ئه‌وروپا

ئۆلیڤەر كان: بایرن بیری لە گواستنەوەی ڕۆناڵدۆ كردەوە

یاریگا-

ئۆلیڤەر كان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەی بایرن میونشن دانی بەوەدانا کە یانەکەیان ئارەزووی خۆی بۆ گواستنەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی و ئەستێرەی یانەی مانچێستەر یۆنایتد لەم هاوینەدا دەربڕیوە.

ئەستێرە پورتوگالییەکە لە هاویندا نیازی خۆی دەربڕی بۆ جێهێشتنی مانچێستەر یونایتد و یاریكردن لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا.

کان ئاشکرای کرد کە بایرن بیری لەوە کردۆتەوە گرێبەست لەگەڵ رۆناڵدۆ بکات لەبەر بەرژەوەندی خولی ئەڵمانیا، بەڵام بەخێرایی ئیدارەی یانەکە ئەو بیرۆکەیەی رەتکردەوە.

لە لێدوانێکیدا بەڕێوەبەری جێبەجێكاری بایرن بۆ ڕۆژنامەی بیڵد وتی: ئێمە بە کورتی باسمان لە بیرۆکەی گواستنەوەی ڕۆناڵدۆ کرد بۆ بایرن، ڕەنگە دۆرتمۆندیش بە هەمان شێوە بیریان کردبێتەوە.

هەروەها دەڵێت: بێگومان ئەستێرە گەورەكانی وەک ڕۆناڵدۆ هۆکارێکی گرنگن بۆ ڕاکێشانی سەرنج بۆ خولەکە، ئەو یەکێکە لە گەورەترین یاریزانەکانی دەیەی ڕابردوو، بەڵام ئێمە بەخێرایی ئەو بیرۆكەیەمان ڕەتکردەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button