گرنگترینمۆندیالی 2026

50 هەزار کیلۆمەتر لە ئاسمان؛ نهێنییەکانی پشت گەشتە خێراکانی سەرۆکی فیفا ئاشکرا دەبێت

ئینفانتینۆ بانگەشەی ژینگەدۆستی دەکات و خۆیشی گەورەترین تێکدەری ژینگەیە

Yariga App

یاریگا –

جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا، لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتە لە دەستپێکی مۆندیالی 2026، ئامادەی 24 یاری بووە، بەڵام ئەم ئامادەبوونە لە 16 شاری جیاوازی نێوان ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک، باجێکی گەورەی ژینگەییی هەبووە کە بووەتە جێگەی رەخنەی میدیاکان.

بەگوێرەی بەدواداچوونێکی هاوبەشی BBC Verify و BBC Sport، ئینفانتینۆ لە رێگەی فڕۆکەیەکی تایبەتەوە گەشتەکانی دەکات و ژمارەکان شۆکهێنەرن.

وردەکاریی گەشتەکان: 50 هەزار کیلۆمەتر لە ئاسماندا

تیمەکانی بەدواداچوون چاودێریی ئەو فڕۆکە تایبەتەیان کردووە کە بە فیفا و ئینفانتینۆوە بەستراوەتەوە کە پێدەچێت لە جۆری Gulfstream G650ER بێت، داتاکان ئەمانەی خوارەوە دەردەخەن:

  • ژمارەی گەشتەکان؛ لە دەستپێکی پاڵەوانێتییەکەوە تاوەکوو 27ـی حوزەیران، فڕۆکەکە 27 گەشتی ئاسمانیی کردووە.

  • مەودای بڕاو؛ زیاتر لە 31،144 میلی بڕیوە.

  • کاتی فڕین؛ زیاتر لە 66 کاتژمێر لە ئاسماندا بووە.

  • درێژترین گەشت؛ لە 13ـی حوزەیران، دوای بینینی یاریی ئوسترالیا و تورکیا، راستەوخۆ لە ڤانکۆڤەری کەنەداوە  بۆ مەیامی لە ئەمریکا فڕیوە کە مەوداکەی 4،507 کیلۆمەتر بووە.

  • رۆژە پڕ گەشتەکان؛ لە 15ـی حوزەیران، ئینفانتینۆ لە مەیامییەوە فڕیوە بۆ سیاتڵ [4،000 کم] بۆ بینینی یاریی بەلجیکا و میسڕ، پاشان یەکسەر فڕیوە بۆ لۆس ئەنجلۆس [1،545 کم] بۆ بینینی یاریی ئێران و نیوزلاندا لە هەمان شەودا.

زیانە ژینگەییەکان؛ کەسێک بەرامبەر 78 کەس

بەگوێرەی داتاکانی حکومەتی بەریتانیا بۆ دەردانی گازەکان، ئەم فڕۆکە تایبەتە لە هەر کاتژمێرێکدا نزیکەی 1،817 لیتر سووتەمەنی خەرج دەکات، ئەمەش بەو واتایە دێت کە گەشتەکانی ئینفانتینۆ لەم دوو هەفتەیەدا بە نزیکەیی 516 تۆن دوانۆکسیدی کاربۆنی دەرکردووە.

بۆ بەراورد، تێکڕای دەردانی کاربۆن بۆ کەسێکی ئاسایی لە جیهاندا لە تەواوی ساڵێکدا تەنها 6.56 تۆنە، واتە گەشتەکانی ئینفانتینۆ لە دوو هەفتەدا، یەکسانە بەو کاربۆنەی کە 78 کەس لە تەواوی ساڵێکدا دەریدەدەن.

پێچەوانەی بەڵێنەکانی فیفا

لە ستراتیژیی فیفا بۆ مۆندیالی 2026، ئینفانتینۆ خۆی رایگەیاندبوو ئەوان پابەندین بە رۆڵی خۆیانن لە پرسەکانی کەشوهەوادا.

هەروەها فیفا بەڵێنی داوە تاوەکوو ساڵی 2030 دەردانی کاربۆن بە رێژەی لە %50 کەم بکاتەوە و تاوەکوو ساڵی 2040 بگاتە ‘سفر کاربۆن’.

فرێدی دەیلی، شارەزا لە تۆڕی چالاکییەکانی کەشوهەوای وەرزشی پێی وایە ئەم رەفتارەی ئینفانتینۆ نیشانەی شکستی فیفایە لە بواری ژینگەپارێزیدا و بەتەواوی پێچەوانەی ئەو سەرکردایەتییەیە کە دەبێت فیفا لەم پرسەدا پێشانی بدات.

هەروەها شارەزایان دەڵێن فڕۆکەی تایبەت 5 بۆ 14 هێندەی فڕۆکەی بازرگانی ژینگە پیس دەکات.

پێش دەستپێکی مۆندیالیش، راپۆرتێکی زانستی خەمڵاندبووی کە مۆندیالی 2026 دەبێتە پیسکەرترین مۆندیال لە مێژوودا و نزیکەی 9 ملیۆن تۆن کاربۆن دەردەدات، کە دەکاتە دوو هێندەی تێکڕای چوار مۆندیالی رابردوو.

وەڵامی فیفا بۆ رەخنەکان

لە وەڵامی ئەم راپۆرتانەدا، نوێنەرێکی فیفا بە تۆڕە بەریتانییەکەی رایگەیاندووە؛

سەرۆکی فیفا بەردەوام بە مەبەستی کاری بازرگانی و پاڵەوانێتییەکە گەشت دەکات. هەندێکجار گەشتەکان بە فڕۆکەی بازرگانی رێکدەخرێن و هەندێکجاریش بە فڕۆکەی تایبەت، ئەمەش بەگوێرەی ئەوەی کامەیان بۆ هەلومەرجەکە خێراتر و لە رووی تێچووەوە گونجاوترە.

بەڵام فیفا وەڵامی ئەوەی نەدایەوە کە قەرەبووی ئەم زیانە ژینگەییانە دەکەنەوە یان نا.

بابەتی زیاتر

Back to top button