ئه‌مریکاگرنگترینمۆندیالی 2026

ئەرجەنتین لە بەردەم گۆڕانکارییەکی گەورەدا؛ ئاماژەکانی وازهێنانی مێسی لە زاری هاوڕێکەیەوە

پارێدێس باسی وازهێنانی مێسی، سکالۆنی و خۆی دەکات

Yariga App

یاریگا –

دوای گەڕانەوەی بۆ ئەرجەنتین و پەیوەندیکردنەوەی بە مەشقەکانی بۆکا جونیۆرزەوە، لیاندرۆ پارێدێس بڕیاری دا بێدەنگی بشکێنێت و لەسەر ئەو رووداوانەی لە یاریی کۆتایی مۆندیال روویاندا و هەروەها داهاتووی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین قسە بکات.

پارێدێس باسی لەو قۆناخە کرد کە پێدەچێت ئەرجەنتین وردە وردە لێی نزیک ببێتەوە؛ قۆناخی کۆتاییهاتنی سەردەمێکی زێڕین.

زنجیرەیەک وازهێنان و گومانەکان
یەکەم کەس کە بەفەرمی کۆتایی بە کاروانی خۆی هێنا، نیکۆلاس ئۆتامێندی تەمەن 38 ساڵ بوو، کە لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە وازهێنانی خۆی لە یاری نێودەوڵەتی راگەیاند.

لە لایەکی دیکەوە، لیۆنێل سکالۆنی راهێنەریش بە فرمێسکەوە ئاماژەی بە ماڵئاوایییەکی پێشبینیکراو کرد، هەرچەندە گوتی کە تاوەکوو کۆتایی گرێبەستەکەی لە مانگی کانوونی یەکەم دەمێنێتەوە، بەڵام تۆنی قسەکانی گومانێکی زۆری دروستکردووە کە گرێبەستەکەی نوێ ناکاتەوە.

خودی پارێدێسی تەمەن 32 ساڵیش گومانی لە داهاتووی خۆی هەیە و گوتی؛

زۆربەمان دەبێت بیر لەوە بکەینەوە بەردەوام دەبین یان نا، ئەم قۆناخە سەرسوڕهێنەر بوو، بەڵام قورسە بتوانیت بەم ئاستەوە بمێنیتەوە. دەبێت بیربکەینەوە و بڕیارەکان لەسەرخۆ بدرێن، ئێستا نازانم بەردەوام دەبم یان نا.

پرسیارە گەورەکە؛ داهاتووی مێسی
ئەگەرچی هەموو ئەمانە جێگەی بایەخن، بەڵام چاوی هەموو ئەرجەنتین لەسەر لیۆ مێسییە و ئەستێرە تەمەن 39 ساڵانییەکە هێشتا بەفەرمی هیچ شتێکی نەگوتووە، بەڵام پێدەچێت یارییەکەی ئیسپانیا کۆتا دەرکەوتنی بووبێت بە درێسی تابگۆوە.

لە کاتی مۆندیالدا چەندین ئاماژەی روون هەبوون؛ گۆرانییە نوێیەکەی هاندەران بە ناوی ئەستێرەی چوارەم باسی لەوە دەکرد کە دەبێت جامەکە ببرێتەوە ‘بۆ کۆتا مۆندیالی لیۆ’.

لاوتارۆ مارتینێز دوای یارییەکەی میسر رایگەیاند کە دەیانەوێت پاڵەوانێتییەکە ببەنەوە چونکە ئەمە کۆتا مۆندیالی کاپتنەکەیانە، هەروەها گولیانۆ سیمیۆنی دوای بردنەوەکەیان لە ئینگلتەرا لە قۆناخی پێش کۆتاییدا بە فرمێسکەوە گوتی؛

هیچ چارەیەکمان نییە جگە لەوەی هەموو شتێک بدەین و بۆ ئەو رابکەین.

لێدوانە یەکلاکەرەوەکەی پارێدێس لەسەر لیۆ
بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەستانە، پارێدێس بەم شێوەیە قسەی بۆ کەناڵی DSports کرد؛

ئازاربەخشە، چونکە پێم وایە لە تەواوی مۆندیالدا دەمانگوت: نەماندەویست کۆتا یاریی لیۆ بێت. بەڵام پێم وایە ئەو بڕیاری خۆی دابوو کە ئەوە کۆتا یاریی دەبێت لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانی، هیوادارم وا نەبێت و بەردەوام بێت، ئەوە بڕیاری خۆیەتی و ئەوەی ئەو بڕیاری لەسەر دەدات و دڵخۆشی دەکات، ئێمەش قبووڵی دەکەین.

ئێستا ئەرجەنتین رووبەڕووی کۆتایی قۆناخێکی لەبیرنەکراو دەبێتەوە؛ هەفتەکانی داهاتوو یەکلاییکەرەوە دەبن بۆ زانینی ئەوەی کام لەم ئەستێرانە بەردەوام دەبن، بەڵام بڕیارەکەی مێسی ئەو خاڵەیە کە زۆرترین دڵەڕاوکێی لای هاندەران دروست کردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button