ئه‌مریکاگرنگترینمۆندیالی 2026

دوای شکستەکەی مۆندیال؛ ئەرجەنتین سکاڵایەکی یاسایی بەرفراوان تۆمار دەکات

" دادگا وەڵامی هەڵمەتی چەواشەکاری دەداتەوە"

Yariga App

یاریگا –

دوای دۆڕانیان لە یاریی کۆتایی مۆندیالی 2026، ئەرجەنتین بەنیاز نییە بە بێدەنگی لاپەڕەکە لەسەر ئەو دەنگۆیانەی لەو ماوەیەدا بڵاودەکرانەوە، دابخات.

رۆژنامەی لا ناسیۆن بڵاویکردووەتەوە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەرجەنتین ئامادەکاری بۆ هێرشێکی یاسایی بەرفراوان دەکات دژی ئەو هەڵمەتی چەواشەکاری و زانیارییە هەڵانەی کە لە کاتی پاڵەوانێتییەکەدا کرانە سەر هەڵبژاردەکە و یاریزانەکانی.

کەشێکی دوژمنکارانە و لەدەستدانی نازناوەکە
دوای شکستی یاریی کۆتایی، ئەگەرچی کوڕەکانی لیۆنێل سکالۆنی لەلایەن بەشێک لە هاندەرانەوە پێشوازییان لێکرا، بەڵام بێهیوایی شکستەکە بەخێرایی تێکەڵ بە تووڕەییەکی گەورە بوو بەرامبەر بەو هەموو شتانەی دەوری کاروانەکەیانی دابوو.

بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە ئەرجەنتینییەکە، یاریزانەکانی ئەرجەنتین هەستیان دەکرد لە ژینگەیەکی دوژمنکارانەدا یاری دەکەن، کە پڕ بوو لە کێشە و مشتومڕی دەرەوەی یاریگا.

پاش فیکەی کۆتایی، ئەم هەستی نادادپەروەرییە هێندە گەورە بوو کە سەرکردەکانی فیدراسیۆنی ئەرجەنتینی ناچار کرد بیر لە وەڵامدانەوەیەکی بێوێنە بکەنەوە.

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان: گۆڕەپانی جەنگ و تیۆری پیلانگێڕی
لە ماوەی پاڵەوانێتییەکەدا، ئەرجەنتین خۆی لە ناوەندی چەندین مشتومڕدا بینییەوە؛ لە کێشەکانی نێو یاریگا و بڕیارەکانی ناوبژیوانەوە بگرە، تاوەکوو دەگاتە تۆمەتبارکردنی رەفتاری هەندێک یاریزان و رەخنەگرتن لە شێوازی یاریکردنیان بەوەی گوایە توندوتیژن.

سەرەڕای ئەمانە، شەپۆلێکی گەورەی بڵاوکراوەی تیۆری پیلانگێڕی سەبارەت بە فیفا بڵاوبوونەوە. لە کاتێکدا هەندێک دەیانگوت فیفا لایەنگریی ئەرجەنتین دەکات، هەندێکی دیکە پێیان وابوو ئەرجەنتین رووبەڕووی نادادپەروەری بووەتەوە.

بەرپرسانی ئەرجەنتین پێیان وایە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونە گۆڕەپانێکی دیجیتاڵیی شەڕ، کە تێیدا دەنگۆ، ڤیدیۆی دەستکاریکراو و گەورەکراو لە ئەندازەی خۆی و تۆمەتی بێبنەما بڵاوکرانەوە، بە گوتەی کەسە نزیکەکانی هەڵبژاردەکە، ئەم هەڵمەتە لە کۆنتڕۆڵ دەرچووبوو.

راوەدوونانی میدیا و ئینفلۆنسەرەکان لە دادگا
بەپێی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، فیدراسیۆنی ئەرجەنتین ئێستا کار بۆ وەڵامدانەوەیەکی یاسایی بەرفراوان دەکات؛ هەنگاوی یەکەم بریتییە لە سکاڵایەکی گەورە بە تۆمەتی ناوزڕاندن دژی ئەو هەڵمەتی چەواشەکارییەی کراوەتە سەر یاریزانەکان.

پرۆسەکە بەتایبەتی ئامانج لە سزادانی ئەوانەیە کە تۆمەتی درۆیان بڵاوکردووەتەوە و وێنە و ڤیدیۆی بێبەڵگە و دەستکاریکراویان بەکارهێناوە، چونکە بەرپرسانی فیدراسیۆنی ئەو وڵاتە پێیان وایە هێڵە سوورەکان بەزێنراون و دەیانەوێت قەرەبوو بکرێنەوە.

سکاڵاکە هەمووان دەگرێتەوە؛ لە دەزگا میدیاییە گەورەکانەوە تاوەکوو دەگاتە هەژمارە کاریگەرەکانی ئێکس، ئینستاگرام، و تیکتۆک، تەنانەت ئەو بەکارهێنەرە ئاساییانەش دەکرێنە ئامانج کە بەشدار بوون لە بڵاوکردنەوەی ئەو ناوەڕۆکە ناوزڕێنانە.

ئێستا تیمی پارێزەرانی فیدراسیۆنەکە سەرقاڵی کۆکردنەوەی وێنەی شاشە [سکرین شۆت]، ڤیدیۆ و هەر بەڵگەیەک دەبن کە لە دادگا سوودی لێ ببینرێت و چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا پێشهاتی نوێ لەم دۆسیەیە رووبدات.

بابەتی زیاتر

Back to top button