قرشە سپییەکە گڵۆپی سەوز هەڵدەکات؛ ریال مەدرید بەفەرمی دۆسیەی گواستنەوەی رۆدری دەکاتەوە
رۆردری لە گواستنەوەی بۆ ریال مەدرید نزیک دەبێتەوە

یاریگا –
لە چەند کاتژمێری رابردوو دۆسیەی گواستنەوەی رۆدری، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی مانچێستەر سیتی و باشترین یاریزانی مۆندیالی 2026 ،بۆ یانەی ریال مەدرید، ئاڕاستەیەکی تەواو جیاوازی وەرگرت.
دوای ئەوەی پێشتر یانەی شاهانە بیرۆکەی کڕینی ئەم یاریزانەی رەتکردبووەوە، لە چەند کاتژمێری رابردوودا دۆخەکە بە تەواوەتی پێچەوانە بووەتەوە.
بڕیارەکەی پیرێز و گۆڕانی هەڵوێستی ریال مەدرید
ماتیۆ مۆریتۆ، رۆژنامەنووسی باوەڕپێکراوی رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، فلۆرێنتینۆ پیرێز، لە بڕیاری پێشووی پەشیمان بووەتەوە و ئێستا بەتەواوەتی دەرگای بۆ گواستنەوەی رۆدری کراوەیە و ئێستا یانەی شاهانە لە دۆخی ‘رەتکردنەوەی بژاردەی رۆدرییەوە، راستەوخۆ چووەتە قۆناخی هەوڵدانی تەواو بۆ گواستنەوەی’.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، دانوستانەکانی نێوان کارگێڕیی ریال مەدرید و رۆدری لەسەر مەرجە کەسییەکان [مووچە و ماوەی گرێبەست] لە قۆناخێکی زۆر پێشکەوتوودان و هەردوولا لە گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی زۆر نزیکن.
En el Real Madrid se están replanteando internamente la situación de Rodri.
Tras su gran Mundial, una parte de la directiva presiona para llegar a un acuerdo con el centrocampista español, que se muestra totalmente abierto a volver a España, lo que siempre ha sido su prioridad.… pic.twitter.com/0gcTxmp0Mw
— Matteo Moretto (@MatteMoretto) July 21, 2026
هەڵوێستی رۆدری و کاردانەوەی مانچستەر سیتی
لهلایهكی دیکهوه، رۆدری خۆی ئارەزووی زۆری پەیوەندیکردن بە ریال مەدرید هەیە و خەونی یاریزانەکەیە، یانەی مانچێستەر سیتیشی لەوە ئاگادارکردووەتەوە کە دەیەوێت پەیوەندی بە پاشای ئەوروپاوە بکات.
کارگێڕیی مان سیتی، وەکوو رێزگرتنێک بۆ ئەو ساڵانەی کە رۆدری خزمەتی یانەکەی کردووە، بڕیاریان داوە هیچ رێگرییەک لەبەردەم خەونەکەی رۆدریدا دروست نەکەن و یانە ئینگلیزییەکە ئامادەیە رێگە بە رۆشتنی بدات و لە دانوستانەکانی داهاتوو کێشە بۆ ریال مەدرید دروست نەکات.
قۆناخی داهاتووی دانوستانەکان
هەرچەندە دانوستانەکانی نێوان ریال مەدرید و رۆدری لەسەر بەندە کەسییەکان لە کۆتاییدان، بەڵام تاوەکوو ئەم ساتە دانوستانی فەرمی لە نێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و مانچستەر سیتی دەستی پێ نەکردووە و چاوەڕوان دەکرێت راستەوخۆ دوای کۆتاییهاتنی رێککەوتنی یاریزانەکە لەگەڵ مەدرید، یانەی شاهانە یەکەم ئۆفەری فەرمیی رەوانەی مانچستەر بکات تاوەکوو بڕی تێچووی گواستنەوەکە یەکلایی بکەنەوە.



