ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

نهێنییەکانی گواستنەوەی گرینوود بۆ خێتافی و رۆڵی سعودییەکان

Yariga App

یاریگا –

لە سەرەتای مێرکاتۆی هاوینەدا، لە کۆبوونەوەیەکی ستراتیجیدا، سعودییەکان لەگەڵ مانچێستەر یونایتد کۆبوونەوە و باسیان لە ئەگەری گواستنەوەی مەیسن گرینوود بۆ خولی رۆشن کرد.

کۆبوونەوەکە زۆری نەخایاند، بەرپرسانی سعودیە لە ترسی کاردانەوەی شەقامی وەرزشی، بیرۆکەی گواستنەوەی گرینوودیان رەتکردەوە، چونکە سعودیە هەموو هەوڵێک بۆ راکێشانی دڵی وەرزشوانان دەدات.

هەرچەندە خزمەتگوزاری شاهانەی داواکاری گشتی، (CPS) لە بەریتانیا، تەواوی تۆمەتەکانی لەسەر گرینوود هەڵگرتووە. کە بە دەستدرێژی سێکسی تۆمەتبار کرابوو. لە 2ی مانگی فێبرایەری رابردوو، کەیسی گرینوود داخرا.

لە بەیاننامەیەکی کورتدا، ئەستێرە ئینگلیزییەکە روونیکردەوە، ئێستا هەموو شتێک بەسەرچوو و کۆتاییهات. بەڵام لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا، گرینوود وەک یاریزانێکی پیشەگەر، پێی بەر تۆپ نەکەوت، تاوەکو لە دوا رۆژی گواستنەوەی هاوینەدا، بە خواستن پەیوەندی بە خێتافییەوە کرد.

مەیسن گرینوود
مەیسن گرینوود لەگەڵ مانچێستەر یونایتد و ناساندنی وەک یاریزانی خێتافی

سەرەڕای تەواوبوونی پڕۆسەی دادگایی و بێتاوانی گرینوود، بەڵام مانچێستەر یونایتد، لێکۆڵینەوەی تایبەتی خۆی دەستپێکرد و تەنانەت بەر لە گەیشتنی کەیسەکە بە دادگا. چونکە بڵاوبوونەوەی وێنە و ڤیدیۆکانی گرینوود، کاردانەوەیەکی گەورەی لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بە دوای خۆیدا هێنا.

لە ڤیدیۆکەدا، دەنگی پیاوێک دەبیسترێت گوایە گرینوودە، هاوار دەکات و داوای سێکس لە ئافرەتێک دەکات. ئافرەتەکەش وەڵامی دەداتەوە و رەتیدەکاتەوە هیچ کارێکی لەم جۆرەی لەگەڵدا بکات. وەڵامی کەسەکە کە گوایە گرینوودە دەڵێت، من هیچ گرنگی بە تۆ نادەم، چی دەڵێی بیڵێ.

دوای شەش مانگ لە لێکۆڵینەوە، ریچارد ئارنۆڵد، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مانچێستەر یونایتد، لە 1ی مانگی ئاب، نیازی خۆی بۆ گەڕاندنەوەی گرینوود بۆ تیمی یەکەمی یونایتد گەیاندە سەرکردایەتی جێبەجێکاری یانەکە. بەڵام بە هۆی کاردانەوەکانی نێو سۆشیال میدیا، ئارنۆڵد لە نیازەکەی پەشیمان دەبێتەوە و دەکەوێتە ژێر کاریگەری شەقامی وەرزشی.

لە پەیامێکی کراوەی ئارنۆڵدا بۆ هاندەرانی یونایتد، نووسیویەتی

نەمانتوانی دەستمان بە بەڵگەنامەی تەواو بکەوێت، بە گوێرەی بەڵگەکانی بەردەستمان، مەیسن گرینوود هیچ کردەوەیەکی نایاسایی نەکردووە. سەرنجە توندەکەی سەر گرینوود لە مانچێستەر یونایتد، کاریگەری لەسەر دروستکردنەوەی کاروانی وەرزشی یاریزانەکە دروست دەکات. گەڕانەوەی گرینوود بۆ تیمی یەکەم، رەنگە کاریگەری لەسەر یەکگرتوویی یانەکە دروست بکات.

