ئه‌ڵمانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترینیۆرۆی 2024

دەنیز ئونداڤ؛ یاریزانە کوردەکەی یۆرۆی 2024 کێیە؟

Yariga App

یاریگا –

دەنیز ئونداڤ یاریزانی بە رەسەن کوردی هەڵبژاردەی ئەڵمانیایە کە لەلایەن یولیان ناگلیسمان بۆ بەشداریکردن لە جامی نەتەوەکانی ئەوروپای ئەمساڵ بانگهێشتی مانشافت کراوە، ئونداڤ لە ماڵباتێکی کوردی باکووری کوردستان لەدایکبووە و گەیشتووەتە لوتکەی تۆپی پێی ئەڵمانیا.

هونەرمەندێک بانگهێشتکرانی ئونداڤی بۆ یۆرۆی 2024 راگەیاند

هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بە شێوازێکی جیاواز و سەرنجڕاکێش لیستی یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی بۆ جامی نەتەوەکانی ئەوروپا راگەیاند، کە هەر یاریزانێک بە شێوازێک بانگهێشتکرانی راگەیاندرا، ئونداڤ لەلایەن هونەرمەندێک کە تاتۆ لەسەر جەستەی خەڵکی دەنەخشێنێت، بانگهێشتکرانی کوڕە کوردەکەی راگەیاند.

ئونداڤ لەو ڤیدیۆیەدا لەوکاتەی تاگۆنی هاوڕێی تاتۆی بۆ دەکات، بانگهێشتکرانی بۆ یارییەکانی یۆرۆ رادەگەیەنێت.

لە شارۆچکەیەکی باکووری کوردستانەوە بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا

دەنیز ئونداڤ 19ـی یۆلیۆ/تەممووزی 1996 لە ماڵباتێکی کورد لە شارۆچکەی ڤارێل لە ئەڵمانیا لەدایکبووە، ئونداڤ و ماڵباتەکەی بە رەسەن خەڵکی شارۆچکەی وێرانشارن لە شاری ئورفا کە کەوتووەتە پارێزگای رحا لە باکووری کوردستان.

کۆتایی ساڵی رابردوو کاتێک دەنیز ئونداڤ یاریزانی ئێستای یانەی شتوتگارتی ئەڵمانی لەلایەن هەڵبژاردەی تورکیاوە بانگهێشتکرا بۆ ئەوەی یاریی بۆ هەڵبژاردەکە بکات، ئەو یاریزانە کوردە گوتی ‘ئەز کوردم و نامەوێت یاریی بۆ هەڵبژاردەی تورکیا بکەم و چاوەڕێ دەکەم بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بکرێم’.

@akku4747

Deniz Undav Spieler des VfB Suttgarts und DFB Nationalspieler tanzt den Traditionellen Kurdischen Tanz beim Jubel seines Tores .@Denîz 💚☀️♥️ @Deniz Undav❤🤍 @Xemgin Neco@Xebat Neco @Klamadin Neco

♬ Raks (Kine Kine) – xemgin neco

ئونداڤ لەدوای تۆمارکردنی یەکێک لە گۆڵەکانی لە بۆندسلیگا لەسەر شێوازی جۆرێکی شایی باکووری کوردستان ئاهەنگی گێڕا.

ئونداڤ دوو مانگ لەمەوبەر خەونەکەی هاتەدی و بۆیەکەمجار لەلایەن یولیان ناگلیسمان راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بانگهێشتکرا، ئونداڤ لە یاریی بەرامبەر فڕەنسا لە مانگی مارس لە خولەکی 80 یەکەم یاریی فەرمی بە درێسی مانشافت کرد و یەکەم یاریی نێودەوڵەتی خۆی بە درێسی ئەڵمانیا نووسییەوە.

کاروانی وەرزشی ئونداڤ؛ لە خولی پلە چواری ئەڵمانیاوە بۆ لوتکەی بۆندسلیگا

ئونداڤ لە یانەی هاڤێلسی ئەڵمانی کە لە ریزی یانە پلە چوارەکان یاریی دەکرد، ساڵی 2014 دەستی بە یاریی کرد، ئەو هێرشبەرە ئەڵمانییە لە ریزەکانی ئێنتراخت براونشڤیگ و مێپێنی ئەڵمانی و سەینت گیلۆیسێ بەلجیکی یاریی کردووە، وەرزی رابردوو ئەنداڤ لە برایتنی ئینگلیزی یاریی دەکرد و ئەم وەرزە بە خواستن درێسی یانەی شتوتگارتی ئەڵمانی دەپۆشێت.

ئونداڤ لەم وەرزە لە ئاسمانی بۆندسلیگا درەوشایەوە و لەگەڵ یانەکە پلەی سێیەمی بەدەستهێنا و گەیشتنە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، هێرشبەرە کوردەکە لە بۆندزلیگا لە 29 یاری لە 22 یاریی سەرەکی بووە و 18 گۆڵ و 9 ئەسیستی کردووە، چوارەم گۆڵکاری ئەم وەرزەی خولەکەیە، بە باشترین یاریزانی مانگەکانی نۆڤێمبەر و یەنایەری ئەم وەرزەی خولەکە دەستنیشانکرا.

کوڕەکەی وێرانشار لە کاروانی وەرزشی خۆیدا لە 268 یاری 130 گۆڵی کردووە و یەکێک دەبێت لەو 27 یاریزانەی لە یۆرۆی 2024 درێسی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەپۆشن.

 

 

بابەتی زیاتر

Back to top button