چێڵسی بەدوای شوێنگرەوەی سانچێز دەگەڕێت
یاریگا –
یانەی چێڵسی ئینگلیزی بەدوای شوێنگرەوەی رۆبێرت سانچێزی ئیسپانی دەگەڕێت.
ماڵپەڕی Caughtoffside بڵاویکردووەتەوە، چێڵسی لە گواستنەوەی زستانە گۆڵپارێزێکی نوێ بۆ شوێنی رۆبێرت سانچێزی دەگوازێتەوە و متمانەیان بە گۆڵپارێزە ئیسپانییەکە نەماوە.
سانچێز لە هاوینی رابردوو لە بڕایتنەوە بە بڕی 28 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندیکرد بە چێڵسی، بلوز متمانەیەکی زۆری بەو گۆڵپارێزە هەبوو، هەر بۆیە دەستبەرداری هەریەکە لە گۆڵپارێزان ئێدوارد مێندی و کێپا ئارێزابالاگا بوو.
بەڵام گۆڵپارێزە تەمەن 26 ساڵانییەکە ئاستێکی خراپ لەگەڵ یانەکەی پێشکەش دەکات، لەم وەرزە 19 یاری بە درێسی یانەکەی کردووە، 26 گۆڵی لێکراوە و تەنیا لە 5 یاریدا تۆڕی گۆڵەکەی بە خاوێنی پاراستووە.
ماوریسیۆ پۆچێتینۆی راهێنەری یانەکە ئەو گۆڵپارێزە بە خاڵێکی لاوازی تیپەکەی دەزانێت، هەر بۆیە داوای لە یانەکەی کردووە لە بازاڕی گواستنەوەی زستانە گۆڵپارێزێکی نوێی بۆ بگوازنەوە.
سانچێز لە یاری رابردووی یانەکەی بەرامبەر بە ئێڤەرتن لە خولەکی 84 بەهۆی پێکان یاریگای جێهێشت، بەڵام گەڕان بەدوای شوێنگرەوەی ئەو گۆڵپارێزەدا پەیوەندی بە پێکانەکەی نییە، پۆچی بێ گوێدانە دۆخی سانچێز، گۆڵپارێزێکی نوێی دەوێت.
A big performance from Rob so far! 🇪🇸🧤#CFC | #MunChe pic.twitter.com/JVjEaXvXDz
— Chelsea FC (@ChelseaFC) December 6, 2023