بەڵام، مانچێستەر یونایتد گرێبەستی گرینوودی هەڵنەوەشاندەوە، هێشتا دوو ساڵ بۆ بەسەرچوونی گرێبەستەکەی ماوە و مووچەی هەفتانەی گرینوود لە مانچێستەر 75 هەزار پاوەند بوو. لەسەر ئاستی گشتیشدا، مانچێستەر یونایتد سڵی لە دووبارە یارمەتیدانەوەی گرینوود نەکردووە و لە ژیانی کەسیشدا، یارمەتی ئەستێرە لاوەکە دەدات.

بڕیارەکەی مانچێستەر یونایتد لە 21ی ئاب درا، بۆیە ماوەیەکی کەم بۆ داخرانی بازاڕی گواستنەوەکان هەبوو، تەنانەت تا دوا ساتەکانیش، روون نەبوو، ئایا مان یونایتد بە خواستن، گواستنەوەی هەمیشەیی دەستبەرداری گرینوود دەبێت. لە کۆبوونەوەیەکی خێرادا، دەستەی کارگێڕی مان یونایتد، بڕیاریدا بە خواستن رێگە بە چوونە دەرەوەی گرینوود بدات. یانە ئینگلیزییەکە خەریکی کۆمەڵێک گواستنەوە بوو. هەریەکە لە جۆن مورتۆ، بەڕێوەبەری تۆپی پێ و مات هارگریڤز، بەڕێوەبەری گفتوگۆکان، خەریکی گواستنەوە و دەستبەرداربوونی یاریزانانی وەک جۆنی ئیڤانز، ئالتای باییندیر، سێرجیۆ روگولیۆن و سوفیان ئەمرابت بووم. بۆیە سەرنجێکی تەواویان لەسەر کەیسی گرینوود دانەنابوو.

مەیسن گرینوود
ماڵی مەیسن گرینوود لە مانچێستەر

مۆرتۆ، کە یەکێکە ئەندامانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی مان یونایتد، پاڵپشتی بڕیاری مانەوەی گرینوود بوو لە ئۆڵدترافۆرد، هاوڕێیەکی نزیکی ئاندروی باوکی گرینوودە. هەرچەندە سەرەتا سعودییەکان زۆر بە پەرۆشبوون بۆ گواستنەوەی گرینوود، بەڵام دوایی لە گفتوگۆکان کشانەوە. چونکە ترسێکی زۆریان لە کاردانەوەی بابەتەکە بوو لە سۆشیاڵ میدیا و رۆژنامەکاندا، چونکە سعودییەکان خەریکی پەرەپێدانی تۆپی پێی ئافرەتانن لە وڵاتەکە و وڵاتە گەورەکەی کەنداو دەیەوێت میوانداری جامی ئاسیای خانمان بکات.

لە دوای کشانەوەی سعودییەکان، مان یونایتد سەرنجی خۆی گەڕاندەوە ئەوروپا و بە نهێنی کاری لەسەر بابەتەکە دەکرد، چونکە ترسیان لە دووبارە گەورەکردنی کەیسەکە لە میدیاکان و سۆشیاڵ میدیا هەبوو.

بریکاری چەندین یانەی ئەوروپا بۆ گواستنەوەی گرینوود هاتنە سەرهێڵ، بەڵام هەرگیز ناوی یانەکان و کەسانی تێوەگلاو لە بابەتەکان ئاشکرا نەدەکران. بەڕێوەبەری وەرزشی خێتافی بە زە ئاتلێتیکی راگەیاندبوو، 20 بریکار بۆ گرینوود ئامادەبوون، تاوەکو یانەیەکی نوێی بۆ بدۆزنەوە، بەڵام مان یونایتد ئەم هەواڵانەی رەتکردەوە، چونکە یونایتد دەیەویست بەبێ دەنگی رای یانەکان لەسەر گواستنەوەی گرینوود بزانێت، یانەکانیش چاویان لە وردەکاری گرێبەستەکە بوو، ئایا چۆن یەکلایی دەبێتەوە.

