدا تاقیبکاتەوە.
شانازیکردن بە دەستکەوتەکانی خۆیەوە:
لەو کاتەوەی بوومەتە سەرۆک، کە نازانم چەند ساڵە، تا ئێستا 76 نازناوم بردووەتەوە. (تێرمی یەکەمی سەرۆکایەتیەکەی هاوینی 2000 بوو). 37 لەو نازناوانە لە تۆپی پێدا بوون.
هەڵساندنەوەی ریال مەدرید لە داتەپینی داراییەوە بۆ بووژانەوەی دارایی:
کە پۆستەکەم وەرگرت، دۆخی دارایی یانەکە ئەوەندە خراپ بوو کە نەیاندەتوانی مووچەی یاریزانەکان و کارمەندەکان دابین بکەن. بەڵام لە سەردەم مندا دۆخەکە وەها بووژایەوە کە ریکۆردی پڕ داهاتترین یانەین، گرانبەهاترین پێکهاتەمان هەیە لە جیهاندا.
راست نییە کە دەوترێت لە نۆژەنکردنەوەی سانتیاگۆ بێرنابیۆدا زیاترمان لەوە خەرج کرد کە پلانمان بۆ دانابوو. ئامادەم بەرەنگاریی هەرکەسێک ببمەوە. لالیگا دوژمنی ریال مەدریدە.
سوپەرلیگ:
کەیسی سوپەرلیگمان بردەوە، ئەوەی ئێمە کردمان لەپێناو تۆپی پێ بوو تا منداڵانی کیشوەری ئەفریقا بەبێ بەرامبەر تەماشای یارییەکان بکەن.
ئەوەی من پەیڕەوی دەکەم دیکتاتۆریەت نییە. هەمووکەس لە جیهاندا خۆشیان دەوێم. سەرکەوتووترین سەرۆکم لە مێژوودا. هاندەران و هاوبەشەکانمان لەگەڵ منن.
مێژووی ململانێ نێوخۆییەکان لە ریال مەدرید:
چوامینی و ڤاڵڤێردی دوو پیاوی نایاب و دوو یاریزانی نایابن. جاریی یەکەم نییە دوو یاریزان بەیەکەوە شەڕ بکەن. وەرزی وا هەبووە بەردەوام شەڕ هەبووە.
هەواڵی چەواشەکارانە لە دژی مەدرید:
هەر ئەمڕۆ لەلایەن ABC دوو هەواڵمان لەسەر نووسراوە. دانەیەکیان خانمێک نووسیویەتی کە باوەڕانەکەم هیچشتێ لەسەر تۆپی پێ بزانێت.
کۆمپانیاکانم لە کیشوەرە جیاوازەکاندا بە ملیۆنان پارە قازانج دەکەن. ریال مەدرید لە سایەی سەرۆکایەتییەکەی مندا بووەتە خاوەنی سەرکەوتنی مەزن. من تەنها دەمەوێ بەگریی لە بەرژەوەندیەکانی یانەکە بکەم. ناوبانگ و دەسەڵات و هیچشتێکی دیکەم ناوێت.
خاڵیان لێ دزراوە:
هەر ئەم وەرزە لە لالیگا 18 خاڵمان لێزدرا. لە کەناڵی فەرمی ریال مەدرید هەموو ئەوانەمان پیشان داوە.
تەنها لە دژی ریال مەدریدن:
بۆچی وا لەدژی ئەو یانەکانی دیکە ناوەستن؟ بۆچی هەرگیز وا لە ئاتلێتیکۆ مەدرید ناکەن؟ بۆچی هەمیشە هەر ریال مەدرید؟
هووتافەکان لە دژی یاریزانەکان:
ئازارم دەدات کە هاندەران هووتاف لە یاریزانەکان بکێشن. یاریزانەکان وەک منداڵەکانی خۆمان وان. هاندەر و هاوبەشی راستەقینە هووتاف لە دژی یاریزان نادات.
بردنەوەی گەورە لە یانەکەدا تۆراوە:
دەیانەوێ هەموو یارییەک 10-0 ببەینەوە؟ ئەوە رەخنەکانیانە لە ئێمە؟ ئێ باشە، ئەوەش ئەنجام دەدەین، بۆیە نیگەران مەبن.
هەڵبژاردنێکی پێشوەختە:
هەندێک دەیانەوێت کۆتایی بە خاوەندارێتیکردنی ریال مەدرید بهێنرێت، ئەوانەی وا دەیانەوێ رکابەرایەتی بکەن، فەرموو ئەوە دەرفەتێکە بۆیان (خۆیان تاقیبکەنەوە)، نەک لە پاشملە قسە بکەن. کاتێک ئەم یانەیە جێدەهێڵم، کەسێک هەبێت و لە هەڵبژاردن لێم بباتەوە.
هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە:
دوای هەڵبژاردن (وەک ئەوەی ئەمڕۆ بانگەوازی لیژنەی تایبەتی کرد بۆ ئەنجامدانی) هەڵسەنگاندن بۆ لایەنی وەرزشی یانەکە دەکەین.
ئێمباپێ و ڤینیسیوس، راهێنەری داهاتوو:
لێرەنیم بۆ قسەکردن لەسەر یاریزان. لەسەر راهێنەریش قسە ناکەم.
تۆمەتی نەخۆشی:
من هێشتا سەرۆکی ریال مەدریدم و کۆمپانیاکەشم کە ساڵانە 50 ملیار هەڵدەسوڕێنێت. تەندروستیشم نایابە. ئەگەر شێرپەنجم هەبوایە، ئێستا دەبوو بچوومایەتە سەنتەری چارەسەر. لە سەرانسەری جیهان سەنتەری لێیە. بابەتەکە ناڕاستە.



