کێ پاڵەوانی راستەقینەی جامی نەتەوەکانی ئەفریقایە؟ دادگا بڕیار لەسەر ململانێی سێنیگال و مەغریب دەدات
دادگای ناوبژیوانی وەرزشی کەیسی هەڵوەشاندنەوەی نازناوەکەی مەغریب تاوتوێ دەکات

یاریگا –
کێشە و ململانێکانی سەر جامی نەتەوەکانی ئەفریقای 2025، پێدەنێتە قۆناخێکی هەستیار و یەکلاییکەرەوەوە.
رۆژنامەنووسی باوەڕپێکراو، بێن جەیکبز بڵاویکردووەتەوە، دوای ئەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەفریقا بڕیارێکی چارەنووسسازی دەرکرد، ئێستا دادگای ناوبژیوانی وەرزشی هاتووەتە سەر هێڵ، بۆ ئەوەی بەیەکجاری و بەشێوەیەکی یاسایی خاوەنی نازناوەکە دیاری بکات.
🚨 BREAKING: The Court of Arbitration for Sport has scheduled a hearing to decide on who won the 2025 AFCON title. It will take place on October 8 between the Senegalese Football Federation and the Confederation of African Football (CAF) and the Royal Moroccan Football… pic.twitter.com/SoaBZnAFro
— Ben Jacobs (@JacobsBen) July 24, 2026
ناوەڕۆکی کێشەکە و سکاڵای سێنیگال
گرێکوێرەی ئەم جەنگە یاساییە دەگەڕێتەوە بۆ بڕیارێکی پێشوەختەی فیدراسیۆنی ئەفریقا، کە تێیدا بڕیاری دا هەڵبژاردەی سێنیگال وەکوو پاشەکشەپێکراو و دۆڕاو لە پاڵەوانێتییەکەدا هەژمار بکات، بەو هۆیەوە نازناوی جامی نەتەوەکانی ئەفریقای 2025 راستەوخۆ بەخشییە هەڵبژاردەی مەغریب؛ ئەمەش وای لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی سێنیگال کرد کە بێدەنگ نەبێت و پەنا بباتە بەر بەرزترین دەسەڵاتی دادوەریی وەرزشی لە جیهاندا.
سێنیگال لە دادگای CAS داوای هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی ئەو بڕیارەی فیدراسۆنی دەکات و دەیەوێت مافی خۆی لە پاڵەوانێتییەکەدا بگەڕێنێتەوە، لە بەرامبەریشدا، هەریەک لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەفریقا و فیدراسیۆنی شاهانەی تۆپی پێی مەغریب وەکوو بەرگریکار لە بڕیارەکە لە دادگا ئامادە دەبن.
رێکارەکانی دادگا و رۆژی یەکلاییکەرەوە
بەفەرمی دادگای ناوبژیوانی وەرزشی رۆژی سێشەممە، 8ـئ تشرینی یەکەمی دیاری کردووە بۆ دانیشتنی گوێگرتن لە لایەنەکان؛ سەرەڕای هەستیاریی دۆخەکە، لایەنەکان نەگەیشتنە رێککەوتن بۆ خێراکردنی پرۆسەی دادگاییکردنەکە، بۆیە کەیسەکە بەپێی خشتەی کاتیی ئاسایی و رێسا کارپێکراوەکانی CAS بەڕێوەدەچێت.
ئەم دانیشتنە چارەنووسسازە بەتەواوی لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە دەبێت و رێگە بە ئامادەبوونی میدیاکان نادرێت.
هەنگاوەکانی داهاتوو
پاش کۆتاییهاتنی دانیشتنەکە لە 8ـی تشرینی یەکەم، دەستەی دادوەرانی پێکهێنراو لەلایەن CASـەوە دەست دەکەن بە تاوتوێکردن و هەڵسەنگاندنی هەموو ئەو بەڵگە و دۆکیۆمێنتانەی لەلایەن سێنیگال، مەغریب و فیدراسیۆنی ئەفریقاوە پێشکەش کراون، دواتر لە وادەیەکی دیارینەکراودا، دادگاکە بڕیاری کۆتایی و بڕاوەی خۆی دەردەکات کە شایستەبوونی یەکجاریی جامی ئەفریقای 2025 دیاری دەکات.



