
یاریگا –
پاتریک ڤیێرا، یاریزانی ئەفسانەیی فەرەنسی و کاپتنی پێشووی یانەی ئارسیناڵ، چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆژنامەی لا گازێتا دێلۆ سپۆرت کرد، کە تێیدا باسی لە شکستی گواستنەوەی بۆ ریال مەدرید و پەیوەندییەکەی لەگەڵ جۆزێ مۆرینیۆ کرد.
ئارسیناڵ و چامپیۆنزلیگ
ئارسناڵ لەم دواییانەدا بۆ یەکەمجار لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەدا نازناوی پرێمەرلیگی بەدەستهێنا. مانچستەر سیتی تاوەکوو کۆتا قۆناخەکان گوشاری لەوان کرد، بەڵام لە کۆتاییدا تۆپهاوێژەکان نازناوەکەیان بەرز کردەوە. ڤیێرا لەم بارەیەوە گوتی:
کاتێک 22 ساڵ لەمەوبەر نازناوەکەمان بردەوە، من قەت بیرم لەوە نەدەکردەوە کە دەبێت هێندە چاوەڕێ بکەم. ئەمەش دەڵێم، دیکلان رایس وەکوو منە؛ بۆ تیمەکە یاری دەکات، نەوەکوو بۆ خۆی.
پاشان ڤیێرا باسی لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی نێوان ئارسیناڵ و پاریس سانجێرمان کرد، کە بڕیارە لە 30ـی ئایار لە بوداپێست بەڕێوە بچێت و گوتی:
من پێم وایە یارییەکە گۆڵی تێدا دەبێت، نەوەکوو بە ئەنجامی 1-0 کۆتایی بێت. ئەگەر پاریس بەو شێوازە کراوەیە یاری بکات کە بەرامبەر بایرن کردیان، خۆیان دەخەنە مەترسییەوە. منیش رام گۆڕیوە؛ ئێستا پاڵپشتی ئارسناڵ دەکەم.

لە کاتێکدا ناوی مۆرینیۆ بە گەڕانەوەی بۆ ریال مەدرید دوای دوو وەرزی بێ نازناو بەستراوەتەوە، ڤیێرا روانگەی خۆی لەسەر ئەو راهێنەرە پۆرتوگالییە خستەڕوو و گوتی:
دەکرێت جۆزێ کەسی گونجاو بێت. ئەو دەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ پاڵەوانەکاندا بکات. ئێمە هەمیشە تەبا نەبووین، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات من تێگەیشتم کە ئەو راستی دەکرد.
سەبارەت بە ناکۆکییەکانیان، ڤیێرا بەسەرهاتێکی مانگی ئازاری 2009ـی گێڕایەوە، لە کاتی یارییەکی چامپیۆنزلیگ لەنێوان مانچێستەر یونایتد و ئینتەر میلان و گوتی:
من تازە لە پێکان دەگەڕامەوە و مۆرینیۆ پێی گوتم؛ ‘من پێویستم بە تۆیە لە پێکهاتەی سەرەکیدا، تۆ 60 خولەک یاری دەکەیت’. دوای چوار خولەک من کۆنترۆڵی ڤیدیچم لەدەستدا و گۆڵی کرد، لەنێوان دوو گێمەکەدا سەیری بۆردی تاکتیکم کرد؛ من لە دەرەوە بووم و مۆنتاری لە شوێنی من هاتبووە ناوەوە. رۆژی دواتر من چوومە نووسینگەکەی چونکە ئەو بەڵێنەکەی خۆی بۆ 60 خولەکەکە نەبردبووەسەر. پێی گوتم؛ ‘تۆ باش یاریت نەکرد، من دەبێت ئەوە بکەم کە بۆ تیمەکە باشترینە’. ئەمڕۆ وەکوو راهێنەرێک، من دەڵێم ئەو راستی دەکرد.

گەورەترین پەشیمانی
کاتێک سەیری رابردووی کاروانی وەرزشیی خۆی دەکات، ڤیێرا دانی بەوەدانا کە تەنیا یەک پەشیمانیی راستەقینەی لە ژیانیدا هەیە و گوتی:
نەچوونم بۆ ریال مەدرید گەورەترین پەشیمانی ژیانمە. کاتێک من لە ئارسناڵ بووم چوار ساڵ لەسەریەک هەوڵی کڕینی منیاندا. لە ساڵی کۆتاییدا رازی بووم، رێککەوتن لەسەر هەموو شتێک کرابوو، بەڵام من دواتر بؤچوونم گۆڕی. ئارسناڵم زۆر خۆش دەویست.
ناوەڕاستکارە فەڕەنسییەکە بەسەرهاتێکی دیکەی پێوەست بە مۆرینیۆ گێڕایەوە و گوتی:
کاتێک من وەکوو باڵوێزی مانچێستەر سیتی چوومە مەدرید، مۆرینیۆ وتارێکی لاپەڕەی یەکەمی رۆژنامەی مارکای دەربارەی ئەو گواستنەوەیە بۆ هێنام. پێی وتم: ‘تۆ تاکە یاریزان بوویت کە ریال مەدریدت رەتکردەوە.’