لە بەهاری رابردوودا، ئاتاڵانتای ئیتاڵی، پەیوەندی بە مانچێستەر یونایتدەوە کرد، داوای گرینوودی بە خواستن کرد، بەڵام ئەوکاتە یونایتد هیچ بڕیارێکی لەبارەی داهاتووی یاریزانەکە نەدابوو، بۆیە داوای یانە ئیتاڵییەکەی رەتکردەوە.

مەیسن گرینوود
مەیسن گرینوود لە دوای تەواوبوونی دادگاییکردنی لە مانچێستەر

لە دوا هەفتەی گواستنەوەکاندا، بریکاران هەوڵەکانیان چڕکردەوە و گرینوودیان پێشکەش بە چەندین یانە کرد، بەڵام یانەکانی وەک برێنتفۆرد و بۆڕووسیا دۆرتموند، رەتیانکردەوە گرینوود، بگوازنەوە، کەچی یانەکانی میلان و رۆما خۆیان لە بابەتەکە دوورخستەوە. یەکێک لە تەحەداکانی بەردەم گرینوود بریتی بوو لەوەی، خولەکانی فەرەنسا و ئیسپانیا سنووریان بۆ یاریزانانی دەرەوەی زۆنی یەکێتیی ئەوروپا هەیە، چونکە ئەستێرە ئینگلیزییەکە وەک ئەوروپییەک مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت، ئەمەش دوای جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی 2016.

لە فەرەنسا، سنووری یاریزانانی غەیرە ئەوروپی بریتییە لە چوار یاریزان و لە ئیسپانیاش پێنج یاریزان. بەڵام تەنیا ناوی سێ یاریزان دەکرێ لە پێکهاتەی رۆژی یارییەکاندا بن. لە ئیتاڵیا سنوورەکە دوو یاریزانی غەیرە ئەوروپییە، بەڵام لە مانگی حوزەیراندا، سێریا ئەی یاساکانی گۆڕی و خاوەن وڵاتینامەکانی بەریتانیا و سویسرا، وەک یاریزانی زۆنی یەکێتیی ئەوروپا هەژمار کران.

رۆژی هەینی، 1ی سێپتێمبەر و لە دوا رۆژی گواستنەوەکاندا، قسەکان لەبارەی گرینوود زیادبوون و گفتوگۆی جدی لەسەر لایەنە گرنگی پێدەرەکان کرا.

لازیۆی ئیتاڵی لە سەرووی یانە گرنگی پێدەرەکانەوە بوو، لازیۆ بەشداری لە چامپیۆنزلیگی ئەم وەرزە دەکات و تەنانەت دۆکیومێنتە یاساییەکان لە نێوان هەردوویانە ئاڵوگۆڕ کران، کەچی هەردوو یانەکە نەیانتوانی بەر لە کاتژمێری 19:00 بە کاتی ئیتاڵیا، بگەنە رێککەوتن و بازاڕی گواستنەوە لە سێریا ئەی داخرا.

وادەی داخرانی بازاڕی گواستنەوەی ئیسپانیا، هاوکات بوو لەگەڵ ئینگلتەرا، بۆیە کاتێکی زۆر لە بەردەم خێتافیدا هەبوو، تاوەکو دەست بە گفتوگۆکان بکات. لە ئیتاڵیا راپۆرتی جیاواز بڵاوکرانەوە. رۆژنامەکانی Il Tempo و Il Messagero بڵاویانکردەوە، ماوریزیۆ ساری، راهێنەری لازیۆ، لە گونجاندنی یاریزانەکە دڵنیانییە، چونکە گرینوود لە یەنایەری ساڵی 2022 بەشداری هیچ یارییەکی فەرمی نەکردووە، بڕیاردان لە دوا کاتژمێری گواستنەوەکان ئەستەمە.

