ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

ئارسیناڵ و بارسێلۆنا نیکۆ ویلیامسییان کردووەتە ئامانج

Yariga App

یاریگا –

ئارسیناڵ و بارسێلۆنا، نیکۆڵاس ویلیامسی ئیسپانی و یاریزانی ئاتلێتیک بلباوییان کردووەتە ئامانج.

سەرەڕای ئەوەی بلباو لە گرێبەستی نیکۆی تا هاوینی 2027 نوێکردووەتەوە، بەڵام دەزانێت هێشتا زۆرێک لە یانە گەورەکانی ئەوروپا چاویان لەسەر یاریزانەکەیە.

ویلیامس بەردەوام خواستی خۆی بۆ مانەوەی لە یانە باسکییەکە راگەیاندووە، یانەکەش دەیەوێت پارێزگاری لە تواناکانی بکات، بەڵام ئەگەر ئۆفەرێکی گەورە بخرێتە سەر مێزی بلباو، رەنگە هاوکێشەکە بگۆڕێت.

جیا لە یانە گەورەکانی ئیسپانیا، یانەکانی پرێمەرلیگ بەردەوام چاودێری یاریزانە تەمەن 21 ساڵانییەکە دەکەن، ئارسیناڵی لەندەنیش نزیکترین یانەی ئینگڵتەڕایە لە یاریزانەکە.

رۆژنامەنووسی نزیک لە یانەی ئارسیناڵ چارڵز واتس، لە لێدوانێکی بۆ ماڵپەڕی Caughtoffside، ئاشکرایکرد، کە گەنەرز لە هاوینی داهاتوو خۆی بۆ گواستنەوەی هێرشبەرە ئیسپانییەکە ئامادە دەکات.

بەپێی زانیارییەکانی چارڵز، ناوی نیکۆ لە سەرەوەی لیستی ئەو یاریزانانەیە کە ئارسیناڵ دەیەوێت گرێبەستیان لەگەڵ واژۆ بکات و یاریزانەکە ئامانجی سەرەکی میکێل ئارتێتایە.

نیکۆ بەرامبەر بەرازیل

بەڵام گرفتی سەرەکی ئارسیناڵ یانەی بارسێلۆنا دەبێت، بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی سپۆرت، یانە کاتالۆنییەکەش خۆی بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە ئامادە دەکات.

یاریزانەکە پەیوەندییەکەی پتەوەی لەگەڵ باڵدی، کوبارسی و لامین یامال هەیە، بارسا دەزانێت نیکۆ بەپەرۆشە درێسی یانەکەیان بپۆشێت، بەڵام ئەو راستییەش دەزانێت کە یاریزانەکە لە بلباو دڵخۆشە و نایەوێت پەیوەندی لەگەڵ یانەکەی تێکبدات.

بارسێلۆنا درکی بەوەش کردووە، نیکۆ لە رێگەی هاوڕێکانی لە بارسا، بەتایبەت لامین یامال، خەریکی خۆ خۆشەویستکردنە، بۆیە ئەگەر بتوانن بڕە پارەی گواستنەوەی ئامادە بکەن، ئەوا کار بۆ بەدیهێنانی خەونەکەیان دەکەن.

نرخی ئێستای ویلیامس لە بازاڕی گواستنەوە 50 ملیۆن پاوەندە، بەڵام پێشبینی دەکرێت، بلباو ئامادە نەبێت بە کەمتر لە 60 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری ببێت.

ویلیامز لە ئەکادیمیای بلباو پێگەیشتووە، لەم وەرزە لە 29 یاری 6 گۆڵی بۆ یانەکەی کردووە و 13 گۆڵیشی درووستکردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button