تەنیا یەک هەفتە ماوە؛ مۆرینیۆ سەبارەت بە پەیوەندیکردنی بە ریال مەدرید بێدەنگی دەشکێنێت
رۆژی دووشەممە وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە

یاریگا –
جۆزێ مۆرینیۆ جارێکی دیکە رەتیکردەوە داهاتووی روون بکاتەوە، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیاری کۆتایی دوای کۆتاییهاتنی وەرزی خولی پورتوگالی رادەگەیەنرێت.
دوای ئەوەی یانەی بێنفیکا بە ئەنجامی 2-2 لەگەڵ سپۆرتینگ براگا یەکسان بوو، مۆرینیۆ روونی کردەوە کە نایەوێت باس لە گرێبەستەکان یان وەرزی داهاتوو بکات، کە هێشتا یارییەک ماوە بکرێت. مۆرینیۆ گوتی:
هەفتەی کۆتایی پاڵەوانییەتییەکە کاتی ئەوە نییە بیر لە داهاتوو یان گرێبەستەکان بکرێتەوە.
راهێنەرە پورتوگالییەکە ئەوەشی روونکردەوە کە بە مەبەست لە قۆناخی یەکلاکەرەوەی وەرزەکەدا خۆی لە ژاوەژاوی دەرەوە جیاکردووەتەوە و گوتی:
لەو کاتەوەی چووینەتە ئەم قۆناخە کۆتاییەوە، بڕیارمدا کە نەمەوێت گوێ لە کەس بگرم. ویستم لە شوێنی کارەکەمدا بە تەنیا بمێنمەوە. هێشتا یاریی بەرامبەر ئێستۆریل ماوە و دوای رۆژی دووشەممە دەتوانم وەڵامی پرسیارەکان بدەمەوە سەبارەت بە داهاتووم وەکوو راهێنەر و داهاتووی بێنفیکاش.

مۆرینیۆ لە هەفتەکانی رابردوودا بە بەهێزی ناوی بە ئەگەری گەڕانەوەی بۆ ریال مەدرید بەستراوەتەوە، کە راپۆرتەکان دەڵێن یەکێکە لە بەربژێرە سەرەکییەکان بۆ جێگرتنەوەی ئالڤارۆ ئاربێلوا. بەڵام راهێنەرەکەی پێشووی ریال مەدرید جارێکی دیکە جەختی کردەوە کە لەگەڵ هیچ یانەیەکی دیکە قسەی نەکردووە و گوتی:
لەگەڵ کەس لە یانەیەکی دیکە قسەم نەکردووە.
راهێنەرەکە خۆی لە پێدانی وردەکاری زیاتر بەدوور گرت لە کاتی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، بە پەیامێکی ئارام بۆ رۆژنامەنووسان کۆتایی پێهێنا و گوتی:
هەر لێرەدا دەیوەستێنم چونکە نامەوێت وەرزی داهاتوو بە سڕکردن دەست پێبکەم. تەنیا یەک یاری ماوە، تەنیا هەشت رۆژ ماوە… ئارام بن، تەنیا یەک هەفتە ماوە.
یەکسانبوونی بێنفیکا بەرامبەر براگا، تیمەکەی مۆرینیۆی لە پلەی سێیەمی خولی پورتوگالی هێشتەوە کاتێک تەنیا یەک گەڕ بۆ کۆتاییهاتنی خولەکە ماوە.