لە دوای کشانەوەی لازیۆ، خێتافی بە تەواوی هاتە نێو چوارچێوەکە. یانە ئیسپانییەکە توانای دارایی فراوانی نییە، خێتافی داوای گرینوودی بە خواستن کرد و مووچەی یەک وەرزیشی بە یەک ملیۆن یۆرۆ خەمڵاند و هیچ بژاردەیەکیش بۆ گواستنەوەی هەمیشەیی گرینوود لە هاوینی داهاتوودا نییە. بە گوێرەی رێککەوتنەکە، یونایتد بڕی 50 هەزار لە مووچە 75 هەزارییە هەفتانەکەی لە ئەستۆ گرتووە.

گوتەبێژی خێتافی روونیکردووەتەوە، بڕگەیەک لە گرێبەستەکەدا هەیە، ئەگەر هەردوولایەن لە دۆخی خۆیان نیگەران بوون، ئەوا لە یەنایەری ساڵی داهاتوو، دەتوانن لەیەکتر جیاببنەوە، ئەمە بڕگەیەکی ستانداردە لە زۆربەی گرێبەستەکانی خواستن، بەڵام مانچێستەر یونایتد لەسەر رای خۆی سووربوو، جارێکی دیکە گرینوود یاری بۆ مانچێستەر یونایتد نەکاتەوە، بەڵام هەرچۆنێک بێت، ئەستێرە ئینگلیزییەکە لە هاوینی داهاتوودا دەگەڕێتەوە ئۆڵدترافۆرد، دوای بەسەرچوونی ماوەی خواستنەکەی. چونکە گرێبەستی مەیسن لە هاوینی ساڵی 2025 بەسەردەچێت.

کاتژمێری 22:48 بە کاتی مەدرید، خێتافی پۆستێکی لە سۆشیاڵ میدیا بە ئینگلیزی کرد و نوویسبووی ”لەسەرخۆ بن، ئاشکرا کردنی گرێبەستێک ماوە”. پۆستەکە ئاڵای ئینگلتەرای لەگەڵدا بوو. کاتژمێر 22:58 بە کاتی مەدرید، گواستنەوەی مەیسن گرینوودیان ئاشکرا کرد و پۆستەکە زیاتر لە 30 ملیۆن بینەری هەبوو.

رۆژی دواتر، رۆژنامەی دەیلی میرەر بڵاویکردەوە، رێکخراوێکی داکۆکی کردن لە ئافرەتان پەیامێکی ئاراستەی خێتافی کرد و بە نموونەیەکی خراپی وەسف کرد.

ئانا بێلا ئێستێڤێز، خاوەنی دامەزراوەی ئانا بێلا بە دەیلی میرەری راگەیاند

نەدەبووایە بەڕێوەبەرانی خێتافی هەرگیز گرێبەست لەگەڵ مەیسن گرینوود واژۆ بکەن، دەبێ زوو لە بڕیارەکەیان پەشیمان ببنەوە. کاتێک تۆ نوێنەرایەتی دامەزراوەیەکی گشتی وەک خێتافی دەکەیت، هیچ بیانووێک نییە کەسێک ببێتە فەیس کە هەڵوێستی لەسەر توندوتیژی بەرامبەر ژنان روونە. دەبێ بەرپرسیارەتی ئەخلاقی هەڵبیگرێت.

ئێستا گرینوود یاریزانی خێتافی و خەریکە جارێکی دیکە کاروانی وەرزشی دەستپێدەکاتەوە، ئەو دۆخەی گرینوود پێیدا تێپەڕیوە، زۆر کاریگەری لەسەر کاروانی وەرزشی دروست دەکات، بەڵام تاوەکو کۆتایی وەرز دەبێ چاوەڕێ بکەین، بزانین دەتوانێت ببێتە گرینوودی جاران.

بابەتی زیاتر

Back to top button