ئوسامە رەشید: بۆ من جێگای شانازییە سێیەمجارە بەشداریی جامی ئاسیا دەکەم
یاریگا –
ئوسامە رەشید ناوەڕاستکاری کورد کە دوێنێ رۆژی لەدایکبوونی بوو تەمەنی بووە 32 ساڵ، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکەیان لە جامی نەتەوەکانی ئاسیا دەڵێت ‘بۆ من جێگای شانازییە سێیەم وەرشانە بەشداریی جامی نەتەوەکانی ئاسیا دەکەم’.
ئوسامە رەشید ناوەڕاستکاری یانەی ڤیزێلای پۆرتوگاڵی، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یاریی یەکەمی هەڵبژاردەی عێراق لە جامی ئاسیا هاوشانی خیسۆس کاساس ئامادەبوو، ئەو کوڕە کەرکووکییە دەڵێت :’بۆ من جێگای شانازییە سێیەم وەشانە لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەشداریی جامی ئاسیا دەکەم، لە ئوستڕالیا بۆیەکەمجار بەشداریم کرد دواتر لە ئیمارات بەشداریی ئەم پاڵەوانێتییەم کرد، ئێستاش لە قەتەرم بەشداریی دەکەم، بۆ یاریزانەکانی هەڵبژاردەکەمان روون دەکەمەوە ئەم پاڵەوانێتییە چەند گرنگە’.
کاتێک عێراق بووە پاڵەوانی جامی ئاسیا 2007 بیرمە چووینە شەر شەقامەکان و بەیەکەوە ئاهەنگمان گێڕا، دەمانەوێت گەلی عێراقی دڵخۆش بکەین.
هەروەها ئوسامە رەشید دەڵێت :’یارییەکەی ئیندۆنیسیا ئاسان نابێت، دەمانەوێت گەلی عێراقی دڵخۆش بکەین و باشترینیان پێشکەش بکەین، دەمانەوێت کارێک بکەین هەموو عێراقییەکان شانازیی بە هەڵبژاردەکەیانەوە بکەن، ئێمە لە بەسرە بەرامبەر ئیندۆنیسیا یارییمان کرد و 5-1 لێمان بردنەوە، بۆیە زۆر بە باشی دەمانناسن’.
یاریزانەکەی هەڵبژاردەی عێراق دەشڵێت :’رووبەڕووی هەڵبژاردەیەکی بەهێز دەبینەوە، یارییەکەی سبەی ئاسان نابێت چونکە ئەوان باش شارەزای ئێمەن، ئەمەش مەترسیدارە، بیرمە کاتێک عێراق ساڵی 2007 جامی ئاسیای بەدەستهێنا، هەموومان چووینە سەر شەقامەکان و ئاهەنگمان گێڕا’.
ئوسامە رەشید سێیەمجارە بەشداریی جامی نەتەوەکانی ئاسیا دەکات و سێیەم یاریزانی کوردە لە مێژوودا بە درێسی هەڵبژاردەی عێراق بەشداریی جامی ئاسیای کردبێت.