بۆیەکەمجار ئاشکرا دەبێت؛ بۆچی مێسی رەتیکردەوە بچێتە یانەی هیلالی سعوودی؟
یاریگا –
فابریزیۆ رۆمانۆ بۆیەکەمجار ئاشکرای دەکات بۆچی مێسی رەتیکردەوە بچێتە ریزەکانی یانەی هیلالی سعوودی و ئینتەر مەیامی ئەمریکی هەڵبژارد.
فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامەنووسی ئیتاڵی و شارەزای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان بۆیەکەمجار چەند نهێنییەک لەبارەی لیۆنێل مێسی ئاشکرا دەکات و دەڵێت :’مێسی بەهیچ شێوەیەک لە پەیوەندیکردنی بە ریزەکانی یانەی هیلالی سعوودی نزیک نەبوو، بەڵکو یەکێک لە بژاردەکانی بوو’.
رۆمانۆ دەشڵێت :’پارە هۆکاری رەتکردنەوەی ئۆفەرەکەی هیلالی سعوودی نەبوو، بەڵکو بەهۆی خێزانەکەی و بەهێزی پەیوەندییەکەی لەگەڵ داڤید بێکهام بڕیاریدا ئینتەر مەیامی هەڵبژێرێت، پێنج ساڵ بوو مێسی لەگەڵ یانە ئەمریکییەکە لە گفتوگۆدابوو، دەمێک بوو لیۆ لە گفتوگۆدابوو بۆ ئەوەی پەیوەندی بە خولی ئەمریکییەوە بکات’.
لە سعوودیە دۆخەکە جیاوازە و یاریزانان پێکهاتەی یانەکە بونیاد نانێن، بەڵکو یانەکە خۆی بڕیار دەدات چ یاریزانێک دەگوازێتەوە، لە مەیامی مێسی بڕیار دەدات کامە یاریزان بگوازێتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەی میدیاکان هاوینی رابردوو یانەی هیلالی سعوودی ئۆفەرێکی بە بڕی 1.3 ملیار یۆرۆ پێشکەشی مێسی کرد، بەڵام لیۆ بڕیاریدا ئینتەر مەیامی هەڵبژێرێت و نەچێتە سعوودیە، لەکاتێکدا سەرەتای ساڵی رابردوو کریستیانۆ رۆناڵدۆ پەیوەندی بە ریزەکانی نەسڕی سعوودی کرد.
فابریزیۆ دەشڵێت :’لە مەیامی مێسی بڕیاریدا کامە یاریزان بکڕێت، بینیمان هەریەکە لە ئالبا و بۆسکێتس و سوارێز چوونە یانە ئەمریکییەکە، بەڵام لە سعوودیە دۆخەکە جیاوازە و یاریزانان پێکهاتەی یانەکە بونیاد نانێن، بەڵکو یانەکە خۆی بڕیار دەدات چ یاریزانێک دەگوازێتەوە’.
رۆژنامەنووسە ئیتاڵییەکە ستایشی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەکات و پێیوایە خولی سعوودی گۆڕیوە و دەڵێت :’هەندێک کەس پێیانوابوو کریستیانۆ لە سعوودیە سەرکەوتوو نابێت، دوای مانگێک یان دوو مانگ لەوێ دەڕوات، بەڵام ماوەیەکی دوور و درێژە لەوێ ماوەتەوە، بووە هۆی ئەوەی چەندان ئەستێرە پەیوەندی بە خولەکە بکەن و کریستیانۆ بە تەواوەتی خولی سعوودی گۆڕی’.