ئینگلتەراگرنگترین

بەهۆی ئانتۆنی هۆشداری بە مانچێستەر یونایتد دەدرێت

Yariga App

یاریگا –

بەشێوەیەکی فەرمی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەڕازیل ئانتۆنی لە لیستی یاریزانە بانگهێشتكراوەكانی هەڵبژاردەكەی دوورخستەوە لە ماوەی پشووە نێودەوڵەتیەكاندا، بەهۆی تۆمەتی دەستدرێژیكردنە سەر خۆشەویستەكەی پێشووی.

بەو هۆیەش هۆشداری بە یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی دراوە، کاتێک تۆمەتی دەستدرێژی دەدرێتە پاڵ یاریزانێکیان رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر و بابەتەکە پشتگوێ نەخەن.

لە لایەکی دیکە پۆلیسی مانچستەر رایگەیاند، بەدواداچوون بۆ ئەو تۆمەتانە دەکەن، کە ئانتۆنی لە ژوورێکی هۆتێلدا هێرشی کردووەتە سەر گابریێلا کاڤاڵین، خۆشەویستی پێشووی و هەرەشەی کوشتنی لێکردووە.

یاریزانە بەڕازیلییەکە سەرجەم ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە، تا ئێستا مانچستەر یونایتدیش هیچ لێدوانێکی لەسەر دۆخەکە نەداوە، ناوی یاریزانەکە لە ناو لیستی یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی چامپیۆنزلیگیشدا هەیە، کە یانەکە ئەمڕۆ لیستەکەی ئاشکراکرد.

بێدەنگی شەیتانە سوورەکان وایکردن رێکخراوێکی گەورەی ئافرەتانی وڵاتی ئینگڵتەڕا بەناوی Women’s Aid لەسەر دۆخەکە بەدەنگبێت و بەیاننامەیەک بڵاوبکاتەوە.

رێکخراوەکە بە تووندی هۆشداری بە یانە گەورەکان دەدات، داوا دەکات بەشێوەیەکی جدیتر ئاوڕ لەو کەیسانە بدەنەوە، کە یاریزانەکانیان تۆمەتبار دەکرێن بە ئەنجامدانی دەستدرێژی بۆسەر ئافرەتان، چوونکە یانەکان چاوی زۆریان لەسەرە، خاوەن هاندەری زۆرن بێدەنگییان لەسەر ئەو بابەتانە دەرئەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە.

رێکخراوەکە داوای ئەوە دەکات، لە پێناو پاراستنی مافی ئافرەتان و نەهێشتن یان کەمکردنەوەی دەستدرێژی بۆ سەریان   یانەکان بە سیاسەتی کارکردنی خۆیاندا بچنەوە، بە وریاییەکی زیاتر مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە بارودۆخانەدا بکەن و بێدەنگی هەڵنەبژێرن.

هێرشی ئانتۆنی بۆسەر گابریێلا کاڤاڵین

ساڵی رابردوو مەیسن گرینوودی یاریزانی هەمان یانە بە هەمان شێوە تۆمەتبارکرا، شەیتانە سوورەکان بە درێژایی وەرزی رابردوو یاریزانەکەیان لە پێکهاتەی تیپەکەیان دوورخستەوە و بێبەش بوو لە سەرجەم یارییەکانی یانەکەی.

بەڵام ئەمساڵ دادگا بێتاوانی ناوبراوی سەلماند، پۆلیسی ئینگڵتەڕایش سەرجەم تۆمەتەکانی لەسەر لابرد، یانەکەیش هەوڵیدا یاریزانەکە بگەڕێنێتەوە پێکهاتەی تیپەکەی، بەڵام رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بوونەوە و رێگەیان نەدرا ئەو کارە بکەن.

بەو هۆیەش مانچێستەر بە نەچاری دەستبەرداری گرینوود بوو، یاریزانەکە بەشێوەی خواستن پەیوەندی بە یانەی خێتافی ئیسپانییەوە کرد، یانە ئینگلیزییەکەیش وەک هاوکارییەک بەشێکی مووچەی یاریزانەکە دابین دەکات.

هەر بۆیە بێدەنگی مانچێستەر یوناتد لە دۆسیەکەی گرینوود وا لەیەک دەدرێتەوە، یانەکە نایەوێت یاریزانە بەڕازیلییەکە بخاتە هەمان دۆخی ئەستێرە ئینگلیزەکەی و تا دوا ساتەکانی یەکلایی بوونەوەی تۆمەتەکان چاوەڕوان دەبێت.

چەند خولەکێک لەمەوبەر مانچێستەر یونایتد بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک وەڵامی هۆشدارییەکەی دایەوە و تیایدا دەڵێت:

مانچێستەر یونایتد ئاگاداری ئەو تۆمەتانەیە کە ئاراستەی ئانتۆنی کراون و تێبینی کردووە، پۆلیس خەریکی لێکۆڵینەوە سەرەتاییە.

چاوەڕێی زانیاری زیاترین، یانەکە هیچ کۆمێنتێکی زیاتر لەسەر ئەم بابەتە نادات.

وەک یانەیەک، ئەم بابەتە زۆر بە جدی وەردەگرین، بە لەبەرچاو گرتنی کاریگەری ئەم تۆمەتانە و لێکەوتەکانی رزگاربووی دەست دەستدرێژییەکە.

بابەتی زیاتر

Back to top button