ئینگڵته‌را

“حەزم لەو یاریزانانەیە کە هەستی خودپەسەندی تێیاندا سفرە”

یاریگا- میکێل ئارتێتا پەسنێکی زۆری موحەمەد ئەلنینی دەکات و سەرسامە بە زۆر لایەنی ئەو یاریزانەی.

لە دوای بردنەوەکەیان 0-1 لە مانچستەر یوناید کە تێیدا ئەستێره میسڕیەکەی ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد، ئارتێتا بۆ سکای سپۆرست بە “ئاستی خەیاڵی” وەسفی کرد. ئەوەی لە ڕۆژنامەی زە سەنی ئینگلیزیشدا بڵاو کراوەتەوە، ڕاهێنەرەکەی گەنەرز لە بارەی موحەمەد ئەلنینی دەڵێت: “ئەوەی [مۆ] دەینێرێت بۆ تیمەکە شتێکی تایبەتە. بیرتان نەچێ، من وەک یاریزانیش یارییم لەگەڵ کردووە و دەزانم وەک کەسایەتی چ تایبەتمەندییەکی هەیە. 

ئەو یاریزانە کە پێنج ساڵ پێش ئێستا و بە بڕی تەنها 5 ملیۆن پاوەند لە بازلی سویسریەوە گوازرایەوە بۆ ڕیزی تۆپچییەکانی لەندەن، سەروەختی ڕاهێنەرایەتی ئونای ئێمری هەلی زۆری پێ نەدەدرا. ئارتێتا زیاتر لە پەسنیدا ڕۆ دەچێت و دەڵێ:ْ “حەزم لەو یاریزانانەیە کە هەستی خودپەسەندی تێیاندا سفرە. ئەوانەی کە دەیانەوێت هاوکاری یانە بکەن ئیتر ئەگەر بۆ خولەکێک بێت یان 96 خولەک. ئەوە نەک تەنها لە ناو یاریگادا، بەڵکوو لە کاتی ڕاهێنانەکانیش کاتێک هەڵنابژێردرێیت بۆ پێکهاتەی یارییەک، چیت پێیە بۆ تیمەکەی بهێنی؟ چۆن دەتوانیت هاوکاربیت؟ بە چی دەتوانیت کۆمەک بە یانەکە بکەیت؟ ئەل نینی ئەو وزەیەی هەیە کە هەرکاتێک دەچێتە ژووری خۆگۆڕین، کەشێکی خۆش دەخولقێنێ. ئێمەش پێویستمان بەو هەستە ئەرێنیه هەیە کە ئەو بۆمانی دێنێ. ئەو مایەی خۆشویستنە لەلایەن هەموو کەسێک لە ئارسیناڵ. بەرامبەر مان یو زۆر نایاب وو. من هەمیشە بڕوام بە تواناکانێتی وەک یاریزانێکی تۆپی پێ. ئێستاش ئەو توانایانەی پیشانی هەموان دەدات.”

بابەتی زیاتر

Back to top button