عێراقکوردستان

یاریگای یانەی برایەتی دەبێتە شانۆیەکی مێژوویی لە نێوان دوویانەی کوردیدا

یاریگا-

بڕیارە ئەمڕۆ ئێوارە لە گەڕی دوانزەمی خولی یانە پلە یەکەکانی عێڕاق کاتژمێر 4:45 لە سەر یاریگای تایبەت بە یانەی برایەتی لە یاریەکی بەهێزدا هەردوو یانەی برایەتی و نەورۆز ڕووبەڕووی یەکتر ببنەوە.

پێش ئەم یاریە نەورۆز بە 24 خاڵ لە پلەی یەکەمی گڕوپی یەکەمدایە، یانەی برایەتیش بە تەنها 6 خاڵ لە پلەی چواردەمە و کۆتایی ڕیزبەندیەکەی گرتووە.

لە ئەگەری سەرکەوتنی نەورۆز و شکستی یانەی عەفک بەرامبەر یانەی حوسێن کە بە 23 خاڵ لە دوای یانەی نەورۆزەوە دێت بەفەرمی یانەکە بۆ ساڵی داهاتوو دەبێتە نوێنەری شاری سلێمانی لە خولی نایابی عێڕاق بۆ وەرزی 2021_2022.

نەورۆز لەبەردەم تۆمارکردنی مێژوویەکی گەورەدایە، بەڵام هەرچی یانەی برایەتیە ئەمڕۆ شەڕی مانەوەی خولەکە دەکات چونکە نزیکترین ڕکابەرەکانی هەردوو یانەی جەیش و جنسیە یە کە هەریەکە و بە حەوت خاڵ لە پلەکانی دوانزەم و سێزدەیەم دێن، بۆیە چاوەڕوانی یاریەکی بەهێز دەکرێت لە نێوان هەردوو یانە کوردیەکە و چاوی وەرزشی کوردستان بەتایبەتی و عێڕاق بەگشتی لەسەر ئەم یاریە دەبێت.

نەورۆز بۆ ئەم یاریە بەتەواوی پێکهاتەکەیەوە دوێنێ گەیشتە شاری هەولێر و لەسەر یاریگای یانەی برایەتی کۆتا مەشقی خۆی ئەنجامدا، بۆ ئەم یاریەش یانەی برایەتی بێبەش دەبێت لەهەریەک لە یاریزانان ( بیلال ساڵح و شێرزاد حوسێن) کە بەهۆی پێکانەوە ناتوانن بەشداری یاریەکە بکەن.

بۆ هەر گڕوپێک لە خولی یانە پلە یەکەکانی عێڕاق 14 یانە لە خۆدەگرێت و خاوەن پلەی یەکەم ڕاستەوخۆ سەردەکەوێت بۆ خولی یانە پلە نایابەکان و دووەمی ڕیزبەندی هەردوو گڕووپ لەگەڵ یەکتر یاری دەکەن و براوەیان لەگەڵ پلەی هەژدەمی خولی نایاب یاری دەکات یەکێکیان لە نایاب دەبن.

بابەتی زیاتر

Back to top button