یاریگا

کاساس بە رووبەڕووبوونەوەی رووسەکان دڵخۆشە

یاریگا –

راهێنەری هەڵبژاردەی عیراق جیسوس کاساس ستایشی ئاستی یاریزانانی هەڵبژاردەکەی کرد، جەختی کەوەش کردەوە، یارییە دۆستانەکەیان بەرامبەر بە هەڵبژاردەی رووسیا زۆر چێژبەخش بووە.

سەرەڕای ئەوەی بەهۆی جەنگی ئۆکڕاینا و رووسیا هەڵبژاردەی رووسیا لەلایەن فیفاوە خراوەتە لیستی ڕەشەوە و لە سەرجەم پاڵەوانێتی و یارییە دۆستانەکانیش سڕکراوە، بەڵام هەڵبژاردەی ئەو وڵاتە لە ماوەی چوار رۆژی رابردوو دوو یاری دۆستانەی بەرامبەر هەردوو هەڵبژاردەی ئێران و عێراق ئەنجامداوە.

هەڵبژاردەی رووسیا لە رۆژی پێنج شەممەی رابردوو لە تاران رووبەرووی هەڵبژاردەی ئێران بوویەوە و یاریەکەش بە ئەنجامی گۆڵیک بۆ هەرلایەک بە یەکسانبوون کۆتایی هات، پاشان لە ڕۆژی یەکشەممە لە سانت پترسبۆرگ میوانداری هەڵبژاردەی عێراقی کرد، یارییەکەشی بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێ وەڵام لێبردەوە.

کاساس لە درێژەی قسەکانی سەبارە بە یارییەکەیان بەرامبەر رووسیا گوتی:

لە گێمی یەکەم ئاستێکی زۆر باشمان پێشکەشکرد، هەلی زۆرمان بۆ رەخسا تا گۆڵ بکەین بەڵام بەختمان نەبوو.

هەروەها گوتی:

لە گێمی دووەم ئاستمان دابەزی و هەڵبژاردەی رووسیا ئاستی باشتر بوو، دوو گۆڵیان کرد و دەیانتوانی گۆڵی زیاتریش بکەن.

راهێنەرە ئیسپانییەکە سەبارەت بە گرینگی ئەم یارییە گوتی:

یاریکردن بەرامبەر هەڵبژاردە بەهێزەکان زۆر بەسوودە بۆمان، چوونکە ئاستی راستەقینەی خۆمان بۆ بەدیار دەکەوێت، ئەمەش بەهێزترین یاری بوو بۆ من لەوەتەی بوومەتە راهێنەری هەڵبژاردەت عێراق.

سەبارەت بە ئامادەنەبوونی بەشێک لە یاریزانانیش گوتی:

نەمانتوانی سودمەند بین لە توانای هەموو یاریزانەکانمان، بەڵام شانازەی بە هەموو ئەو یاریزانانەمان دەکەم، کە لەم یارییەدا لەگەڵمان بوون.

لە کۆتایی قسەکانیشیدا جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە کە کردنی ئەم جۆرە یارییە بەهێزانە بۆ عێراق گرنگە و پێویستە درێژە بەم کارەیان بدەن لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی هەڵبژاردەکەدا.

هەڵبژاردەی عێراق
وێنەی پێکهاتەی سەرەکی هەڵبژاردەی عێراق بەرامبەر رووسیا

بابەتی زیاتر

Back to top button